هاوینی ئەمساڵ بێئاوی زۆربەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
2022-06-08
183 جار خوێندراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
 
کەمیی بارانبارین و دابەزینی ئاوی ژێر زەوی، بەشێک لەو بیرانەی وشک کردووە، کە دەیان ساڵە سەرچاوەی سەرەکیی هاونیشتمانییان بوون بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیان. جێگری پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگاکەیان 50%ی بیرەکانیان وشکیان کردووە، قایمقامی چەمچەماڵیش دەڵێت، هاوینی ئەمساڵ 14 رۆژ جارێک ئاو بە هاونیشتمانییان دەدەن. لە دهۆکیش هەمان کێشە هەیە و بەڕێوەبەری ئاوی پارێزگەکە، پێشبینی دەکات هاوینی ئەمساڵ نەتوانن بەبێ کێشە کەمئاوی تێبپەڕێنن.
 
هەولێر چارەسەر بۆ وشکبوونی 50%ی بیرەکانی دەدۆزێتەوە
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی حوزەیرانی 2022 هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر لەبارەی کێشەی کەمئاوی و وشکبوونی بیرەکانیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاستی ئاوی ژێر زەوی نزیکەی 12 مەتر دابەزیوە، بەهۆیەوە نیوەی ئەو بیرانەی لە شارەکە هەن وشکیانکردووە. دەشڵێت، "شوێن هەیە لە هەولێر تاوەکو 400  مەتر دابەزیوە."
 
جێگری پارێزگاری هەولێر، کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبا بە هۆکاری سەرەکی دەزانێت لە دابین نەکردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان، کە نزیکەی دوو هەفتەیە چەند گەڕەکێکی شارەکەی گرتووەتەوە. بە گوتەی جێگری پارێزگاری هەولێر، 90%ی بیرەکانی هەولێر لەڕێگەی کارەباوە دەتوانن ئاو بگەیێننە ماڵان، ئێستا کارەبای نیشتمانی نزیکەی 12 کاژێرە، ئەمە وادەکات لە کاتی نەبوونی کارەبادا وەکو پێویست ئاو نەگەیێندرێتە هاونیشتمانیان.
 
هێمن قادر ئاماژە بەوەش دەکات، لەڕێگەی موەلیدە ئەهلییەکانەوە توانیویانە کارەبا بگەیێننە 60 بیر، بەڵام هێشتا 100 بیری دیکە ماون کارەبایان پێبگەیێندرێت.
 
لە هەولێر دەست لێدان و هەڵکەندنی 138 بیر دەکرێت
 
رۆژی 6ی نیسانی 2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر بودجەی بەگەڕخستنی وەزارەتی شارەوانی، بڕیاریدا بە خەرجكردنی حەوت ملیار و 654 ملیۆن و 590 هەزار و 686 دینار بۆ لێدان و هەڵكەندنی ژمارەیەك بیری ئاوی خواردنەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی.
 
سەبارەت بە لێدانی ئەو بیرە نوێیانە، جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "تاوەکو ئێستا 12 بیری نوێ لە هەولێر لێدراون، بەشێکیان وەکو بیری جێگرەوەن بۆ بیرە وشکبووەکان، هاوکات لە دەوروبەری شارەکەش دەستکراوە بە هەڵکەندنی 15 بیر."
 
کەی ئیفرازی چوار جێبەجێ دەکرێت؟
 
جگە لە بیرەکان، ئاوی خواردنەوەی شاری هەولێر لەڕێگەی پرۆژەی ئاوی ئیفرازەوە دابیندەکرێت، کە سەرچاوەکەی زێی گەورەیە. تاوەکو ئێستا پرۆژەکانی ئیفراز یەک، دوو و سێ جێبەجێ کراون. بڕیاربوو پڕۆژەی ئیفراز چواریش جێبەجێ بکرێت، بەڵام نزیکەی حەوت ساڵە کارەکانی وەستاوە.
 
هێمن قادر لەڕێگەی رووداوەوە ئەوەی خستەڕوو، "لە ساڵی 2015وە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا کراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و نەمانی بودجە و هاتنی شەڕی داعش و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا نەتواندراوە جێبەجێ بکرێت."
 
جێگری پارێزگاری هەولێر هۆشداری دەدات و دەڵێت، "ئەگەر دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە نەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبینەوە و بە هەڵکەندنی دەیان بیری دیکەش کێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر نابێت."
 
