زانیاریى هەڵە لە وەزیرى (پلاندانان !)ى حکومەتى هەرێمەوە، بۆچى؟
2020-10-17
420 جار خوێندراوەتەوە

لە بەرنامەى ڕووداوى ئەمڕۆ، ١٥ى ١٠ى ٢٠٢٠، وەزیرى پلاندانانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، د.دارا ڕەشید، باسى لە ئامارى هەژارى کرد لە هەرێمى کوردستان و بەبێ ئاماژەدان بە ساڵى وەرگرتنى ئەو ژمارە ئامارییە وتى: ڕێژەى هەژارى تەنها لەسەدا پێنج(٥%)ه، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە هەرگیز تەعبیرێکى ڕاستەقینە نییە لە دۆخى ئێستەى هاووڵاتیانى کوردستان و ژمارەى هەژارەکان چەند هێندە لەو ژمارەیە زیاترە، ئەى وەزیرى (پلاندانان !)ى حکومەتى هەرێم چۆن زانیارییەکى هەڵەى لەمجۆرە دەخاتە ڕوو کە دەبێتە هۆى شێواندنى ڕاستیەکان؟

بە پێى زانیاریى من ئەو ژمارەیەى هەژارى لە ساڵانى (٢٠١١ بۆ ٢٠١٣) وەرگیراوە، ئەو کاتەى کە بودجە لە بەغداوە دەهات و بە داهاتى ناوخۆو گومرگ و نەوتەوە حکومەت مووچەى مانگانەى بە پێى یاسا دابەش دەکرد، تەنانەت بۆ نزیکەى (١٠٠,٠٠٠) خێزان هەریەکەیان بڕى (١٥٠,٠٠٠)دینار بەناوى (مووچەى چاودێرى خێزان) خەرج دەکرا بەهۆى ئەوەى "هیچ مووچەو سەرچاوەیەکى داهات"یان نەبوو، ئامارو داتاکانیش تەنها کاتێک بەهایان هەیە و پشتیان پێ دەبەسترێت کە ئاماژە بە کات و ساڵى وەرگرتنیان بکرێت، ئەگەرنا نەوەک ڕاستى ڕوون ناکەنەوە، بەڵکو ڕاستى زیاتر ئەشێوێنن، بەتایبەت لە پرسێکى زۆر گرنگى وەک هەژاریى.

بەرپرسانى گەورەی حکومەت خراپى دۆخى دارایى هەرێم لەساڵانى (٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٠)و بەردەوام، بۆ شەڕى داعش و نەهاتنى بودجە لە بەغداو دابەزینى نرخى نەوت و بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا دەگەڕێننەوە، بەڵام سەیر لەوەدایە کە هەر ئەو پاساوانە نەبوونەتە هۆى ئەوەى حکومەت دان بەوەدا بنێت کە ڕێژەى هەژارى بەو هۆکارانە زۆر زیاتر بووەو ژمارەى ئەوانەى بە ئاسانى پێداویستى ڕۆژانەیان دەست ناکەوێت زۆر زیاتر بووەو بێکاریش بەهەمانشێوە.

بە پێى لێکدانەوە مەیدانییەکان، و هێندێک ئاماژە لە وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى، و دابەشنەکردنى مووچە وەک ئەوەى لە یاسادا هەیە، و بڕینى هاوکارى کۆمەڵایەتى نزیکەى (١٠٠,٠٠٠) خێزان لە مانگى (٨)ى ساڵى (٢٠١٥)ەوە، هەروەها دیقەتدان لە خەرجى هەر تاکێک لە کوردستان کە هێندێک داتا بە نزیکەى سەد هەزار دینار بۆ هەر تاکێکى لێکدەدەنەوە، دڵنیام ڕێژەى هەژارى لە هەرێمى کوردستان کەمتر نییە لە سەدا پانزە (١٥%)، ئەوە داتایەکى پشتڕاستکراو نیە، و لێکدانەوەى بەندەیە وەک شارەزایەکى موتەوازیعانە لە ئامارو پێنج ساڵ ژیانى مەیدانى لەگەڵ هەژارەکان، بۆیە دەڵێم ئەو ژمارەەو داتایانەى وەزیرو وەزارەتى پلاندانان بڵاویان دەکاتەوە ڕاست نین.

ئەوەى پرسیارەو لاى من وەڵامەکەى نادیارە ئەوەیە: کە چۆن وەزیرێکى حکومەتى هەرێم، بەو سادەییە، ئامارێکى ساڵى (٢٠١٢) لە (٢٠٢٠) بۆ ڕایگشتى دەخاتە ڕوو؟ ئایا ئەمە تەواوکارى ئەو ڕاستیە نییە کە هەتا ئێستاش گەورەترین کیشەى حکومەت ئەوەیە بە شێوەیەکى ڕاستەقینە ئاگادارى دۆخ و ژیانى خەڵک نیەو ناشیەوێت لەم ڕووەوە ڕاستییەکان بۆ دامەزراوەکان و ڕایگشتى بخاتە ڕوو؟ لە کاتێکدا سەرەتاى هەموو چارەسەرێک لە زانینى قەبارەى کێشەو گرفتەکان بەشێوەیەکى زانستى و ڕاست و دروست و دەستخستنە سەر برینەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 300,637     ژمارەی میوان 21