بەدواداچوون بۆ باج کە یەکێک لە هۆکارەکانى گرانى بازاڕو کەمبوونەوەى هەلى کارە
2021-12-29
105 جار خوێندراوەتەوە
هەڵەی‌ کوشندەی‌ حکومەت لە بواری‌ ( باج) بوویە هۆی‌ گرانی‌ زیاتری‌ بازاڕو کەمبوونەوەی‌ هەلی‌ کار
 
 
بە پێی‌ ژمارەو داتاکانی‌ حکومەت خۆی‌، تێکڕای‌ داهاتی‌ باج بۆ هەر مانگێک لە ساڵی‌ (٢٠١٩) بریتی‌ بووە لە (٥١) ملیار دیناری‌ مانگانە، بۆ ساڵی‌ (٢٠٢٠) بریتی‌ بووە لە (٤٥) ملیار دیناری‌ مانگانە، تێکڕای‌ داهاتی‌ باج بۆ هەر مانگێک لە ساڵی‌ (٢٠٢١) کەمبووەتەوە بۆ (٤٠) ملیار دینار!
 
واتە وێڕای‌ ئەوەی‌ حکومەت بانگەشەی‌ ئەوە دەکات کە باجیان ڕێکخستووەتەوەو داهاتیان زیادکردووە، بەڵام ساڵ بە ساڵ داهاتی‌ باج کەمی‌ کردووە!
 
بە پێی‌ بنەما زانستیەکان، ئەو وڵاتانەی‌ بە قەیرانی‌ ئابوریدا تێدەپەڕنن، پێویستیان بەوە هەیە ڕێژەی‌ وەرگرتنی‌ باج کەم بکەنەوە، بەتایبەت لە بازرگانی و پیشە بچوک و مامناوەندییەکان، ئەو کەمکردنەوەیەی‌ باجیش بۆ ئەوەیە چالاکی‌ و جموجوڵی‌ بازاڕ زیاتر بێت وهەلی‌ کاری‌ زیاتر بڕەخسێت و ڕەوڕەوەی‌ ئابوری‌ خێراتر بێت، بەڵام لە سێ ساڵی‌ ڕابردوودا حکومەت تەواو بە پێچەوانەوە هەنگاوی‌ هەڵگرت، هەر ئەمەش وایکرد کە وێڕای‌ ئەوەی‌ باج بووەتە بارگرانی‌ لەسەر هاووڵاتیان، بەڵام نەبووەتە داهاتێکی‌ گەورە بۆ باشکردنی‌ ژیانی‌ خەڵک.
 
هەڵەی‌ گەورەی‌ حکومەت ئەوەیە کە بە پێچەوانەی‌ دەستور، بەبێ یاسا دەستکاری‌ باجی‌ کرد، لە کاتێکدا نابێت بەبێ بوونی‌ یاسا نە کەس لە باج ببەخشرێت نە کەس باجی‌ زیاتری‌ بخرێتە سەر! بەڵام حکومەت تەنها بە بڕیاری‌ خۆی‌، دەستی‌ بۆ زیادکردن و سەپاندنی‌ باج برد، وەک باجی‌ ڕاستەوخۆی‌ سەر فرۆشتن لە ئۆتێل و ڕیستورانت و شوێنە گەشتیارییەکان، ئەمە لە کاتێکدا باجی ساڵانەیان لە قازانج لێ وەردەگیرێت، هەروەها باج لەسەر ئاستەکانی‌ خوارەوەو پیشەو بازرگانی‌ بچوک بچوکی‌ نێوبازاڕ یان زیاد کرا یان توند کرا، لە کاتێکدا سەدان کۆمپانیاو بازرگانی‌ گەورە گەورە بەخشراون لە باج و باجیان لێ وەرناگیرێت! یاخود خۆیان لە باج دەدزنەوە بەهۆی‌ نفوسیان لە حزبەکانی‌ دەسەڵات کە بەشێکی زۆریان یان کۆمپانیای‌ بەرپرسانی حزبەکانی‌ دەسەڵاتن.
 
لە کوردستان، ئەوەی‌ خاوەنی‌ پیشەیەکی‌ بچوکە باجی‌ لێ وەردەگیرێت، بەڵام نزیکەی‌ (٨٠٠) کۆمپانیای‌ بواری‌ نەوت باج نادەن، یاخود چالاکی‌ ئابوری‌ گەورە هەیە باج نادات، بە هەمانشێوەش کۆمپانیاکانی‌ بواری‌ گەیاندن و ئینتەرنێت، تۆمارکردنی‌ پرۆژە بازرگانیەکان لە چوارچیوەی‌ یاسای‌ وەبەرهێناندا یەکێک لە رێگەکانی‌ خۆ دزینەوە بووە لە باج و گومرگ و ڕسومات، لەم بوارەدا هەردوو پاڵاوگەی‌ نەوتی‌ (کەڵەک) بە سەرمایەی‌ (1.9) ملیار دۆلارو پاڵاوگەی‌ نەوتی‌ (بازیان) بە سەرمایەی‌ (1.2) ملیار دۆلار، دووان لەو پرۆژانەن کە لە چوارچێوەی‌ یاسای‌ وەبەرهێناندا تۆماکراون و بەمەش بەخشراون لەهەموو باج و ڕسوماتێک بۆ ماوەی‌ دە ساڵ سەڕەڕای‌ داهات‌و جموجوڵی‌ گەورەی‌ ئابوریان! بەهەمانشێوە بۆری‌ نەوتی‌ کوردستان کە بۆ ماوەی‌ (٢٠ ساڵ!) دراوە بە کۆمپانیای‌ کارو ڕوس نەفت، تەنها داهاتی‌ شەش مانگی‌ یەکەمی‌ ئەمساڵی‌ ئەم بۆریە بریتی‌ بووە لە (٤٥٠) ملیۆن دۆلار، یەک دینار باجیشی‌ نەداوە!
 
حکومەت وا لە باج تێگەیشتووە کە تەنها بۆ زیادکردنی‌ داهاتە، لە کاتێکدا باج بۆ بەدیهێنانی‌ دادپەروەرییە لەنێوان هەژارو دەوڵەمەندەکان، هەربۆیە سیاسەتی‌ هەڵەی‌ باجی‌ حکومەت بووەتە هۆی‌ بارگرانی‌ لەسەر خەڵک و گرانبوونی‌ زیاتری‌ شت و مەک، لە بەرانبەردا نەبووەتە هۆی‌ زیادبوونی‌ داهات بەو ڕێژەیەی‌ بانگەشەی‌ بۆ دەکرێت، هەروەهاش ژیانی‌ هەژارەکان وەکخۆیەتی‌ و لەم سیاسەتە هەڵانەی‌ حکومەت هەژارەکان سودمەند نەبوون، هەموو ئەم ڕاستیانەمان لە ماوەی‌ ساڵێکی‌ ڕابردوودا بەڕێگەی‌ جۆراو جۆر ئاراستەی‌ حکومەت کردوون.
 
عومەر گوڵپی‌
 
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
٢٩ی‌ ١٢ی‌ ٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 10
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net