پێشوازى لە کۆمەڵەى قوربانیانى هەڵەبجەو پشتیوانى لە داوا ڕەواکانیان
2022-07-20
283 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژى چوارشەممە، ٢٠ى ٧ى ٢٠٢٢، لەگەڵ بەڕێز خاتوو سەرچنار ئەحمەد، لە نووسینگەى هەڵەبجەى شەهیدى پەرلەمانى کوردستان، پیشوازیمان لە بەرێزان سەرۆک و ئەندامانى دەستەى گشتى کۆمەڵەى قوربانیانى کیمیاییبارانى هەڵەبجەو ژمارەیەک لە بریندارانى چەکى کیمیایى کرد.

ئامانجى سەردانەکە، گەیاندنى ناڕەزایى و نیگەرانى قوربانى و بریندارانى چەکى کیمیمیایى بوو لە کارو ئەداى حکومەت و فەرامۆشکردنیان لەلایەن دامەزراوەکان و ساریژ نەکردنى برینەکانیان و بڕینى مینحەکانیان بەناوى یاساى چاکسازییەوە.

لەو دیدارەدا پشتیوانى خۆمان بۆ داوا ڕەواکانیان دەربڕى و جەختمان کردەوە لەوەى بە دەرچوونى یاساى ماف و ئیمتیازى بریندارو بەرکەوتووانى چەکى کیمیایى دەتوانرێت مافەکانى بریندارو قوربانیانى چەکى کیمیایى بە یاسایى بکرێن کە لە مانگى سێى ئەمساڵ پێشکەشکراوە، هەروەها لەڕێگەى سەرۆکایەتى و لیژنە پەیوەندیدارەکان و سەردانى مەیدانیشەوە هەوڵدەدەین و فشار دەکەین بۆ ئەوەى حکومەت و دامەزراوەکانى بە ئەرکى سەشانیان هەستن لە خزمەتکردنى قوربانیان و بریندارانى چەکى کیمیایى کە ناسنامەى ستەملێکراوى گەلى کوردن.

 

پوختەى داواکارى کۆمەڵەى قوربانیان پێکهاتبوو لە:

١ـ تەرخانکردنى بودجەى پێویست بۆ چارەسەرى بە پەلە بۆ ژمارەیەک لە بریندارانى چەکى کیمیایى لە دەرەوەى وڵات.

٢ـ چارەسەرکردنى کێشەى بڕینى مینحەى بریندارانى چەکى کیمیایى بەناوى یاساى چاکسازییەوە.

٣ـ نەخۆشخانەى بەرکەوتووانى چەکى کیمیایى وەک بەناوەکەیدا دیارە هەر بۆ ئەرکە سەرەکییەکەى بێت و بودجەى پێویستى بۆ تەرخان بکرێت.

٤ـ پڕۆژەیاساى دادپەروەرى تاوانى نێودەوڵەتى کە ماوەیەکى زۆرە پێشکەش بە پەرلەمان کراوە لە زووترین کاتدا پەسەند بکریت.

٥ـ پێشنیارە یاساى ماف و ئیمتیازى بریندارو بەرکەوتووانى چەکى کیمیایى بە زوویى لە پەرلەمان پەسەند بکرێت.

٦ـ پیچاچوونەوە بە دۆسیەو داواکارى بریندارانى چەکى کیمیایى و وەلانانى هەر ناوێک بە ناڕەوا تۆمارکرابێت.

 

عومەر گوڵپى

ئەندامى پەرلەمانى کوردستان

٢٠ى ٧ى ٢٠٢٢


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,430     ژمارەی میوان 244