سکاڵای یاسایی لە دژی نەبوونی پارە لە بانکەکانی سلێمانی تۆمار دەکرێت
2022-08-29
196 جار خوێندراوەتەوە
 
رووداو - هەولێر
 
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان سکاڵای یاسایی لەسەر نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی تۆماردەکات و دەڵێت: "دەبێت حکومەت دەسەڵاتی خۆی بۆ داهات لە زاخۆوە بۆ خانەقین وەکو یەک بەکاربهێنێت".
 
رۆژی یەکشەممە 28ـی ئابی 2022، عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەگەر کێشەی نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانیدا چارەسەر نەکرێت، بۆ مووچەی مانگی ئاب جارێکی دیکە کێشەی دواکەوتن و نەمانی پارە بۆ مووچەخۆران سەرهەڵدەداتەوە".
 
عومەر گوڵپی کە ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەرییە لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوەش كرد، مانگانە لە پارەی مانگی دواتر مووچەی مانگانەی سلێمانی تەواو دەکرێت و گوتیشی: "ئەو شێوازەی تەواوکردنی پارەی مووچەی سلێمانی لە کۆتایی ساڵدا کێشەی گەورەی نەمان و کەمبوونەوەی پارە دروست دەکات".
 
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان دەڵێت، نەبوونی‌ پارە لە بانکەکان کێشەیەکی‌ زۆر گەورەی‌ بۆ دانیشتووانی‌ سنووری‌ پارێزگاکانی‌ سلێمانی ‌‌و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان ‌و راپەڕین دروستکردووە. گوتیشی: "بە نووسراوی ژمارە 190 لە داواکاری‌ گشتیی‌ سلێمانی‌ سکاڵای یاساییمان جووڵاند بۆ گرتنەبەری‌ رێوشوێنی‌ یاسایی‌ لە دژی‌ هەرکەس و دامەزراوەیەک کە بووبێتە هۆی‌ نەبوونی‌ پارە لە بانکەکانی‌ سلێمانی‌ و دروستبوونی‌ ئەم گرفتە بۆ هاووڵاتییان و مووچەخۆران و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان".
 
سەبارەت بە چارەسەرییەکان، گوڵپی دەڵێت: "دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی خۆی بۆ کۆکردنەوەی داهات لە زاخۆوە بۆ کفری وەکو یەک بەکاربهێنێت کە تائێستا لە ناوچەکانی سلێمانی دەسەڵاتی نەبووە، چونکە دەبینین کێشە بۆ مووچە لە سنووری هەولێر و دهۆک وەکو ناوچەکانی سلێمانی دروستنەبووە".
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە کۆتایی خشتەی وەرگرتنی مووچەدا، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین کێشە بۆ مووچەخۆران دروستدەبێت و بەرپرسانی ناوچەکەش دەیگەڕێننەوە بۆ نەبوونی پارە لە بانکەکاندا؛ مووچەی مانگی تەممووز دابەشکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت.
 
لینکى هەواڵەکە لە ڕووداو:

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,601     ژمارەی میوان 260