لە دهۆک گرفتی کەمئاوی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە کەمترە
 
لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە کێشەی کەمئاوی کەمترە. شارەکە زیاتر پشت بە رووباری دیجلەوە دەبەستێت بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان.
 
ڤەگێر ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری ئاوی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، لە سنوورەکەیان 160 بیری ئاو هەن، 65 یان لە ناوەندی شارەکەیە.
 
بەڕێوەبەری ئاوی دهۆک باسی لەوەش کرد، "بە شێوەیەکی سەرەکی سەرچاوەی ئاوی دهۆک رووباری دیجلەیە، بەڵام پشت بە بیری ئاویش دەبەستین و لەو 40 بیرەی لە شارەکە هەیە 15 بیر پێویستیان بە کارەبایە و لەڕێگەی کارەبای موەلیدەشەوە ئەو کاژێرانەی کارەبا قەرەبوو دەکەینەوە، کە کارەبای نیشتمانییە."
 
هەر لەبارەی گرفتی کەمئاوی ڤەگێر ئەحمەد حەلی ئاماژە بەوەش دەکات، گرفتی ئاویان بە شێوەیەکی کەم هەیە و پێشبینی دەکەن مانگی حەوت و هەشت گرفتی ئاویان بۆ دروست ببێت.
 
کێشەی ئاو لە دەربەندیخان
 
سەرەڕای بوونی دەریاچەی دەربەندیخان، بەڵام قەزاکە گرفتی ئاوی خواردنەوەی هەیە و لە ساڵی 2013وە بەردی بناخەی پڕۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان دانراوە، دوای ساڵێک کار بۆ تەواوبوونی کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا نەخراوەتەگەڕ.
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە رووداوی گوت، "پاڵاوگەکە تەواو بووە، تەنیا چەند کارێکی تەکنیکیی ماوە، لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار قسەم کردووە و دەڵێت، تەنیا پێویستمان بە کۆمەڵێک ئامێرە لە دەرەوەی وڵات بیهێنین. ئەگەر حکومەت بڕە پارەیەکی کەمیشمان بۆ خەرج بکات، دەتوانین کارەکان زیاتر بەرەوپێشەوە ببەین."
 
لەبارەی گرفتی ئاوی خواردنەوەش، سلێمان محەممەد ئەوەی خستەڕوو، "ئاوی دەربەندیخان بە کەڵکی خواردنەوە نایەت و کەس بەکاریناهێنێت. 90%ی دانیشتووانی دەربەندیخان سەرە دەگرن بۆ ئەو تۆڕە ئاوانەی کانیاوەکانی دەرەوەی دەربەندیخان، بۆئەوەی بڕێک ئاویان دەستبکەوێت، تەنیا چارەسەریش ئەوەیە پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان کاری تێدا بکرێت و تەواو بکرێت."
 
لە سلێمانی 30% بۆ 50%ی ئاو بەفیڕۆدەچێت
 
سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی سەبارەت بە پێویستیی ئاو لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "بەپێی پێوەرەکان کە 320 لیتر بۆ هەر تاکێک لە رۆژێکدا دانراوە، رۆژانە پێویستمان بە 450 - 500 هەزار مەتر سێجا ئاوە، بەڵام ئێمە بە هەموو توانامانەوە دەتوانین لە شەو و رۆژێکدا لە وەرزی گەرمادا 150 - 200 هەزار مەتر سێجا ئاو دابین بکەین."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی، "بەپێی ماستەرپلانەکان 30% بۆ 50%ی ئەو ئاوەی بەرهەم دێت، بەفیڕۆ دەڕوات، چ لەڕێگەی شکانی بۆرییەوە بێت، یان نەبەستنی تەوافەی تانکی یان شوشتنی ئۆتۆمبێل و شتی دیکە."
 
سەربەست عوسمان بە دووری دەبینێت ئەم هاوینە رووبەڕووی کێشەی کەمئاوی ببنەوە و دەڵێت، "ئەمساڵیش وەکو پار دەبێت". بە بۆچوونی بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی "حکومەت کەرتی ئاوی سلێمانیی پشتگوێخستووە."
 
بۆچی پڕۆژەی گۆپتەپە لە چەمچەماڵ جێبەجێ نەکراوە؟
 
ئەمساڵ گەرمیان یەکەم ناوچە بوو لە هەرێمی کوردستان کە وشکەساڵیی راگەیاند، بۆیە بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەرپرسانی شارەکە، هاوینێکی گەرم و بێئاوی چاوەڕێی ناوچەکە دەکات.
 
