کەس و کاری‌ سەربەرزی‌ شەهیدان، خاوەنپێداویستی‌ تایبەت، و خانەنشینان، شایستەى ژیانێکى باشترن
2020-10-13
285 جار خوێندراوەتەوە
 
ئەندامێکی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان داوا دەکات تایبەتمەندی‌ بدرێت بە ژیان و بژێوی‌ کەس و کاری‌ سەربەرزی‌ شەهیدان و هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت و خانەنشینان، و حکومەت پابەندبێت بە باشکردنی‌ ژیانیان بەتایبەت خەرجکردنی‌ مووچەی‌ مانگانەیان بە پێی‌ یاساکان و دیاریکردنی‌ چارەنووسی‌ مووچەو هاوکارییەکانیان.
 
دەقی‌ یاداشتی‌ عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان لەبارەی‌ چارەنووسی‌ مووچەی‌ کەس و کاری‌ سەربەرزی‌ شەهیدان و هاووڵاتیانی‌ خاوەنپێداویستی‌ تایبەت و خاخەنشینان:
 
کەس و کاری‌ سەربەرزی‌ شەهیدان و هاووڵاتیانی‌ خاوەنپێداویستی‌ تایبەت و خانەنشینان، بە پێی بنەما یاسایی‌ و نیشتیمانی‌ و کۆمەڵایەتییەکان شایستەن بە ژیانێکی‌ زۆر باش بۆ خۆیان و منداڵەکانیان، ژیانێک کە هەموو بوارەکان بگرێتەوەو دەستبەری‌ تەواوی‌ پێداویستییەکانیان بکات، بەجۆرێک هەست بکەن حکومەت و وڵاتەکەیان ڕێز لە خەبات و کارو تێکۆشان و خزمەت و تایبەتمەندییان دەنێت، بەڵام بەداخەوە کەمتەرخەمی‌ زۆر هەیە دەرهەق بە ژیانی‌ ئەم چین و توێژانەی‌ کۆمەڵگە، بەتایبەت لە سەرەتاییترین مافدا کە مووچەی‌ مانگانەو سەرچاوەی‌ بژێوییانە، بەجۆرێک کە:
 
١ـ کەس وکاری سەربەرزی‌ شەهیدان کۆتا مووچەیان مووچەی‌ مانگی‌(١١)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٩)بووە.
٢ـ هاووڵاتیانی‌ خاوەنپێداویستی‌ تایبەت کۆتا مووچەیان مووچەی‌ مانگی‌ (٩)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٩) بووە.
٣ـ خانەنشینان کۆتا مووچەیان مووچەی‌ مانگی‌(٦)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٩) بووە.
 
بۆیە داوا دەکەم: بەڕێزتان لیژنەی‌ پەیوەندیدار ڕاسپێرن بە بەدواداچوونی‌ ئەم کێشە گەورەیەو پابەندکردنی‌ حکومەت بە خەرجکردنی‌ مافەکانی‌ کەس و کاری‌ سەربەرزی‌ شەهیدان و هاووڵاتیانی‌ خاوەنپێداویستی‌ تایبەت و خانەنشینان بە پێی‌ یاسا، و ڕوونکردنەوەی‌ چارەنووسی‌ مووچەکانیان بەتایبەت پاش بڕیاری‌ حکومەت لە گۆڕینی‌ دابەشکردنی‌ مووچەی‌ مانگی‌ (٤)ی‌ فەرمانبەران بۆ مووچەی‌ مانگی‌ (٩)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢٠)، و وەڵامدانەوەی‌ داواو خواستی‌ کەس و کاری‌ سەربەرزی‌ شەهیدان و منداڵ و هاووڵاتیانی‌ خاوەنپێداویستی‌ تایبەت و خانەنشینان.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
١٣ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢٠

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 299,674     ژمارەی میوان 2