دەردو بەڵای بێکاری گەنجان
بە پێی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی و هەڵهێنجان لە ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی (٦٠٠,٠٠٠) هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان بێکارن، لەو ژمارەیە نزیکەی (٤٠٠,٠٠٠)یان گەنجانی تەمەن (١٦ بۆ ٢٤) ساڵن!
زیاتر لە هەشت ساڵە دامەزراندن لە کەرتی گشتی ڕاگیراوە(ژمارەیەکی زۆر کەم نەبێت)، هەر لەو ماوەیە نزیکەی (٣,٥٠٠) پرۆژە وەستاون کە بەهۆی وەستانی ئەو پڕۆژانەوە هەزاران هاووڵاتی بێکارن بوون، بەهۆی خراپ دابەشکردنی مووچەو بەردەوامی قۆرخکارییو دەستگرتن بەسەر بازرگانیو بازاڕدا لەلایەن کۆمپانیاکانی حزبەکانی دەسەڵات و زیادکردنی باج و ڕسوماتیشەوە جوڵەی بازاڕ بە ئاستێکی زۆر خراپ دابەزیوە، هەموو ئەمانەش بێکاری زیاتر بەدوای خۆیاندا دەهێنن.
پاڵپشت بە ماددەی (٦٦) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، بە واژۆی (٣٥) ئەندامی پەرلەمان بە نووسراوی ژمارە(١٧٣) لە ڕۆژی (٦ی ٦ی ٢٠٢٢)، داوامان کرد پەرلەمان دانیشتنێکی تایبەت ئەنجامبدات بۆ گفتوگۆی کێشەی بێکاری بەتایبەت بێکاری گەنجانو وەڵامدانەوەی داوای ڕەوای گەنجان بۆ (دامەزراندن) یان ڕەخساندنی (هەلی کار) لە کەرتی تایبەت، بە ئامادەبوونی وەزیرانی (پلاندانان، ڕۆشنبیریو لاوان، کارو کاروباری کۆمەڵایەتی).
ڕەخساندنی هەلی کاری شایستە، بێجگە لەوەی مافی هەر هاووڵاتیەکە لە تەمەنی "کار"دا، لە هەمانکاتدا لێکەوتەو دەرهاویشتەکانی بێکاری تەنها بۆ بێکارەکان ناگەڕێتەوەو بەڵای بێکاری تەنها گیرفانی خاڵی کەسی بێکار بەدوای خۆیدا ناهێنێت، بەڵکو زۆرێک لە گرفت و نەخۆشییە کۆمەڵایەتیەکان، پاڵنەرو هۆکارەکەیان بێکارییە، بۆیە هەتا ڕۆژێک زووتر بە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە کاربکرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەم بەڵا مەترسیدارە، باشترە.
عومەر گوڵپی
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
٩ی ٦ی ٢٠٢٢