ئامادەبوون لە دادگایى پێنج گەنجى شیلادزێ کەلەسەر خۆپیشاندانەکان دەستگیرکرابوون
2022-05-17
266 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژى دووشەممە، ١٦ى ٥ى ٢٠٢٢، لە یەکەمین دانیشتنى دادگایى پێنج گەنجى شیلادزێ ئامادەبووین، کە تیایدا دادگا بڕیاریدا بۆ ماوەى دوو ساڵ  زیندانى سزایان بدا.

لە دادگاییەکەدا هەریەکە لە (مەحمود ناجی، ئەمجەد یوسف، یوسف شەریف، كۆڤان تاریق‌، نێچیر بەدیع) بەپێى ماددەى (١)ى یاساى (٢١)ى ساڵى (٢٠٠٣) ڕوبەڕووی دادگا كرانەوە، تۆمەتەکانیش بریتبوون لە هەوڵدان بۆ دروستكردنی گروپ و دروستکردنى ئاژاوەو هاندانى خەڵک بۆ خۆپیشاندان و دەربڕینى ناڕەوایى و ڕەخنەگرتن لە حکومەت لە ڕێگەى پەیج و ئەکاونتى فەیس بووک و ئینستاگرام و پێدانى زانیاریى و یارمەتیدانی پەكەكەو ڕێكخستنی خۆپێشاندانی توندوتیژانە بوون.
 
لەو دادگاییەدا تۆمەتباران ڕەتیان کردەوە کە ئەو وتانەى لێیان وەرگیراوە هی ئەوان بووبێت، لە بەرانبەردا قسەى دوو هەواڵدەرو دوو شاهید هەبوو کە هیچ لەوانە ئامادە نەبوون لە دادگا.
 
هەروەها تۆمەتباران باسیان لەوە کرد کە ئەو وتانەى لێیان وەرگیراوە بەزۆرو لە ژیر ئەشکەنجەدا بووە، هەروەها رێگەیان نەدراوە پارێزەریان هەبێت و ڕووبەڕووى ئەشکەنجەو لێدان و هەڕەشە بوونەتەوە لە کاتى لێکۆڵینەوەدا لە شارى دهۆک کاتێک لە ٢ى ١٢ى ٢٠٢٢ لەلایەن ئاسایشى دهۆکەوە دەستگیرکراون.
 
لە ئەنجامدا دادگا بڕیاریدا هەریەکە لە تۆمەتباران بە دوو ساڵ زیندانى سزا بدات، بەهۆى ئەوەى کە هەریەکە لە تۆمەتباران نزیکەى ساڵێک و پێنج مانگ و ٢٥ ڕۆژیان لە زیندان بەسەر بردووە، دەکرێت بە بەربوونى بە مەرج لە ڕۆژانى داهاتوودا ئازاد بکرێن.
 
لەو دادگاییەدا ژمارەیەک پارێزەرى خۆبەخش ئامادەبوون کە دڵسۆازانە بەرگریان لە تۆمەتباران دەکرد.
 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 300,360     ژمارەی میوان 605