" نەبوونى یاساى بودجە واتە هەشت ساڵە حکومەت بەبێ پشتیوانى یاسا خەرجیەکانى دەکات"
2022-09-15
284 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەى هاووڵاتى، ڕۆژى چوارشەممە، ١٤ى ٩ى ٢٠٢٢:

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەكۆتایی نزیكدەبێتەوە، بەڵام تائێستا پرۆژەیاسای بودجەی نەناردووەتە پەرلەمان، ئەوە لەكاتێكدایە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لەوتاری دەستبەكاربوونیدا لەپەرلەمان رایگەیاند: كاری سەرەكیمان رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازییەو كار بۆ چەسپاندنی یاسا دەكەین، بەڵام بێ‌ ئەوەی یاسای بودجەی هەبێت مامەڵەی بەخەرجی و داهاتەوە كردووە،  پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: یاسای بودجە كۆتایی دەهێنێت بەنایاسایی و ناشەرعیی هەڵسوكەوت و مامەڵەكردنەی حكومەت بەداهات و خەرجییەكانی و  كاتێك حكومەت پڕۆژەیاسای بودجە نانێرێتە پەرلەمان ئەم حكومەتە هیچ دەسەڵاتێكی خەرجكردنی پارەی نیە.


لەماوەی 30 ساڵی تەمەنی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تەنها حەوت جار پڕۆژەیاسای بودجەی ناردووەتە پەرلەمان، لەكاتێكدا پێویستە ساڵانە پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکرێت.


عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری كوردستان لەفراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری و ئەندامی لێژنەی كاروباری دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند: » یاسای بودجە گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە ئەم نایاسایی و ناشەرعییەی هەڵسوكەوت و مامەڵەكردنەی حكومەت بەداهات و خەرجییەكانی كۆتایی پێدەهێنێت، لەبەرئەوە هیچ حكومەتێك دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی نیە تەنها لەچوارچێوەی بوددجە نەبێت، واتە دەبێ ساڵانە پەرلەمان لەڕێگەی یاسای بودجە دەسەڵات بداتە حكومەت، بۆیە كاتێك حكومەت پڕۆژەیاسای بودجە نانێرێتە پەرلەمان ئەوە راستەوخۆ ئەم حكومەتە هیچ دەسەڵاتێكی خەرجكردنی پارەی نیە، بۆیە ئەوەی دەكرێ لەدەرەوەی یاسایە، جگە لەمانەش ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجە هەبێت ئەوە تاڕادەیەك خەرجییەكان و داهات  شەفاف دەبێ و ژمێرەی كۆتاییش دەبێت، واتە لەكۆتایی ساڵ حكومەت لەڕوانگەی بەرنامەو پلانەكانی خۆیەوە پیشانی دەدات كەداهات و خەرجییەكانی فعلی لەهەرێمی كوردستان چەند بووە، بۆیە لەبەرئەوەی نۆ ساڵە حكومەت ئەم پڕۆژەیاسایەی نەبووە واتە ژمێرەی كۆتاییشی نییە».


دوایین جار كەحكومەتی هەرێم پڕۆژەیاسای بودجەی ناردووەتە پەرلەمان ساڵی 2013  بوو، كە بە 15 ترلیۆن و 257 ملیارو 849 ملیۆن دینار، خەملێندراوە.


ئەرشەد لۆلانی پەرلەمانتاری كوردستان لەفراكسیۆنی پارتی لەلێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت: «لەساڵی 2014وە بەهۆی شەڕی تیرۆریستانی داعش و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراق و هاتنی ڤایرۆشی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت ئەمانە هۆكاربوون كەحكومەتی هەرێم نەتوانێت ماوەی نۆ ساڵ پڕۆژە بودجە بنێرێتە پەرلەمان، بۆیە داهات و خەرجییەكان روون نەبوون و ئەو داهاتەشی هەبوو حكومەت خەرجی دەكرد».


لۆلانی كەهاوكات ئەندامی لیژنەی كاروباری داراییە وتی: «ئێمە لەلیژنەكەمان راپۆرتمان ئامادەكردووە لەسەر كۆی بابەتە داراییەكان لەم چوارچێوەیەش بودجەی تێدایەو هەركاتێك حكومەت پڕۆژە بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات ئەوە ئێمە ئامادەین بۆ تاووتوێكردن و گفتوگۆكردن لەسەری تاوەكو لەنزیكترین كاتدا پەسەند بكرێت».


هاوكات جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان داهات و خەرجی سێ‌ ساڵی رباردووی بڵاوكردەوەو دەڵێت: «كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم كە بریتین لە (نەوتی، نا نەوتی، تەمویلی عێراق‌و هاوپەیمانان) لەماوەی سێ ساڵی ڕابردودا بریتیە لە (46.3) ترلیۆن دینار».


