پێویسته‌ به‌رپرسانى حکومى‌ باشتر له‌ خواست‌و پێداویستی‌ خوێندكارانی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت تێبگه‌ن.
2020-08-20
99 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتیەوە:

ڕۆژی‌ چوارشه‌ممه‌، 19ی‌ 8ی‌ 2020، له‌ میانه‌ی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ بۆنه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌ خه‌ڵاتكردنی‌ شه‌ش‌ خوێندكار‌ی‌ نابینای‌ سه‌ركه‌وتوو له‌ قۆناغی‌ دوانزه‌ی‌ ئاماده‌یی‌‌و نۆی‌ بنه‌ڕه‌تی‌، م.عومه‌ر گوڵپی‌، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ سلێمانی‌ به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی‌ ڕاگه‌یاند:" هێشتا كێشه‌ی‌ زۆرمان هه‌یه‌ له‌ بواری‌ ڕه‌خساندنی‌ ده‌رفه‌تی‌ چونیه‌ك بۆ خوێندكارانی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت‌، و پێویسته‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ خوێندنی‌ باڵاو په‌روه‌رده‌ باشتر له‌ خواست‌و پێداویستی‌ خوێندكارانی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت تێبگه‌ن‌و ئاسانكاریی پێویستیان پێشكه‌ش بكه‌ن".
 
له‌و بۆنه‌یه‌دا، كه‌ ڕێكخراوی‌ ڕۆشنایی‌ دڵ بۆ خزمه‌ت سازی‌ كردبوو، و تیایدا شه‌ش خوێندكاری‌ نابینای‌ سه‌ركه‌وتووی‌ قۆناغه‌كانی‌ دوانزه‌ی‌ ئاماده‌یی‌‌و نۆی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ خه‌ڵاتكران، به‌ڕێز م.عومه‌ر گوڵپی‌ وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌شكردو له‌ وته‌كه‌یدا ستراتیجی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ خسته‌ڕوو كه‌ له‌ ڕوانگه‌ی‌ یاسای‌ ماف‌و ئیمتیازی‌ خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌ته‌كان ماوه‌ی‌ سێ ساڵه‌ كاری‌ له‌سه‌ر ده‌كات‌و له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی‌:" پێویسته‌ هه‌موو پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیچ بوارێكی‌ ژیان نه‌مێنێت كه‌ گونجاو نه‌بێت بۆ ژیانی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت، به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ده‌ستمانكردووه‌ به‌ كارێكی‌ پیرۆزی‌ له‌مجۆره‌و له‌ ئاینده‌دا به‌رهه‌می‌ زیاتری‌ ده‌بێت، به‌تایبه‌ت ڕه‌خساندنی‌ ده‌رفه‌تی‌ خوێندن له‌ قۆناغی‌ ئاماده‌یی‌‌و قۆناغه‌كانی‌ خوێندنی‌ باڵا یه‌كێك له‌ گرنگترین ئه‌ركه‌كانی‌ حكومه‌ت‌و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانیه‌تی‌".
 
هه‌ر له‌ باره‌ی‌ گرفتی‌ گه‌نجانی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت له‌ خوێندن، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ وتی‌:" ته‌نها به‌شێكی‌ كه‌می‌ كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ توانای‌ ماددیی حكومه‌ت‌و دامه‌زراوه‌كانه‌وه‌‌، به‌ڵكو به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ كێشه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ تێگه‌یشتنی‌ به‌ڕێوه‌به‌رو مامۆستاو به‌رپرسانی‌ خوێندنی‌ باڵاو په‌روه‌رده‌و هاووڵاتیانه‌وه‌یه‌ به‌ گشتی‌ بۆ مافی‌ گه‌نجانی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت له‌ خوێندن، به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ بۆ نابینایان كێشه‌كه‌ كه‌متره‌و ده‌رفه‌ت ڕه‌خسێنراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ گه‌نجان قۆناغه‌كانی‌ خوێندن ببڕن‌و كۆلێج‌و په‌یمانگا به‌ پێی‌ توانای‌ خۆیان ته‌واو بكه‌ن، به‌ڵام هێشتا ماوه‌ كه‌ ئاسانكارییان پێشكه‌ش بكرێت‌و نابینایان ڕووبه‌ڕووی‌ كێشه‌و گرفت نه‌بنه‌وه‌ له‌ كاتی‌ ده‌وام‌و خوێندنی‌ ڕۆژانه‌یان، به‌ڵام گرفتی‌ گه‌وره‌ له‌ بواری‌ نابیستاندایه‌ كه‌ تا ئێستا له‌ دوای‌ قۆناغی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ ده‌رفه‌تی‌ خوێندن نه‌ڕه‌خشاوه‌و ماوه‌ی‌ دوو ساڵه‌ له‌ سلێمانی‌ ته‌نها له‌ بواری‌ ئاماده‌یی‌ پیشه‌یی‌‌ كۆمپیتوته‌ردا ئێمه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ په‌روه‌رده‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان ڕه‌خساندووه‌، و له‌ له‌ هه‌ولێریش یه‌ك هه‌نگاو نراوه‌، هه‌ربۆیه‌ هێشتا پێویستمان به‌ كاری‌ زۆر زیاتره‌ تا گه‌نجان‌و منداڵانی‌ خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت به‌ مافی‌ سه‌ره‌تایی‌‌ خۆیان بگه‌ن كه‌ یه‌كێك له‌ مافه‌كانیان خوێندنه‌".
 
هه‌ر له‌و بۆنه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ پیرۆزبایی‌ له‌ خوێندكاره‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان كردو ئاماژه‌ی‌ به‌ تواناكانیاندا، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی‌ ڕوونكرده‌وه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ سه‌رقاڵی‌ ئاماده‌كارییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ مه‌ڕاسیمێكی‌ شایسته‌دا خه‌ڵات‌و ڕێزلێنان ببه‌خشێته‌ سه‌رجه‌م ئه‌و قوتابیه‌ خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌تانه‌ی‌ كه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ قۆناغی‌ دوانزه‌ی‌ ئاماده‌یی‌‌و نۆی‌ بنه‌ڕه‌تیان بڕیوه‌.
 
له‌و بۆنه‌یه‌دا، قوتابی‌، هه‌ژیر، كه‌ به‌ نمره‌ی‌ 95 توانیویه‌تی‌ قۆناغی‌ دوانزه‌ی‌ ئاماده‌یی‌ ببڕێت، وته‌یه‌كی‌ پێشكه‌شكردو تیایدا ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی‌ باسكرد كه‌ ڕۆژانه‌ هاتوونه‌ته‌ ڕێگه‌ی‌، له‌ هه‌مان كاتدا سوپاسی‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ كرد كه‌ هاوكارو پشتیوانی‌ بوون له‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ئه‌و نمره‌ به‌رزه‌.
 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 17
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net