چەمچەماڵ سێ سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی هەیە و پڕۆژەی ئاوی دووکان، بیرەکانی کانی شەیتان و بیرەکانی بانی مەقان؛ بەڵام کاتێک رووداو پەیوەندیی بە رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ کرد و پرسیاری بێئاویی لێکرد، ئەو گوتی، "داوای لێبووردن لە دانیشتووانی چەمچەماڵ دەکەم، چونکە پێشبینی دەکەین بۆ هاوینی ئەمساڵ زیاتر لە 14 رۆژ جارێک بتوانین ئاو بە هاونیشتمانیان بدەین."
 
قایمقامی چەمچەماڵ گوتیشی، "ساڵی رابردوو بەهۆی وشکەساڵییەوە نزیکەی 50 بیرمان وشک بوون، بڕیاربوو لە ناوچەی دەرگەزێن لە سنووری بازیان 10 بیر لێبدرێن، بەڵام جێبەجێ نەکرا، چونکە دانیشتووانی ناوچەکە رازی نەبوون، بەنیازین بیرەکان لە سنووری ناحیەی ئاخجەلەر لێبدەین."
 
رۆژی 12ـی نیسانی 2022 لە نووسراوێکدا کە واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی لەسەر بوو، تێیدا هاتبوو، بە رەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 70 ملیۆن و 45 هەزار دۆلار بۆ پڕۆژەی گۆپتەپە - چەمچەماڵ تەرخانکرا.
 
لەبارەی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە، قایمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوە کرد، "بەگوێرەی زانیارییەکانمان پڕۆژەی گۆپتەپە لە پڕۆسەی تەندەرین و دیزایندایە و کارەکان لە وەزارەتی شارەوانی لە بەدواداچوون و خوێندنەوەدایە، بەڵام ئەگەر ئەمساڵیش جێبەجێ بکرێت سێ ساڵی دەوێت تاوەکو تەواو دەبێت."
 
لە هەڵەبجە 15 بیر وشکیان کردووە
 
تاڤگەی ئەحمەد ئاوا، رووباری سیروان و بیری ئیرتیوازی، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی خەڵکی هەڵەبجەیە. ئەلەند تۆفیق، بەڕێوەبەری ئاوی هەڵەبجە لەبارەی گرفتی ئاو لە سنوورەکەیان بە رووداوی گوت، "ئێستا 25 بیر کاردەکات و 15 بیر وشکیان کردووە، کە زۆربەیان لە گوندەکانن."
 
بەڕێوەبەری ئاوی هەڵەبجە گوتیشی، "ئەگەر رۆژانە لە رووباری سیروانەوە 50 هەزار مەتر چوارگۆشە ئاو بە هەڵەبجە بگات گرفتی ئاومان نابێت، بەڵام ئێستا یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە ئاوی هەڵەبجە سیروان - سەیدسادق، کە بڕیارە لە رۆژێکدا 50 هەزار مەتر ئاو بنێرێت بۆ هەڵەبجە، لەبەرئەوەی دوو پەمپمان لەکارکەوتووە 25 هەزار مەتر چوارگۆشە ئاومان پێ دەگات."
 
داوا دەکرێت وەزیری شارەوانی سەردانی پەرلەمان بکات
 
بەهۆی گرفتی کەمئاوییەوە 36 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی کوردستان داوادەکەن دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بکرێت بە گرفتەکانی کەمئاوی لە هەرێمی کوردستان.
 
عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت، "داوامان کردووە دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بکرێت بە گرفتی کەمئاوی لە هەرێمی کوردستان و وەزیری شارەوانی بانگهێشت بکرێت بۆئەوەی لەوبارەیەوە روونکردنەوە بدات."
 
یاداشتەکە واژۆی پەرلەمانتارانی پارتیی لەسەر نەبوو، رێبوار عەبدولڕەحیم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لەوبارەیەوە گوتی، "ئەو کاتەی یاداشتەکەیان ئاراستەی پەرلەمان کردووە و واژۆیان بۆ کۆکردووەتەوە، ئێمە ئاگادار نەبووین، ئەگینا ئێمەش داوا دەکەین وەزیری شارەوانی بێتە پەرلەمانی کوردستان و پرسیارەکانمانی سەبارەت بە پرسی ئاو ئاراستە بکەین."

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 299,821     ژمارەی میوان 8