بەدواداچوون:
بەنزین بەردەوام نرخەکەی لە بەرزبوونەوەدایە، کەچی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەم دۆخەدا نەوەک تەماشاکارە، بەڵکو بڕی ئەو بەنزینەشی بەرهەمی دەهێنێت لە دۆخێکی نادیاردا هێشتووەتەوە.
لە دانیشتنی ژمارە (١٦)ی ڕۆژی (٢٨ی ٦ی ٢٠٢١)ی پەرلەمانی کوردستان، وەزیری سامان سروشتیەکان، ڕایگەیاند: وەزارەتەکەیان ڕۆژانە بە "ئیتفاق" نزیکەی یەک ملیۆن لیتر بەنزین لە ڕێگەی پاڵاوگەی (کار)ەوە بە پاڵاوتنی (٢٠,٠٠٠) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، پاشان بە تەنها لە ڕێگەی هەردوو کۆمپانیای (کورد نەفت)و (سەن ئۆیڵ)ەوە دەیخەنە بازاڕ، ئەوانیش تەنها لە ڕێگەی بەنزینخانەکانی خۆیانەوە دەیفرۆشنەوە بە شۆفێران.
بۆ زانینی ناوەڕۆکی ئەو "ئیتیفاق"ە، هەروەها شێوازی دابەشکردنەکەی، ڕۆژی (٢ی ٨ی ٢٠٢١)، پرسیارم ئاراستەی وەزیری سامانە سروشتیەکان کرد، بەڵام تا ئەو کاتەی کورسیەکەی بە شێوەیەکی پەنهان بەجێهێشت، وەڵامی نەدایەوە، هەربۆیە جارێکیتر بە نووسراوی فەرمی لە (٢٩ی ٥ی ٢٠٢٢) هەمان ئەم پرسیارەم ئاراستە کردەوە.
ڕاستە بەشێک لە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە بازاڕەکانی کوردستان، بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی لە بازاڕەکانی جیهان، بەڵام بەشێکیش لە هۆکارەکە ئەوەیە کە حکومەت هیچ بەرنامەو پلانێکی نیە بۆ وەڵامدانەوەی داوای خەڵکو شۆفیران، ئەو بڕە بەنزینەشی بەرهەمی دەهێنێت لە دۆخێکی ناشەفافو نادیاردا ماوەتەوەو هیچ کەس نازانێت چی لێدێت! ، هەروەها ئامادە نیە بڕی پێویستی نەوت لەناوخۆ بپاڵێوێت و بەنرخی گونجاو بیداتەوە بە شۆفێران هاوشێوەی عێراق.
ئەگەر لە وڵاتێکدا کەرتی گشتی گواستنەوە کارا بێتو رێگەو شێوازە نوێکانی گواستنەوە لە خزمەت هاووڵاتیاندا بن، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین کێشە بێت، ئەوە لە هەرێمی کوردستان کە کەرتی گواستنەوەی گشتی نزیکە لە سفرەوە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بووەتە کێشەیەکی سەرەکی و ڕۆژانە دەستی خستووەتە قوڕگی هاووڵاتیان.
عومەر گوڵپی
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
٦ی ٦ی ٢٠٢٢