ڕوونکردنەوەى بەدواداچوونەکان لەسەر بە هەمیشەییکردنى فەرمابنەرانى گرێبەست
2022-06-11
249 جار خوێندراوەتەوە

 

خستنەڕووى ئەنجام و بەدواداچوونەکان لەسەر بە هەمیشەییکردنى فەرمابنەرانى گرێبەست و مافەکانیان

بەرنامەى ڕووداوى ئەمڕۆ

٦ى ٦ى ٢٠٢٢

پوختەى بەرنامەکە:

ئەمشەو لە رووداوی ئەمڕۆ باسی فەرمانبەرانی گرێبەست دەکەم. لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن کە لە سەرجەم فەرمانگە و وەزارەتەکاندا کاردەکەن. هەندێک لەم فەرمانبەرانە زیاتر لە 10 ساڵ خزمەتیان هەیە. بەگوێرەی رێنوێییەکەی ساڵی 2013ـی حکومەت، فەرمانبەرانی گرێبەست لە دوای سێ ساڵ خزمەتکردن، دەکرێنە هەمیشەیی و دادەمەزرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو رێنوێنییە جێبەجێنەکراوە و فەرمانبەرانی گرێبەست چەند ساڵێکە داوا دەکەن بکرێنە هەمیشەیی.
 
لە ساڵی 2019 پڕۆژەیاسای بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست چووە پەرلەمانی کوردستان، بەڵام حکومەت داوای کرد پڕۆژەیاساکەی بۆ بنێردرێت و پەسەند نەکرێت، چونکە لێکەوتەی دارایی هەیە، بەڵام حکومەت لەو کاتەوە پڕۆژەیاساکەی نەگەڕاندووەتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان.
 
بەگوێرەی نووسراوی پێشووی وەزارەتی دارایی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەگەر هەموو فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێنە هەمیشەیی، بڕی زیاتر لە دوو ملیار دیناریش دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت و ئەو ئەرکە داراییەی ئێستا لەسەر حکومەت هەیانە، کەمتر دەبێتەوە.
 
بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بەکوێ گەیشتووە؟ کەی ئەمە جێبەجێ دەکرێت؟ ئەمە مژاری رووداوی ئەمڕۆ بوو
 
ستار سەعید، نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە سنووری سلێمانی لە بەرنامەکەدا گوتی "ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەموو وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان 24 هەزار فەرمانبەرە، لە دوو ساڵی رابردووشدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت لەسەر هێڵ بوون."
 
ستار سەعید دەڵێت، "لە رابردوودا فەرمانبەرانی گرێبەست و مامۆستایانی گرێبەست پێکەوەبوون، بەڵام دواتر حکومەت مامۆستایانی گرێبەستی دامەزراند و تەنیا فەرمانبەرانی گرێبەست مانەوە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "لە 27ی 9ی 2021 وەزارەتی دارایی وەڵامی سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی داوەتەوە کە دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست هیچ بارگرانییەکی دارایی دروستناکات و بگرە مانگانە دوو ملیار و 805 ملیۆن دینار بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران ئەو راپۆرتەی قبوڵ نەکرد و جارێکی دیکە فۆرمێکی نوێیان بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست درووستکرد کە هەر چوار جۆرەکەی فەرمانبەرانی گرێبەست (ئاسایی، پەرەپێدان، داهات و پێشینەی بەردەوام)."
 
نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە سنووری سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "دەبوو ئەو فۆرمەی دروستکرا، پێش کۆتاییهاتنی ساڵی 2021 بگەڕێندرایەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام کەمتەرخەمیی بەشێک لە وەزارەتەکان هۆکاربوون بۆ دواکەوتنی."
 
ستار سەعید، نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەستی سلێمانی باسی لەوەش کرد، "ئەمڕۆ نوسراوێک لە وەزارەتی داراییەوە لەگەڵ CD یەک کە داتا و زانیاری سەرجەم فەرمانبەرانی گرێبەستی تێدایە نێردراوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، دیسانەوە نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی جەختدەکاتەوە کە بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەران هیچ بارگرانییەکی دارایی بۆ حکومەت دروستناکات."
 
لەزگین فەرەج، نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەست لە سنووری پارێزگای دهۆک یەکێکی دیکەی بوو لە میوانانی بەرنامەکە و باسی لەوەکرد: "فەرمانبەرانی گرێبەست لە زۆرینەی ماف و ئیمتیازاتەکان بێبەشن، ئەوەی بەوان دەدرێت، تەنیا بڕە مووچەیەکە و هیچ مافێکیان نییە."
 
لەزگین فەرەج باسی گوتی، "فەرمانبەرانی گرێبەست هیچ مافێکیان نییە بۆ هاوتاکردنی بڕوانامە. هەروەک فەرمانبەری گرێبەست ناتوانێت مۆڵەتی دایکایەتی وەربگرێت." ئاماژەی بەوەشکرد، فەرمانبەر هەیە لە کارەکەیدا گیانی لەدەستداوە، بەڵام هیچ مافێک نەدراوە بە کەسوکارەکە.
 
لەزگین هەروەها گوتی، فەرمانبەرانی گرێبەست مافیان پێشێل دەکرێت و هەمیشە رووبەڕووی گوشار دەبنەوە و مەترسی دەرکردنیان لە کارەکانیان هەیە. گوتیشی، "دواکارین لە حکومەت رێنماییەکانی ژمارە 39 و 42ی ساڵی 2013 جێبەجێبکات بەوەی هەر فەرمانبەرێکی گرێبەست دوای سێ ساڵ لە راژە، دەکرێت راستەوخۆ دابمەزرێت."
 
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان یەکێک بوو لە میوانانی بەرنامەکە و گوتی، "چارەسەری پرسی فەرمانبەرانی گرێبەست تەنیا دامەزراندنیانە لەلایەن حکومەتەوە." باسی لەوەش کرد، "ئەو پێشنیازەیاسایەی کە پێشکێشکرا بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست و لەسەر داوای حکومەت گەڕێندرایەوە، تاوەکو ئێستا حکومەت هیچ وەڵامێکی پەرلەمانی نەداوەتەوە."
 
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی، "بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان هەر پێشنیازەیاسایەک رەهەندی دارایی هەبێت، دەبێت بۆچوونی حکومەتی لەسەر وەربگیرێت، بەڵام ئەم پرسە پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە." روونیشیکردەوە، "فەرمانبەر هەیە 15 ساڵ فەرمانبەری گرێبەست بووە و لەکاتی کاری فەرمیدا گیانی لەدەستداوە و هیچ مافێک نەبووە بۆ ماڵ و منداڵەکانی."
 
عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوە کرد، دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست هیچ بارگرانییەک بۆ حکومەت درووستناکات و دۆخی دارایی حکومەت ئێستا "زۆر باشە."
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی باس لەوەش دەکات؛ حکومەت ساڵانە پێنج هەزار فەرمانبەر خانەنشین دەکات، کەچی فەرمانبەرانی گرێبەست دانامەزرێنیت. ئاماژەی بەوەشکرد، "فەرمانبەرانی گرێبەست مافیان پێشێل دەکرێت بەوەی کە ناتوانن هیچ پلە و پۆستێک وەربگرن و هیچ دەرماڵە و پێشینەیەکە نایانگرێتەوە." گوتیشی، "هەروەک بۆیان نییە مۆڵەتی دایکایەتی و بەخێوکردن وەربگرن کە ئەوە پێشێلکردنی مافە"
 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 300,516     ژمارەی میوان 605