بەدواداچوون بۆ پێشێلکارى و سەرپێچی لە پرۆژەکانى نیشتەجێبوون
2021-12-28
280 جار خوێندراوەتەوە



پاش بەدواداچوون، بۆمان دەرکەوت ئەو پرۆژانەی‌ لە چوارچێوەی‌ یاسای‌ خراپی وەبەرهێناندا ملیارەها دیناریان کۆکردووەتەوە، زۆرینەیان پابەندی‌ دروستکردنی‌ بینای‌ خزمەتگوزارییە گشتیەکانی‌ وەک (قوتابخانە، دایەنگە، نەخۆشخانە) نەبوون لە پڕۆژەکانیاندا، بەمەش ملیارەها دینار زیانیان بە دانیشتووان‌و بەرژەوەندى گشتى گەیاندووە، هێندێکیان بیناکانیان دروستکردووە، بەڵام بۆ بەرژەوەندی‌ خۆیان بەکاریان هێناوە، لە کاتێکدا بۆ دروستکردنی‌ ئەو بینایانە پارە لە هاووڵاتیان وەرگیراوە، دامەزراوەکانی‌ حکومەتیش وەک پێویست بەدواداچوونیان نەکردووەو کەمتەرخەم بوون لە ئەرکەکانیاندا، لەخوارەوە پوختەى بەدواداچوونەکە دەخەینەڕوو:

یەکەم/ بەدواداچوون بۆ دروستکردنى بیناى دایەنگە:

١ـ بیناى دایەنگە، یەکێک لە خزمەتگوزارییە گرنگەکانە کە پێویستە دروست بکرێت، بەهۆى پێویستى خێزانەکان لە بوونى بینایەکى نزیک بۆ منداڵە ساواکانیان، بەڵام بە پێى بەدواداچوونى ئێمە، لە کۆى (٣٤) پڕۆژەى نیشتەجێبوون لە شارى هەولێر، تەنها (٧) پڕۆژەیان هەستاون بە دروستکردنى بیناى دایەنگە لە ناو پرۆژەکەیاندا، لەو حەوت بینایەش هیچیان نەبوونەتە موڵکى وەزارەتى کارو تا ئێستا وەک دایەنگە بەکارنەهێنراون!
٢ـ ئەو پڕۆژانەى پابەند نەبوون بە دروستکردنى بیناکان و سەرپێچیان کردووە بریتین لە پڕۆژەکانى نیشتەجێبوونى: (گوندى کۆرى، جیهان سیتى، سانا سیتى، ئیمپایەر ۆرلد، داهاتى نوێ، شارى خەونەکان، ئوربیلا، ژیانى هاوچەرخ، دەروازەى هەولێر، ئازادى نوێ، ئاشتى سیتى، نۆبڵى سویدى، گوندى منارە، هیران سیتى، گوندى ئارام، هەولێر سیتى، شارى زێڕین، شارى زەیتون، سیپا سیتى، شارى کامەرانى)
٣ـ ئەو پرۆژانەى کە بیناکانیان دروستکردووە، بەڵام ڕادەستى وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتیان نەکراون تا بەکاربهێنرێن بۆ بەرژەوەندى گشتى بریتین لەم پرۆژانە: (لانە سیتى، شارى مامۆستایان، گوندى پانک).
٤ـ تەنها یەک بینا تەواو کراوەو ڕادەستى وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى کراوە، ئەویش بیناى پڕۆژەى (ئاڵتون سیتى)ە.
٥ـ بیناى گوندى لوبنانى تەواو کراوە، بەڵام بەبێ بەرانبەر دراوە بە (قوتابخانەى نێودەوڵەتى فەرەنسى) بۆ بەکارهێنانى وەک دایەنگە.
٦ـ هێندێک لەو پرۆژانە پاش تەواوکردنیان بۆ بەرژەوەندى تایبەت بەکارهێنراون، بە پێچەوانەى یاساو ڕێنماییەکان.

دووەم/ بەدواداچوون و کارى یاسایى:


١ـ هەردوو لایەنى پەیوەندیدار، وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى و دەستەى وەبەرهێنان ئاگادارکراونەتەوە لەم سەرپێچیانە، پاش ئاگاداکردنەوەیان هێندێک بەدواداچوون کراوە.


٢ـ بەشێک لەو پڕۆژانەى نیشتەجێبوون ئەوانە بوون کە لەکاتى هەردوو لافاوەکەى هەولێرى ئەم ساڵ، گرفت و سەرپێچى زیاتریان دەرکەوت.


٣ـ بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون و گرتنەبەرى ڕێکارى پەرلەمانى و یاسایى تا ئەو کاتەى ئەم بینایانە دەبنەوە موڵکى گشتى و بۆ بەرژەوەندى گشتى و هاووڵاتیانى نیشتەجێووى ئەو پڕۆژانە بەکاردەهێنرێن و ئەو کۆمپانیایانەى سەرپێچیان کردووە لێپێچینەوەى یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

عومەر گوڵپى
ئەندامى پەرلەمانى کوردستان
٢٨ى ١٢ى ٢٠٢١ 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 299,262     ژمارەی میوان 2