وتیشی: «خەرجی حكومەتی هەرێم لەماوەی سێ ساڵی رابردودا كە بریتین لەموچەو خەرجیەكانی نەوت‌و بەكارخستن‌و وەبەرهێنان‌و كرێی وێستكەكانی كارەباو دانەوەی قەرز بریتیە لە ( 49.8 ) ترلیۆن دینار، و تێكڕای داهاتی نەوتی فرۆشراویش 55%ی بۆ وەبەرهێنان‌و كۆگاكردن‌و گواستنەوە خەرجكراوە لەو سێ ساڵەداو 45%یشی گەڕاوەتەوە خەزێنەی حكومەتی هەرێم.


ئەوان لەسەرەتای ئەم كابینەیە بابەتی یاسای بودجەیان بەگرنگ زانیوەو پێیانوایە بەشێكە لە چاكسازی و شەفافیەت، بەڵام گرفتیان لەوەیە كە حكومەتی عێراق بودجەی نییە، و لەسەرەتای ئەم كابینەیەوە ڕووبەڕووی چەندین گرفت بوونەتەوە، لەسەر فەرمانی  سەرۆكی حكومەت بەزووترین كات ئەم پڕۆژە یاساییە ئامادە دەكرێت بەپێی ئەو دۆخەی كوردستان و دەینێرین بۆ پەرلەمان»، جوتیار عادل وای وت.


لەبەرامبەردا شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتی  دواو دەڵێت:»وتەبێژی حكومەتی هەرێم خۆڵ دەكاتە چاوی گەلی كوردستان ئەم بیانوانە هیچ قبوڵكراو نیە، زۆرێك لەوڵاتان تووشی شەڕو كارەسات بوونە، بەڵام پڕۆژەیاسای بودجەشیان هەبووەو داهات و خەرجییەكانی خۆیان رێكخستووە، بۆیە بیانوی حكومەت كە باس لەشەڕی داعش و كۆرۆنایە ئەمانە ساڵێك دووان بوونە، ئەی بۆ زیاتر لەهەشت ساڵە پڕۆژەیاسای بودجە نانێرێتە پەرلەمان، بۆیە بیانوویەكانیان بۆ پەردەپۆشكردنی دوو ئیدارەیی و گەندەڵیە».


وتیشی: «نەناردنی پڕۆژەیاسای بودجە پەیوەندی بەگەندەڵیەوە هەیە چونكە بەشێكی زۆری داهاتی هەرێمی كوردستان دیارنامێنێت، حكومەتی هەرێم بەنایاسایی داهات و خەرجییەكان بەڕێوەدەبات كەئەمە لەوڵاتان حكومەتی پێ هەڵدەوەشێندرێتەوە، بەڵام بەداخەوە لەهەرێمی كوردستان یاسا سەروەرنیە».


بیلال سەعید، بەڕێوەبەری ئینستیۆتی ئابووری بەژمارە، بەهاوڵاتی راگەیاند: نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمان پرسێكی زۆر كاریگەرەو رەنگدانەوەی سلبی لەسەر كۆی پرسە ئابوورییەكان لەناوخۆی كوردستان و تەنانەت دەرەوەش هەبووە، بۆیە هەر جۆریك لەدواخستن و رەوانە نەكردنی كاریگەری تەنانەت لەسەر بەشداری نەكردنی هاووڵاتیان لەهەڵبژاردنەكان دەبێت و جۆرێكە لەپاشەكشەی دیموكراسی لەبەرئەوەی رۆڵی هاووڵاتی كەمدەكرێتەوەو بەبێ حسابكردن بۆ پەرلەمان كەدامەزراوەی یاسادانانەو هاووڵاتیان دەنگیان بۆ ئەوە داوە كەنوێنەرایەتیان بكات، یەكێك لەبابەتەكان دیاریكردنی پشكی دارایی و جۆری خەرجییەكانە كەئەویش لەڕێگەی یاسای بودجەوە دەردەكەوێت».


وتیشی: ئێستا هاووڵاتیان خراونەتە دەرەوەی هاوكێشەی بەشداریپێكردن لەڕێگەی نوێنەرەكانیانەوە، بۆ ئەوەی ئەم هاوكێشەیە راستبكرێتەوە زۆر گرنگە پەڕەی دارایی ساڵانی رابردوو ئامادەبكرێت و بۆ ئێستاش پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بكرێت، چونكە پێویستە ساڵانە پێش ١٥ی ئۆكتۆبەر  پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی  داهاتوو رەوانەی پەرلەمان بكرێت».


ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: بەدڵنیایەوە هەر دواخستن و رەوانەنەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان جوڵەی ئابووری رووبەڕووی وەستان دەكاتەوە».
هەر سەبارەت بەنەبوونی یاسای بودجە لەهەرێمی كوردستان، بێستون فایەق پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان پێیوایە یەكێك لەكۆڵەكەكانی بەڕێوەبردنی هەموو سیستمێكی دارایی و حوكمداری، رێكسختنی خەرجی و داهاتەكانە لەشێوەی پرۆسەیەكی پەسەندكراو كەپێی دەوترێ یاسا، واتە ساڵانە چەند پارەت دەستدەكەوێت و چەندیش خەرج دەكرێت ئەوە لێكدەدرێت، ئەمە پێی دەوترێ یاسای بودجە، بەمەش كۆمەڵێك قۆناغی ورد دەبڕێت بەجۆرێك شەفافیەت دروستدەكات و گەندەڵیش كەمدەبێتەوەو بەپێی گرنگی و تایبەتمەندی ناوچەكە پڕۆژەكان دیاری دەكرێت.


وتیشی:» هەموو وڵاتێك بودجەی هەیەو ساڵانە لەڕێگەی پەرلەمانەكەیەوە داهات و خەرجییەكانی دیاریدەكرێت، بەڵام بەپێچەوانەی هەموو وڵاتێك سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەمیزاج و بارودۆخی سیاسی و ویستی خۆی پارە تەرخاندەكات، جا بۆ هەركوێیەكی كوردستان بێت، بەڵام ئەگەر یاسای بودجە هەبێت ئەوە ئەم تەرخانكردنانە رێكدەخات، بەمەش دادپەروەری بۆ هەموو ناوچەكانی كوردستان دەستبەردەكرێت، بەڵام ئێستا ئەوەی هەیە دەسەڵاتی تەواوەتی لای سەرۆكی حكومەتە و رۆژانەش نووسراوە فەرمییەكانی خودی سەرۆكی حكومەت ئەمە پشتڕاست دەكاتەوە».


بێستون فایەق دەڵێت:»نەناردنی پڕۆژە بودجە بۆ پەرلەمان، هیچ پەیوەندی بەحكومەتی عێراقەوە نییە، خۆئەگەر پارە لەعێراقیشەوە بێت ئەوە بەشە بودجەی كوردستان، دیسان دەبێ یاسای بۆ دەربكرێت، بۆیە ئەمەی بەغدا بیانوویەكی زۆر لاوازە».


لەكاتێكدا كە پرۆژەیاسای بودجە نیە كەس نازانێت  داهات و خەرجییەكان چۆن بەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و ناوچەكان دابەشدەكرێت.
عومەر گوڵپی هەر لەو لێدوانەیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت:» ئەگەر یاسای بودجە هەبوو تەرخانكردنی پارە بەمیزاجی نابێت و دادپەروەرانە بەسەر سێكتەرەكان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دابەشدەكرێت، لەهەمووی گرنگتر ئەگەر پڕۆژەیاسای بودجە هەبوو ئەوە دەردەكەوێت كەحكومەت بەرنامەو پلانی دارایی و ئابووری هەیە، مادام ئەم پڕۆژەیاسایە نییە ئەوە حكومەت هیچ بەرنامەو پلانی نییەو لەدۆخێكی ئاڵۆزدایە».


وتیشی: ئێستا هەرێمی كوردستان بەبێ بەغدا دەتوانێت هەموو خەرجییەكانی دابین بكات، چونكە داهاتی فعلی هەیە، بۆیە پێویستە لەچوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجە داهات و خەرجییەكانی رێكبخاتەوە.


ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: « هۆكارێك نییە ماوەی نۆ ساڵ حكومەتێك لەسەر یەك پڕۆژە یاسا نەنێرێتە پەرلەمان، بۆیە تەنهاو تەنها شكستی ئەوەیە ئەم حكومەتە شایستەی ئەوەنیە كە ئەمانەتداری و حوکمداری لەئەستۆدابێ».


لەكابینەی نۆیەمدا چەند جارێك حكومەت بەڵێنیداوە پرۆژەیاسای بودجە دەنێرنە پەرلەمان بەڵام بەڵێنەكەی خۆیان جێبەجێ‌ نەكردووە.
نەبوونی یاسای بودجە لەماوەی كابینەی نۆیەمدا لەكاتێكدایە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەڕۆژی دەستبەكاربوونی لەپەرلەمانی كوردستان لە  10/7/2019 رایگەیاند: «كاری سەرەكیمان رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاكسازیی و چەسپاندنی یاسایە». بەڵام لەماوەی كابینەكەیدا بەبێ‌ بوونی یاسای بودجە مامەڵەی بەداهات و خەرجییەوە كردووە.


حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها لەساڵەكانی (1993، 1996، 1997، 2001، 2007، 2008، 2013) پڕۆژەیاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كردووە.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,068     ژمارەی میوان 145