رۆژ نیوز، ١٣ى ٥ى ٢٠٢٢:
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، داهاتی هەرێم لە خەرجییەكان زیاترە، بەڵام بەهۆی سیاسەتی دەسەڵاتەوە ناگات بە خەڵك و جەختدەكاتەوە لەوەی، هیچ دامەزراوەیەك ناتوانێت ئیشی خۆی بكات تا حزبە دەسەڵاتدارەكان وازنەهێنن لەو جۆرە سیاسەتە.
كاردانەوەكان لەسەر پێنەدانی مووچە و یەكتر تۆمەتباركردنی یەنەكە و پەدەكە لەسەر شاردنەوەی داهات بەدەوامیی هەیە.
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە ڕۆژنیوزی وت: لە هەرێمی کوردستان داهات لە خەرجییەكان زیاترە، بەڵام ناگات بە خەڵك، ئەمە لە ئەنجامی شكستی حكومەتەوەیە لە جێبەجێكردنی یاساكان ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵكاران و ڕێگرییكردن لە دوو حزبی دەسەڵاتدار لە دەستگرتن بەسەر داهاتەكانی پارێزگاكاندا.
گوڵپی، وتیشی: ئەوەی سەرۆكی حكومەت ناوی لێنا لامەركەزیی ئیداریی، لە ڕاستیدا ئەوە ڕاست نییە، نە زانیارییەكانی سەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی یەكێتی و حكومەت ڕاست نییە و ئەوەی هەیە حكومەت شكستی خواردووە لە شەفافیەتی بودجە و بوونی یاسای بودجە.
دەشڵێت: لە باشترین دۆخی داراییداین، بەڵام حكومەت هێشتا مانگێك لەدوایە بۆ دابەشكردنی مووچە، لایەنەكانی حكومەت ڕێككەوتوون لەسەر دابەشكردنی داهات لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی داراییان، بەشێوەیەك ٤٧٪ی بۆ سلێمانی و ٥٧٪ی بۆ هەولێر و دهۆك، نەك جێبەجێكردنی لامەركەزییەت.
“دەبێت وەزارەتی دارایی لە زاخۆوە تا كفری داهات كۆبكاتەوە و لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا بیخاتە خزمەتی خەڵكەوە، بەڵام فەوزایەك هەیە و حزبەكان بەسەر یاسادا زاڵن” عومەر گوڵپی وای وت.
لەبارەی هۆكاری كێشەكانەوە ئەو پەرلەمانتارە وتی: پاڵنەری كێشە سەرەكییەكانی هەرێم، تەنها ململانێی سیاسیی یەكێتی و پارتییە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار و پرسی غاز، بە پێی داتاكانی هەردوو حزبەكە داهات لە خەرجی زیاترە، هەر بەهۆی ئەو دۆخە سیاسییەوە پەرلەمان پەكخراوە و هیچ دامەزراوەیەك ناتوانێت ئیشی خۆی بكات تا دوو حزبی دەسەڵات دەست هەڵنەگرن لەسەر ئەو شێوە سیاسیەتكردنە.