ماوه‌یه‌كه ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن(حزبی یان ئه‌هلی) ڕووبه‌ڕوی قه‌یرانێك بوونه‌ته‌وه، ئه‌ویش ناو زڕاندن‌و تێپه‌ڕاندنی هه‌موو سنورێكی یاسایی‌و ڕه‌وشتی‌و تایبه‌تی‌و خێزانی, هه‌ر بۆیه دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رو هه‌وڵی سنورداركردنی ئه‌م ڕه‌وشه بۆته جێگه‌ی قسه له‌سه‌ركردن‌و گفتوگۆ له میدیاكاندا‌و له‌مباره‌یه‌وه كاروچالاكی‌و نوسین بایه‌خێكی گه‌وره‌ی هه‌یه.
ئه‌مه‌ش پاشئه‌وه هات كه گۆڤارێكی"ئه‌هلی" به شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ تۆمه‌تی ئه‌خلاقی دایه پاڵ ڕۆژنامه‌نوسێكی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات، له‌ڕاستیدا گرفته‌كه هه‌ر لێره‌دا نییه، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌یان تێپه‌ڕاندنی هه‌موو سنوره‌كانه‌و هیچ بیانوو هۆكارێك ڕێگه‌ی مانه‌وه‌و ستایشكردنی نادات، به‌ڵام له هه‌مانكاتیشدا ڕۆژنامه‌كانی سه‌ربه‌ده‌سه‌ڵاتیش ماوه‌یه‌كه به‌ر له بڕیاری دادگا‌و ساغبوونه‌وه‌ی تۆمه‌ت‌و ئیدانه‌كردنیان له‌لایه‌ن دادگاكانه‌وه كه‌وتوونه‌ته بڵاوكردنه‌وه‌ی فایلی دزی‌و ئیختیلاسی هێندێ به‌رپرس، چونكه ئه‌گه‌رچی هه‌موومان دڵنیاین له‌وه‌ی دزی‌و ئیختیلاس‌و گه‌نده‌ڵی له زۆربه‌ی زۆری ده‌زگاكانی حكومه‌تدا هه‌یه، به‌ڵام بۆ هێندێكیان ده‌چنه سه‌ر ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌كان‌و هێندێكیش قڕوقه‌پیان لێ بكرێت؟
له‌لایه‌كی تره‌وه گرفتی گه‌وره له‌وه‌دایه ئه‌م ڕه‌وشه ته‌شه‌نه بسه‌نێت‌و ڕۆژنامه‌كان به‌مجۆره به‌رده‌وامبن‌و هه‌ركه‌س‌و لایه‌ن‌و ده‌زگایه‌ك ویستی كه‌سێك فه‌زح كات ته‌نها مه‌قاله‌و هه‌واڵێك له‌مباره‌یه‌وه به‌س بێت، واته ئه‌وسا ناكۆكی سیاسی‌و ئایدۆلۆجی‌و حزبی به فه‌زحكردن‌و تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه یه‌كلابكرێته‌وه‌و ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه پێویسته له‌نێوان حزب‌و ڕه‌وته‌كاندا به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێت به داتاشینی تۆمه‌ت‌و له‌سه‌ر ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌كان یه‌كلا بكرێته‌وه كه له‌مه‌یاندا ڕێگه بۆ فه‌وزایه‌كی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی خۆشده‌بێت‌و ئه‌وسا ئه‌و ئاگره هه‌موومان ده‌سوتێنێت,.
بۆیه پێویسته سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نوووسان‌و خه‌ڵكانی نووسه‌رو ڕۆشنبیریی بوێر‌و ڕاستگۆی كوردستان هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه چاره‌یه‌ك بده‌ن كه به هیچ جۆرێك هیچ یه‌كێك له ڕێگه چاره‌كان كه‌مكردنه‌وه‌ی ئازادییه‌كان نه‌بێت هێنده‌ی ڕێكخستن‌و پابه‌ندبوون‌و دروستكردنی په‌یماننامه‌ی شه‌ره‌ف بێت كه هه‌موومان له‌م كوردستانه فره قه‌یرانه‌دا پێوه‌ی پابه‌ندبین. هه‌روه‌ها ئه‌ركی هه‌موو خه‌مخۆرو دڵسۆزێكی كوردستانه كه هه‌وڵی ڕه‌وینه‌وه‌ی ته‌می ئه‌م قه‌یرانه بدات‌و ڕێگه نه‌دات ئه‌و هۆكاره‌ی كه بۆ سودو به‌رژه‌وه‌ندی كۆمه‌ڵگه كارده‌كات ببێته چه‌كێكی كوشنده‌و بۆ چه‌ندین ساڵی تر جێگه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ بگرێته‌وه.
ئەم وتارە لە ٩ی ٩ی ٢٠٠٩ بڵاو بووەتەوە.