لەبارەی چاپی نوێی (تابلۆی ئۆتۆمبێل)ەوە
بەدواداچوونو گرتنەبەری رێکاری یاسایی:
یەک/ لە بنەمادا، چاپی نوێی ئۆتۆمبیل بە پێی ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠٢٢)ی وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەدەچێت، کە هەموو ڕێنماییەکە لەسەر بنەمای ژمارەو پیتی ئینگلیزی وەستاوە کە دژە بە بڕگەی (دووەم) لە ماددەی (١٢)ی یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی (٢٠١٤)ی زمانە فەرمییەکان و بە ئاشکرا پێشێلکارییەکی ڕوونی یاساکەیە!
دوو/ بۆ گۆڕینی تابلۆیەکی نوێ بە شێوەیەکی ئاسایی پێویستە شۆفێر بڕی (٧٥,٠٠٠) دینار ڕسومات بدات، ئەمە بێجگە لە چەندین جۆری ترى ڕسومات، ئەم بڕە پارەیەش زۆر زۆرەو ئەچێتە خانەی خراپ سودوەرگرتن لە دەسەڵاتەکان، بۆ نمونە: وەرگرتنی بڕی (١٠,٠٠٠) دینار تەنها بۆ خزمەتگوزاری "لێدانی تابلۆ" کە دوو بورغوە وەردەگیرێت!
بە پێی بەدواداچوونەکانم، پێشتر دیوانی چاودێری دارایی، لە وردبینەکانی خۆی، ڕەخنەی لە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت گرتبوو کە حکومەت کاری لەگەڵ دەکات لە چاپو پێدانی تابلۆ کە پێی دەوترا جۆری (ئەڵمانی) بەوەی نرخەکان زۆر زۆرنو حکومەت دەتوانێت بە کەمتر لەو نرخانە ئەنجامیبدات، کەچی لەم ڕێنماییەدا نرخەکان زیاتریش کراون نەوەک کەم کرابنەوە.
ئەوەی دیوانی چاودیری دارایی ڕەخنەی لێگرتووە بریتیە لە وەرگرتنی بڕی (٢٥.٠٠٠) دینار بۆ تابلۆی هەمیشەیی، کە لەم ڕێنماییە نوێیە کراوە بە (٦٠,٠٠٠)دینار!، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەی چاودێری دارایی ڕەخنە لە خزمەتگوزاری لێدانی تابلۆ گیراوە بە (٥,٠٠٠) دینارو بە زۆریان زانیوە، کەچی لەم ڕێنماییە نوێیە کراوە بە (١٠,٠٠٠) دینار!
ئەم نرخە زۆرانە بۆ هاووڵاتیەک کە بە حەزی خۆی تابلۆ دەگۆڕێت تا ڕادەیەک، بەڵام چۆن دەبێت حکومەت بەمجۆرە ڕسومات لەسەر هاووڵاتیەک زیاد بکات کە بە ناچاری تابلۆ بۆ ئۆتۆمبیلەکەی دەبەستێت یان دەگۆڕێت؟ لە زۆر بواری تریش حکومەت هەمان سیاسەتی هەیە لە ڕسومات.
سێ/ شێوازی پێدانی ژمارەو تابلۆ جوانو نایابەکان، دەرفەتێکی گەورەی تیایە بۆ مامەڵەی خراپو بەدیهێنانی بەرژەوەندی کەسی لە بری بەرژەوەندی گشتی، هەربۆیە بابەتی پێدانی تابلۆی جوان پێویستی بە هەڵوێستەو پێداچوونەوەی جیدیو چاودێری ورد هەیە تا دەرفەت بۆ کەس نەڕەخسێت خراپ سود لە دەسەڵاتو کەلێنەکان وەرگرێت.
چوار/لەبارەی هەرسێ تەوەرەکەی سەرەوە، بە نووسراوەکانی ژمارە (١٧٠)، (١٧١)، هەروەها (پ ٢٢٨) لە (٣١ی ٥ی ٢٠٢٢)، ڕێکاری یاساییو پەرلەمانیمان گرتەبەر بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی، بەردەوامیش دەبین لە بەدواداچوون.
عومەر گوڵپی
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
٣١ی ٥ی ٢٠٢٢