زیان و مەترسى پاڵاوگەو کۆگای‌ سوتەمەنی‌ نایاسایى لەسەر ژیان‌و ژینگەی‌ کوردستان
2022-10-18
396 جار خوێندراوەتەوە
 
بەدواداچوون:
 
لە هەرێمی‌ کوردستان نزیکەی‌ (٢٠٠) پاڵاوگەو شوێنی‌ كۆگاكردن ‌و گواستنەوەی‌ سوتەمەنی‌ بوونیان هەیە، زۆرینەی‌ ئەم پاڵاوگەو شوێن‌و گۆڕەپانانە مۆڵەتی‌ یاساییان نیەو هیچ یاساو ڕێنماییەکی سەلامەتی و ژینگەییان لەسەر جێبەجێ ناکرێت، هەروەها مەترسییەکی گەورەن لەسەر ژینگەو ئاوی ژێر زەوی‌‌و کشت‌و کاڵ‌و ژیانی‌ هاووڵاتیان، کە بەمجۆرە دابەشبوون:
 
١ـ لە هەولێر:
لە سنوری پارێزگای‌ هەولێر، نزیکەی‌ (١٠٠) پاڵاوگەی‌ نایاسایی‌ هەن، لە ساڵی‌ (٢٠٢١)دا فەرمانگەی ژینگە توانیویەتی‌ بەدواداچوون تەنها بۆ نزیکەی‌ (٣٠) پاڵاوگەیان بکات، لەو ژمارەیە تەنها سیانیان ڕەزامەندی‌ ژینگەیان هەبووە!
 
٢ـ لە سلێمانی‌:
لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ (٤٤) شوێن‌و کۆگای‌ سوتەمەنی‌ هەیە کە مۆڵەتی یاسایی و ڕەزامەندی‌ ژینگەیان نیە.
 
٣ـ لە دهۆک:
لە سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆک، لە کۆی‌ (٤٨) پاڵاوگەو شوێنی‌ کۆگاکردنی‌ نەوت‌و سوتەمەنی‌ نزیکەی‌ (٣٦)یان هیچ مۆڵەتێکی‌ یاساییان نیەو لە دەرەوەی‌ یاساو رێنمایی و ستانداردەكانی سەلامەتی و ژینگە کار دەکەن.
 
لە سەرەتای‌ ساڵی‌ (٢٠٢١)، یاسای‌ ژمارە (٣)ی‌ تایبەت بە هاوردەكردن‌و عەمباركردن وفرۆشتنی بەرهەمە نەوتیەكان لەهەرێمی كوردستان دەرچوو، بە پێی‌ ئەم یاسایە دەبوو وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ڕێنمایی‌ تایبەت بە جێبەجێکردنی‌ ئەم یاسایە دەربکات‌و کۆتایی‌ بەم کارە نایاساییە مەترسیدارە بهێنێت، بەڵام هەتا ئێستا ئەو وەزارەتە لەم بوارە هیچ هەنگاوێکی‌ کرداری‌ نەهاویشتووەو زۆر كەمتەرخەم و بێباكە لە بەرانبەر ئەركە ڕاستەقینەكانیدا كە ئەم بابەتە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیانەوە.
 
مەترسی‌ پاڵاوگەو شوێن‌و کۆگاکانی‌ نەوت‌و سوتەمەنی‌ نایاسایی جیدیە لەسەر ژیان‌و ژینگەی‌ خەڵکی‌ کوردستان‌ و بەردەوامی‌ ئەم حاڵەتە ڕاستەوخۆ هۆکارە بۆ نەخۆشی‌ کوشندە بەتایبەت زیادبوونی‌ تووشبووانی‌ شێرپەنجە لە كوردستان، ئەمە لە كاتێكدا زۆرینەی ئەم پاڵاوگەو كۆگایانەی سوتەمەنی بەرپرسانی حزبەكانی دەسەڵاتیان لە پشتن، هەر بۆیە دەستی ئەم كەسانە بە فەرمانگەو فەرمانبەرێكی ژینگە ناشكێتەوە.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
١٨ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢٢

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 282,702     ژمارەی میوان 113