داوامانکردووە لیژنەیەک بەدواداچوون بۆ کەیسی‌ دەستگیرکردنی‌ ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی‌ بکەن
2020-10-12
136 جار خوێندراوەتەوە
بە پێی‌ یاداشتێک، کە ژمارە (٣)ی‌ ڕۆژی‌ ١٢ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢٠ی‌ لەسەرە، عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان داوا دەکات سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان لیژنەیەک ڕاسپێرێت بۆ بەدواداچوونی‌ کەیسی‌ دەستگیرکردنی‌ ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)‌ و تیایدا داوا دەکات پێویستە هەرچی‌ زووە ئازاد بکرێت و بە پێی‌ یاسای‌ ڕۆژنامەگەری‌ مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان بکرێت.
 
لە یاداشتەکەی ئەو پەرلەمانتارەدا هاتووە: " بە پێی‌ حوکمەکانی‌ یاسای‌ ژمارە (٣٥)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٠٧)ی‌ ڕۆژنامەگەری‌ لە کوردستان، ڕۆژنامەنووس ئازادە لە دەربڕینی‌ بیروڕاو نابێت بەبێ ئاگاداری‌ سەندیکای‌ ڕۆژنامەنووسان و فەرمانی‌ دادوەر دەستگیر بکرێت و نابێت بەبێ ئاگاداری‌ سەندیکاکەی‌ هیچ ڕێکارێکی‌ یاسایی‌ لەدژ بگیرێتە بەر، هەروەها بە پێی‌ حوکمەکانی‌ یاسای‌ (اصول محاکمات جزائیه‌)، پێویستە پارێزەر بتوانێت ئەو هاووڵاتیە تۆمەتبارە ببینێت کە بووەتە پارێزەری‌ و ئاگاداری‌ ئەو تۆمەتانەبێت کە ئاراستەی‌ کراوەو ئاگاداری‌ دۆخ و ژیانی‌ بێت".
 
هەروەها لە یاداشتەکەدا عومەر گوڵپی‌ پێی‌ وایە:" بە پێچەوانەی‌ دەقە یاساییە بەرکارەکانەکەوە لە کوردستان کە ئازادی‌ بۆ هاووڵاتیان و ڕۆژنامەنووسان بەرقەرار دەکەن، ئەو ڕۆژنامەنووسە بەشێوەیەکی‌ ناشایستە دەستگیر کراوەو لەکاتی‌ دەستگیرکردنیدا هاوسەرو منداڵەکانی‌ ڕووبەڕووی‌ ترس و دڵەڕاوکێ کراونەتەوە، و تا ئێستا ڕێگە نەدراوە پارێزەرەکەی‌ بیبینێت و نازانێت لە چ شوێنێک ڕاگیراوەو ژیانی‌ لە چ دۆخێکدایە؟"
 
هەروەها لە یاداشتەکەدا هاتووە کە بەبێ بڕیاری‌ کۆتایی‌ دادگاو ساغبوونەوەی‌ هیچ تۆمەتێک لەسەری‌، ڕێکخەری‌ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی‌ حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان ناوی‌ زڕاندووەو کۆمەڵێک تۆمەتی‌ ئاراستەی‌ ناوبراو کردووە کە گوایە وتەی‌ ئەون لە بەردەم دادوەری‌ لێکۆڵێنەوەدا لە لێکۆڵینەوەی‌ سەرەتاییدا.
 
هەربۆیە ئەو پەرلەمانتارە داوا لەسەرۆکی‌ پەرلەمان دەکات: " لیژنەی‌ پەیوەندیدار ڕاسپێرن بە بەدواداچوونی‌ کەیسی‌ رۆژنامەنووس(شێروان شێروەندی‌) بەمەبەستی‌ پاراستنی‌ مافەکانی‌ وەک ڕۆژنامەنوس و هاووڵاتیەک، و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی‌ جەستەیی‌ و دەروونی‌ ناوبراو، هەروەها ئازادکردنی‌ بەزووترین کات، و ئەگەر تۆمەتێکیش ڕووبەڕووی‌ ناوبراو کراوەتەوە ئەوە بە پێی‌ یاسای‌ ڕۆژنامەگەری‌ و بنەماکانی‌ مافی‌ مرۆڤ مامەڵەی‌ لەگەڵ بکرێت و ئازادییەکانی‌ پێشێل نەکرێن و ڕووبەڕووی‌ توندوتیژی‌ نەبێتەوەو هاوسەرو منداڵەکانی‌ پارێزراو بن". 
 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 6
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net