بڕیارماندا سه‌نته‌ری‌ ڕاهێنانی‌ منداڵانی‌ ئۆتیزم ده‌ست به‌ كارو ده‌وام بکاتەوە
2020-08-31
31 جار خوێندراوەتەوە
لە ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتیەوە:
 
ڕۆژی‌ دووشه‌ممه‌، 31ی‌ 8ی‌ 2020، به‌سه‌رپه‌رشتی‌ به‌ڕێز م.عومه‌ر گوڵپی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ سلێمانی‌‌و ئاماده‌بوونی‌ به‌ڕێزان نوخشه‌ ڕه‌سوڵ، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كارگێڕی‌ دیوان‌و شێخ له‌تیف شێخ عه‌زیز، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ چاودێری‌ كه‌مئه‌ندامانی‌ سلێمانی‌‌و دڵسۆز نامیق، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌نته‌ری‌ ئۆتیزمی‌ سلێمانی‌‌و سروه‌ كازم‌و ژینۆ فایه‌ق، توێژه‌رو ڕاهێنه‌رانی‌ پێشكه‌وتووی‌ سه‌نته‌ر، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ ده‌وامی‌ سه‌نته‌ری‌ ئۆتیزم له‌ سلێمانی‌‌و لێكۆڵینه‌وه‌و گفتوگۆ له‌باره‌ی‌ ئه‌گه‌ره‌كانی‌ شێوازی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌و چۆنیه‌تی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخی‌ كۆرۆناو گرفته‌كانی‌ تری‌ په‌یوه‌ست به‌ ئه‌ركی‌ ڕاهێنانی‌ منداڵانی‌ ئۆتیزم.
 
پاش تاوتوێكردنی‌ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردرا ڕۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌، 6ی‌ 9ی‌ 2020 یه‌كه‌م ڕۆژی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌ركی‌ ڕاهێنانی‌ منداڵانی‌ ئۆتیزم بێت له‌ چوارچێوه‌ی‌ ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان‌و هه‌ل‌و مه‌رجی‌ نوێی‌ كاركردن پاش دۆخی‌ كۆرۆنا، ئه‌وه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ 12ی‌ 3ه‌وه‌ به‌هۆی‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ كۆرۆنا كاره‌كانی‌ ڕاگیرابوو.
 
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌موو ئه‌و گرفتانه‌ چاره‌سه‌ركران كه‌ ده‌بنه‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م كاره‌كانی‌ سه‌نته‌ر، هه‌روه‌ها پێشنیاری‌ سه‌نته‌ری‌ ئۆتیزم بۆ شێوازی‌ وه‌رگرتنی‌ منداڵان له‌ چوارچێوه‌ی‌ ڕێنمایی‌‌و سیستمی‌ سه‌نته‌ره‌كانی‌ ئۆتیزم‌و توانا دارایی‌‌و مرۆییه‌كانی‌ په‌سه‌ندكران.
 
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ ئاماده‌بووان‌و ستافی‌ سه‌نته‌ری‌ ئۆتیزم‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ چاودێری‌ كه‌مئه‌ندامانی‌ ڕاسپاردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و په‌ڕی‌ توانای‌ خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌باشی‌ سود له‌ توانای‌ ماددی‌‌و مرۆیی‌ سه‌نته‌ری‌ ئۆتیزم‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ وه‌ربگیرێت بۆ خزمه‌تكردنی‌ خانه‌واده‌ی‌ ئۆتیزم‌و ڕاهێنانی‌ منداڵه‌كانیان.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 9
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net