بۆ وەرگرتنى بۆچونیان، پێشنیازە یاساى هاوکاری دارایى هەژاران ئاراستەى حکومەت کرا
2022-05-28
360 جار خوێندراوەتەوە
"نزیکەی‌ (٣٣٠,٠٠٠) هاووڵاتی‌، لە خوار هێڵی‌ هەژارییەوەن‌و حکومەت هیچ هاوکارییەکیان ناکات"
 
بەدواداچوون و چارەسەر:
 
یەک/ ئامارەکان:
بەپێی‌ کۆتا ئامارە فەرمیەکان، لە کوردستان ڕێژەی‌ هەژاری‌ نزیکەى (5.5%)ە، بە وەرگرتنی‌ ژمارەی‌ دانیشتوان بە (٦,٠٠٠,٠٠٠) هاووڵاتی‌، ئەوە واتە نزیکەی‌ (٣٣٠,٠٠٠) هاووڵاتی‌ لە خوار هێڵی‌ هەژارییەوەن.
 
دوو/ خوار هێڵی‌ هەژاریی‌:
واتە: ئەو هاووڵاتیەی‌ کە ناتوانێت پێداویستیە سەرەکییەکانی‌ ژیانى لە خواردن‌و ئاوى خواردنەوەو جل‌و بەرگى پێویست و شوێنى مانەوەو تەندروستی‌‌و پەروەردەو هەر پێداویستیەکی‌ تر بۆ زیندوو مانەوەو ژیانێکی‌ مرۆڤانە بۆ خۆى و منداڵەکانى دابین بکات.
 
سێ/ پێشتر:
لە کوردستان، نزیکەی‌ (١٠٠ هەزار) خێزان، کە زۆرینەی ئەو خێزانانە هەژار بوون‌و هیچ سەرچاوەیەکی‌ داهاتیان نەبوو، لە چوارچێوەی‌ پڕۆژەی‌ (چاودێری‌ خێزان) لە وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى، مانگانە بڕی‌ (١٥٠,٠٠٠) دیناریان وەردەگرت، بە پاساوی‌ چاکسازی‌ لە لیست‌و ناوەکان!، لە مانگی‌ (١٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٥)و بە بڕیاری‌ (١٥١٥)ى ئەنجومەنى وەزیران، حکومەت مووچەی‌ ئەم هەژارانەی‌ ڕاگرت کە سەرجەم پارەی‌ تەرخانکراو بۆیان بریتی بوو لە بڕی‌ (١٤ ملیار) دیناری‌ مانگانە، لەو بەروارەوە تا ئەمڕۆ، نە چاکسازی‌ کرا لە لیستەکان‌و نە هیچ بڕە پارەیەک بۆ هاوکاری‌ هەژارەکان خەرجکرا.
 
چوار/ پێشنیارو چارەسەر:
بەمەبەستی‌ کۆتایهێنان بەو دۆخەو بە یاساییکردنی‌ پشتیوانی‌ دارایی‌ بۆ هاووڵاتیانی‌ هەژار، ئێمە لە فراکسیۆنی‌ کۆمەڵ، پێشنیازە یاسای‌ (هاریکاری‌ دارایی‌ هەژاران لە هەرێمى کوردستان - عێراق)مان پێشکەش کرد، پێشنیازە یاساکە لەلایەن لیژنەی‌ یاساییەوە بە پێویست زانراوە ئاراستەی‌ حکومەت بکرێت بۆ وەرگرتنی‌ بۆچوونیان، بۆیە ئێستە پێشنیازە یاساکە چاوەڕوانی‌ بۆچوونی‌ حکومەتە، بەهۆی‌ باشبوونی‌ دۆخی‌ داراییەوە، پێویستە حکومەت هیچ پاساوێک نەکاتە هۆی‌ دەرنەچوونی‌ یاساکەو هاوکاری‌ نەکردنی‌ هەژاران.
 
بە پێی‌ پێشنیازە یاساکە، ئەو هەژارانەی‌ لەم چین‌و توێژانەن لە پێشترن بۆ هاوکاری‌ (منداڵانی‌ بێ سەرپەرشت، ئەو منداڵانەی‌ بەهەر هۆکارێک باوک یان هەردوو باوک و دایکیان لەدەستداوە، ئەو ژنانەی‌ هاوسەرەکانیان لەدەستداوە (بێوەژن)، ئەو ژنانەی‌ هاوسەرەکانیان بێ سەروشوێنن یان سزادراون، نەخۆشانی‌ درێژخایەن‌و بەساڵاچووان‌و پەککەوتەکان).
 
بەپێی‌ ماددەی‌ (سێیەم)ی‌ پێشنیازە یاساکە، میکانیزم‌و پێوەری‌ گونجاو جێگیرکراوە بۆ ئەوەی‌ هەژارە ڕاستەقینەکان هاوکاری‌ بکرێن نەوەک کەسانی‌ ناشایستە.
 
بە پێی‌ ماددەی‌ (چوارەم)یش بڕی‌ هاوکارییەکە بۆ هەر خێزانێکی‌ دوو کەسی‌ لە (١٥٠,٠٠٠) دینار دەست پێ دەکات و بۆ هەر منداڵێکیش تا چوار منداڵ بە ڕێژەی‌ (٥٠، ٤٠، ٣٠) هەزار دینار زیاد دەبێت، واتە کەمترین هاوکاری‌ بریتی‌ دەبێت لە (١٥٠,٠٠٠) دینارو زۆرترینیشی‌ تا (٢٧٠,٠٠٠) دینار دەبێت بە پێی‌ قەبارەی‌ خێزان.
 
پێنج/ ماف و مەترسییەکان:
ئێمە پێمان وایە کەس هەژار نیە، ئەوە گەندەڵى و حکومڕانى خراپ و ستەم و نادادگەرییە بووەتە هۆى هەژاریى، چونکە لە بنەمادا داهاتی‌ ئەم وڵاتە، مافی‌ هەژارەکانیشی‌ تێدایە، بەتایبەت ئەوانەی‌ هیچ سەرچاوەیەکی‌ داهاتیان نیەو هیچ کەسێکی‌ کاسبکارو بەخێوکاریان نیە، پێمانوایە لەسەر حکومەت پێویستە لەهەر دۆخێکدا بێت بڕە پارەی‌ پێویست بۆ ئەمجۆرە کەسانە دابین بکات، تا زوو ئەم کارە بکات درەنگە، چونکە بەڵاى هەژارى تەنها بۆ هەژارەکان نامێنێتەوەو ڕوو لە تەواوى کۆمەڵگە دەکات.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ فراکسیۆنی‌ کۆمەڵ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
٢٨ی‌ ٥ی‌ ٢٠٢٢


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 299,807     ژمارەی میوان 41