بەدواداچوون بۆ مووچەى مانگى دوانزەى ساڵى ٢٠٢١
2022-01-17
192 جار خوێندراوەتەوە
 
دەبوو ڕۆژی ١ی ١ی ٢٠٢٢ کۆتا ڕۆژی‌ دابەشکردنی‌ مووچەی‌ مانگی‌ دوانزەی‌ ساڵی ٢٠٢١ی فەرمانبەران و مووچەخۆران بوایە، بەڵام نۆ ڕۆژ بەسەر ئەو وادەیە تپەڕیوەو هێشتا زیاتر لە نیوەی وەزارەت و دەستەکان مووچەیان وەرنەگرتووە!، بۆ بەرچاوڕوونی هاووڵاتیان ئەم ڕاستیانە دەخەینەڕوو:
 
یەک/ داهاتی‌ حکومەت لە مانگی‌ دوانزە بەپێی زانیارییەکانی حکومەت خۆی بەمجۆرەیە:
 
- لە (نەوت)ەوە: بڕی‌ (٥١٢) ملیار دینار.
ـ لە (گومرگ)ەوە: بڕی‌ (١٥٠) ملیار دینار.
ـ لە (باج)ەوە: بڕی‌ (٥٠) ملیار دینار.
ـ لە (ڕسومات)ەوە: ١٠٠ ملیار دینار.
ـ لە (هاوکاری‌ هاوپەیمانان)ەوە: ٢٦ ملیار دینار.
 
 
کۆی‌ گشتی‌ داهاتی مانگی‌ دوانزەی ساڵی ٢٠٢١ بەبێ بەغداو بە پێی‌ ژمارەکانی‌ حکومەت خۆی‌ بریتیە لە (٨٣٢ ملیار) دنیار. (کە لە کاتی‌ تردا سەلماندوومانە کە ئەمە هەموو داهاتی ڕاستەقینە نیە).
 
دوو/ حکومەت ئەتوانێت بە داهاتەکانی (نەوت و ناوخۆ) مووچەی سەرجەم وەزارەت و چین و توێژەکان دابەش بکات‌و چاوەڕێی‌ (٢٠٠) ملیاری‌ بەغدا نەکات، ئەگەر هەموو ئەو پارانە بگەڕێنەوە خەزێنەی گشتی و وەزارەتی دارایی.
 
سێ/ زۆر بەڕوونی دیارە کە قوت و مووچەی خەڵک بووەتە قوربانی ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکانی نیوان هەردوو حزبی دەسەڵات.
 
چوار/ یەکێک لە بەڵێنە زەقەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت ئەوەبوو کە لە ٢٥ی‌ هەموو مانگێک دەست بە دابەشکردنی‌ مووچە دەکەن‌و لە یەکی‌ مانگ کۆتایی‌ پێدێنن! پێویستە حکومەت ڕوونکردنەوە بدات بە خەڵک لەسەر جێبەجێ نەکردنی ئەم بچوکترین بەڵێنەی خۆی.
 
پێنج/ ژمارەیەکی‌ زۆر لە هاووڵاتی‌‌و خێزان لە کوردستان مووچەیان نیەو لە دۆخی‌ خراپی‌ ژیاندان، ژمارەیەکی‌ زۆر گەنجان بێکارن، بەڵام مووچە کاریگەریی‌ گەورەی‌ لەسەر ژیان‌و بازاڕو ئابوری‌ هەیە، چونکە مانگانە نزیکەی‌ (٩٠٠ ملیار) دینار دەچێتە بازاڕو دەستی‌ خەڵک، ئەمەش جوڵێنەرێکی‌ گەورەی‌ ڕەوڕەوەی‌ ئابورییە لە کوردستان.
 
کەمترین داوای ئێمەو خەڵک ئەوەیە حزبەکانی دەسەڵات مووچەو قوتی خەڵک نەکەنە قوربانی ململانێ و ناکۆکیە سیاسییەکانیان و شەڕەکانی خۆیان بە برسیکردنی هاوڵاتی بەشمەینەتی كوردستان نەكەن، ئایا دەسەڵات ئەزانێت ئەگەر وەڵامی ئەم کەمترین داوایە نەداتەوە ئایندەی کوردستان ڕووی لە کوێیە؟
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
١٠ی ١ی ٢٠٢٢

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,745     ژمارەی میوان 26