داوای‌ لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ نەبوونى پارە لە بانکەکانى سلێمانى و نادیاریى داهاتەکان
2022-03-28
276 جار خوێندراوەتەوە
 
دواکەوتنی‌ مووچە، بەشنەکردنی‌ داهاتەکانی‌ نەوت‌و ناوخۆ بۆ مووچەو خەرجیەکان‌و پڕۆژەکان، نەبوونی‌ پارە لە بانکەکانی‌ سلێمانی‌، سێ تەوەری‌ سەرەکی‌ داواکارییەکمانن بۆ لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون لەڕێگەی‌ لیژنەی‌ پەرلەمانیەوە.
 
بە نووسراوی‌ ژمارە (١٦٠) لە (٧ی‌ ٣ی‌ ٢٠٢٢)، داوامانکرد دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان لیژنەی‌ پەرلەمانی‌ پەیوەندیدار ڕاسپێرێت بە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ (هۆکاری‌ دواکەوتنی‌ مووچەی‌ مانگی‌ دوو، هۆکاری‌ ئەوەی‌ بۆچی‌ داهاتەکانی‌ نەوت‌و ناوخۆ بەشی‌ مووچەو خەرجییەکان ناکەن؟، نەبوونی‌ پارە لە بانکەکانی‌ سلێمانی‌).
 
دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان بە نووسراوی‌ ژمارە (ک/٤٩٧) لە (١٣ی‌ ٣ی‌ ٢٠٢٢)، لیژنەی‌ (دارایی‌‌و کاروباری‌ ئابوری‌) ڕاسپاردووە بۆ ئەو ئەرکەو وەڵامدانەوەی‌ داواو کێشەی‌ هاووڵاتیان.
 
ئەو نووسراوو داواکارییە، کە بە پێی‌ ماددەی‌ (٣١) لە پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ پەرلەمان ئاراستە کراوە، واژۆی‌ (١٣) ئەندام پەرلەمانی‌ لەسەرە، ئەگەرچی‌ ژمارەی‌ ئەو ئەندام پەرلەمانانەی‌ کە ئامادەن واژۆی‌ نووسراوو داوایەکی‌ ڕەوای‌ لەمجۆرە بکەن زیاترە لەو ژمارەیە، بەڵام پشت بەستن بە ماددەی‌ (٣١)ی‌ پەیڕەوەی‌ ناوخۆ بە پێنج ئەندامیش جێبەجێ دەبێت و بە پێی‌ ئەو ماددەیە پێنج ئەندام پەرلەمان دەتوانن داوا لە سەرۆکی‌ پەرلەمان بکەن بابەتێک بخاتە بەردەست لیژنەیەکی‌ هەمیشەیی‌ بۆ لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون.
 
داهاتی‌ نەوت‌و ناوخۆ لە باشترین دۆخی‌ خۆیدایەتی‌ بەراورد بە دە ساڵی‌ ڕابردوو، کەچی‌ هێشتا مووچە لە کاتی‌ خۆی دابەش ناکرێت و پارەی‌ کۆمپانیاکانی‌ خزمەتگوزاریی‌ وەک پێویست خەرج ناکرێت‌و پڕۆژەکان بەگەڕ ناخرێنەوەو بانکەکان پارەیان تێدا نیە!
 
ئەو ئەندام پەرلەمانانەی‌ واژۆیان کردووە بریتین لە (عومەر گوڵپی‌، کاوە عەبدولقادر حەسەن، مژدە مەحمود، ڕووپاک ئەحمەد، د.هەورامان گەچێنەیی‌، موسلیم عەبدڵڵا، عوسمان عەلی‌، بدریە ئیسماعیل، یاسین خزر، سیپان ئامێدی‌، شیرین ئەمین، دیاری‌ ئەنوەر، ئەبوبەکر هەڵەدنی‌).
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
٢٨ی‌ ٣ی‌ ٢٠٢٢

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,405     ژمارەی میوان 218