بەدواداچوون بۆ کێشەى ئاوى چەمچەماڵ و بڕیارەکانى حکومەت بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە
2022-06-19
258 جار خوێندراوەتەوە
خەڵکی چەمچەماڵ تینون و هەموو بڕیارەکانى حکومەت تا ئێستا یەک لیتر ئاوی بۆ دابین نەکردوون!
 
بەدواداچوون:
 
لەسەر بێئاوی‌ قەزای‌ چەمچەماڵ، ساڵی‌ پار بەدواداچوونی‌ زۆرمان کرد، کۆتا بەدواداچونیان بریتیی‌ بوو لە یاداشتێک بە واژۆی‌ (٢٦) پەرلەمانتار لە ١ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢١ کە تیایدا هۆشداری‌ خراپی‌ دۆخەکەمان دابوو، داواشمان کردبوو بە زوویی‌ حکومەت بەدەم کێشەکەوە بچێت، بەڵام لەو بەروارەوە تا ئەمڕۆ، کە ئەکاتە یەک ساڵی‌ تەواو، تەنها یەک لیتر ئاو بەهۆی‌ بڕیارەکانی‌ حکومەتەوە نەچووەتە تەنکی‌ ئاوی‌ هاووڵاتیانی‌ قەزاکە!
 
بە پێی‌ بڕیاری‌ سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران، بڕی‌ (٧ ملیار) دینار تەرخانکرا بۆ لێدانی‌ (١٠) بیرو دانانی‌ یەکەی‌ پاڵاوتن و ڕاکێشانى بۆرییەکى سەرەکى بە درێژى (پێنج کیلۆ مەتر) بە تیرەى (٣٠٠ ملم) و چاککردنەوەى بۆرى گوێزەرەوەى ئاوى سەرەکى، بە پێى وەڵامى وەزارەتى شارەوانى بۆ داواکەى ئێمە بە نووسراویان ژمارە (١٦٥) لە (٣ى٣ى٢٠٢٢) تا ئێستا ئەم پڕۆژەو بڕیارە لە قۆناغی‌ تەندەریندایە، لە کاتێکدا ئەمە چارەسەرو بەدەمەوە هاتنی‌ خیراو پلانی‌ کورتخایەن بوو!
 
هەروەها بە نووسروی‌ ژمارە (٥٥٠١)ی‌ سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران لە (١٢ی‌ ٤ی‌ ٢٠٢٢)، بڕی‌ (٧٠,٠٤٥,٠٠٠) دۆلار تەرخانکرا بۆ پرۆژەی‌ ئاوی‌ (گۆپتەپە - چەمچەماڵ) بە توانای‌ (٣,٠٠٠ مەتر سێجا/ سەعات) وەک پلانی‌ دریژ خایەن و چارەسەرى ستراتیجى کێشەکە، بەپێی‌ زانیاریی‌‌و بەدواداچوونی‌ ئێمە، ئەم بڕیارەش هیچ هەنگاوێکی‌ نەهاویشتووە بە ئاراستەى جێبەجێکردن، لە کاتێکدا ئەمە جاری‌ چەندەمینە ئەم بەڵێن‌و بڕیارە ئەدەن‌و پارەی بۆ ئەم پڕۆژەیە بۆ تەرخان دەکەن‌و هیچ شتێک لەسەر ئەرزی‌ واقیع ناچێتە بواری‌ جێبەجێکردنەوە!
 
خەڵکی‌ چەمچەماڵ بێ ئاوە، لە هاویندا زۆرینەی‌ گەڕەکەکانی‌ دوو هەفتە جارێک ئاویان پێدەگات، ئەمە کێشەیەکی‌ گەورەیە، کێشەى نزیکەى (٢٠٠ هەزار )هاووڵاتى قەزاکەیە، بۆ چارەسەری‌ ئەم کێشەیە پێویستە سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران‌و جێگری‌ سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران، ئەم کێشەیە بەهی‌ خۆیانە بزانن، پارەی‌ بۆ تەرخان بکەن‌و بەشێوەی‌ ڕاستەقینە بەدەم داوای‌ خەڵکەوە لەو قەزایە بچن و بڕیارەکانی‌ خۆیان جێبەجێ بکەن‌و ژیانی‌ خەڵک نەکەنە قوربانی‌ ململانێی‌ سیاسی‌ نێوان حزبەکانی‌ دەسەڵات، ئەگەرنا دۆخەکە خراپتر دەبێت.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
١٩ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢٢

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,892     ژمارەی میوان 144