بەدواداچوون: داهاتى گومرگ زۆر زیاترە لەوەى ئاشکرا دەکرێت
2022-10-15
327 جار خوێندراوەتەوە
 
بە پێی‌ بەدواداچوونەکانمان، کۆی‌ گشتی‌ داهاتی گومرگ لە ساڵی‌ (٢٠٢١) بریتیبووە لە ( ١,٦٩١,٠٣٦,٢٢٥,٠٠٠ - یەک ترلیۆن و شەش سەدو نەوەدو یەک ملیارو سی‌ و شەش ملیۆن و دوو سەدو بیست و پێنج هەزار) دینار، واتە مانگانە نزیکەی‌ (١٤١ ملیار دینار)، بەڵام ئەمە هەموو داهاتی‌ گومرگ نیە لەو ساڵەداو بڕێکی‌ زۆر لە داهاتی‌ گومرگ ئەچێت بۆ ژمارەیەک کۆمپانیا لە خاڵە سنورییە گومرگییەکان‌و فرۆکەخانەکان.
 
ئەو داهاتەی‌ بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەچێت لە بەرانبەر ئەو کارانەی‌ دەیکەن لە نێوان (٧٠% تا ٩٥%)ی بۆ خۆیانەو تەنها رێژەی‌ (٥% تا ٣٠%)ی‌ بۆ حکومەت‌و خەزێنەی‌ گشتیە.
 
کاری‌ کۆمپانیاکان لە خاڵە گومرگییەکان (دەروازە نێو دەوڵەتیەکان‌و فرۆکەخانەکان)، بە پێی‌ یاساو ڕێنماییەکان نیەو هەر لایەنەی‌ دەسەڵات لە ڕێگەی‌ کۆمپانیاکانیانەوە بە قۆرخکاریی‌ دەستیان بەسەر برێک لە داهاتدا گرتووە، کە من بە (١٥٠ ملیار دینار)ی‌ مانگانە دەیخەمڵێنم.
 
بەمەبەستی‌ زانینی‌ داهاتی‌ ڕاستەقینەی‌ خاڵە گومرگییەکان، بە نووسراوی‌ ژمارە (٢٣٥) لە ٢٨ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢٢، داوامان کرد وەزارەتی‌ دارایی‌ زانیاریمان پێبدات لەسەر ئەو داهاتەی‌ ئەو کۆمپانیایانە بۆ خۆیانی‌ دەبەن، بەڵام هەتا ئێستا وەزارەت وەڵامی‌ ئەو پرسیارەی‌ نەداوەتەوە! لە کاتێکدا بەهۆی‌ وەڵامی‌ ئەو پرسیارەوە ئێمەو خەڵکی‌ کوردستان تێدەگەین داهاتی‌ ڕاستەقینەی‌ گومرگ چەندە؟ ئەمە بێجگە لە بەردەوامی‌ قاچاخچێتی‌‌و کاری‌ نایاسایی‌‌و لێبوردنی‌ گومرگی‌ نایاسایی‌ کە بوونەتە هۆی‌ ئەوەی‌ سەرەڕای‌ جوڵەی‌ زۆری‌ بازرگانی‌، بەڵام داهاتی‌ گومرگ هێشتا لە ئاستی‌ پێویستدا نەبێت.
 
لە پێنج ساڵی‌ ڕابردوودا، بە پاساوی‌ قەیرانی‌ دارایی‌، حکومەت نزیکەی‌ (٢١ ترلیۆن دینار) قەرزاری‌ هاووڵاتیان بووە، لەو بڕە پارەیە نزیکەی‌ دوانزە مووچەی‌ خانەنشینان‌و کەس‌و کاری‌ سەربەرزی‌ شەهیدان‌و هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت خەرج نەکراوە، کەچی‌ زۆر بێ باکانە تا ئێستاش بڕێکی‌ زۆر لە داهاتی‌ ئەم وڵاتە ئەکرێتە گیرفانی‌ حزبەکانی‌ دەسەڵات!
 
بوون‌و بەردەوامی‌ ژمارەیەکی‌ زۆر لە کۆمپانیای‌ سەر بە حزبەکانی‌ دەسەڵات، یان نزیک لەوان، کە بە نایاسایی‌‌و بەدەر لە ڕێنماییەکان کار دەکەن‌و پارە بۆ خۆیان کۆدەکەنەوە، دەرخەری‌ ئەو ڕاستیەیە کە لایەنەکانی‌ پێکهێنەری‌ حکومەت نایانەوێت هیچ هەنگاوێک بە ئاراستەی‌ باشکردنی‌ ژیانی‌ خەڵک هەڵگرن.
 
ئێمە بەردەوام دەبین لە بەدواداچوونی‌ پارەو قووت‌و مافی‌ خەڵک.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
١٥ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢٢

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 294,472     ژمارەی میوان 625