بەدواداچوون بۆ کەمبوونەوەى سەعاتەکانى کارەباو گرانبوونى نرخى غازو نەوت
2022-01-23
240 جار خوێندراوەتەوە
لەبارەی کەمبوونەوەی‌ کارەبا بۆ کەمترین ئاست و گرانبوونی زیاتری نرخی‌ نەوت و غازەوە:
 
ئەو کارەبایەی‌ ئەم کابینەیە ئەڵێ زیادمان کردووە، لە شەوڕۆژێکدا بۆ نزیکەی‌ تەنها ( پێنج سەعات) کەمبووەتەوە! ئەمەش بێجگە لە لەدەستدانی سەرچاوەی گەرمکردنەوەلای خەڵک، ئەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە، هەروەها نرخی‌ بەرمیلێک نەوت لە هێندێک شار بۆ (١٨٥ هەزار دینار) بەرزبوویەوە! بتڵێک غازیش لە هێندێک شار بە (١١ تا ٢٠ هەزار دینار) دەست هاووڵاتیان دەکەوێت، ئایا دەکرێت هەردوو وەزیری‌ کارەباو سامانە سروشتیەکان کە بەرپرسیاری‌ ڕاستەوخۆی‌ ئەم خزمەتگوزارییانەن تەنها تەماشای‌ دۆخی‌ سەختی‌ ژیانی‌ خەڵک بکەن لەم سەرمایەدا؟
 
 
حکومەت‌و دەسەڵات لەم دۆخە سەختە پشتیان لە ژیانی‌ هاووڵاتی‌ کردووە، بیریان لای‌ هەژارێک نیە کە کاتێک کارەبای‌ نیشتیمانی‌ لەسەر دەکوژێننەوە چۆن چۆنی‌ منداڵەکانی‌ لەم سەرما سەختەی‌ زستان بپارێزێت کە لە هێندێک شار پلەکانی‌ گەرما بۆ خوار سفر نزمبوونەتەوە؟
هەردوو وەزارەتی‌ سامانە سروشتیەکان‌و کارەبا ئەبێت وەڵامی‌ پرسیارو داوای‌ خەڵک بدەنەوە، بۆ لەکاتێکدا کارەبایان بۆ هاووڵاتیانی‌ دانیشتووی‌ پارێزگاکانی‌ هەرێم نیە کارەبا بە شارەکانی‌ دەرەوەی‌ هەرێم دەفرۆشن؟ بۆچی‌ سەرەڕای‌ بەرهەمهێنانی‌ بڕی‌ پێویستی‌ غازی‌ سروشتی‌ ماڵان، کەچی‌ خەڵک بێ غازەو ناچارە بە نرخی‌ زۆر زیاتر بیکرێت؟ بۆچی‌ بەڵێنی‌ بەرمیلێک نەوتیان بۆ ماڵان بە نرخی‌ پاڵپشتیکراو نەبردە سەرو خەڵک لە چلەی‌ زستاندایە هێشتا کەمتر لە پێنج یەکی‌ خێزانەکان نەوتیان وەرگرتووە؟
 
 
بۆ وەڵامدانەوەی‌ ئەو پرسیارانە، بە نووسراوی‌ ژمارە (١٣٧) لە ٢٣ی‌ ١ی‌ ٢٠٢٢، داوامان لە دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان کرد لیژنەی‌ (وزەو سامانە سروشتیەکان) ڕاسپێرن بە بانگهێشتی‌ هەردوو وەزیری‌ کارەباو سامانە سروشتیەکان بۆ کۆبوونەوەی لیژنەکەیان‌ بۆ ئەوەی‌ پرسیارو داواو کێشەی‌ خەڵکیان ڕووبەڕوو بکەنەوە لە نزیکترین کۆبوونەوەی‌ خۆیاندا، هەروەها داوای‌ چارەسەری‌ خێرایان لێ بکەن بۆ ئەم دۆخە خراپەی‌ ژیانی‌ خەڵک.
 
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
٢٣ی‌ ١ی ٢٠٢٢

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 299,632     ژمارەی میوان 419