بەدواداچوون بۆ چەند هەڵەیەکى زەقى پڕۆگرامى پەروەردەیى
2021-12-25
286 جار خوێندراوەتەوە
پێویستە وەزیری‌ پەروەردە هەڵەکان ڕاست بکاتەوەو داوای‌ لێبوردن لە خەڵک بکات و بە پێی‌ یاسا لێپێچینەوە بکات
 
بەدواداچوون:
 
وەک لە وێنەکەدا دیارە، وەزارەتی‌ پەروەردە لە وانەی‌ هەشتەمی‌ چاپی‌ ساڵى (٢٠٢١)ی‌ کتیبی‌ پەروەردەی‌ ئیسلامی‌ بۆ پۆلی‌ یەکەم، وێنەیەکی‌ کوردەواری‌ گونجاو لەگەڵ وانەکە بۆ وێنەیەکی‌ تر دەگۆڕێت، تەنها لەبەر بوونی‌ دایکێک لەناو خێزانەکە کە (لەچک) بەسەرە!، لەم کارە ڕقاویەی‌ سەرپەرشتیارى پڕۆگرامەکەدا، تەنانەت جل و بەرگی‌ کوردی‌ جوانی‌ خێزانەکە نەبووەتە تکاکار بۆ نەڕشتنی‌ ڕقەکەی‌ و هێشتنەوەی‌ وێنەکە وەکخۆی‌ لە چاپە نوێیەکە.
 
لە چاپی‌ ساڵی‌ (٢٠١٩) وێنەیەکی‌ گونجاو بۆ وانەکە دانراوە، بە سەدان هەزار خێزانمان هەیە ئەوە وێنەی‌ ڕاستەقینەی‌ خێزانەکەیانە، هەروەها وانەکەش بەروەردەی‌ ئیسلامیە، لەوەش جوانتر ئەوەیە جل و بەرگی‌ خێزانەکە کوردییە، کەچی‌ هەموو ئەمانە لەبەرچاو نەگیراون و لە چاپە نوێیەکە وێنەکە گۆڕدراوە، لێرەدا پرسیارێک دێتە پیشەوە: ئایا وەزارەتی‌ پەروەردە بەهیچ جۆرێک گیانی‌ پێکەوە ژیانی‌ قبوڵە و ڕێگە دەدات ڕەنگدانەوەی‌ هەبێت لە پڕۆگرامەکانیدا؟ ئەگەر وایە بۆ ئەوەندە هەستیارە بە وێنەیەک کە تەنها (لە چک)ێکی‌ تێدایە؟ پێکەوەژیان‌و یەکترقبوڵکردن لای‌ پەروەردە واتای‌ چییە؟
 
سەبارەت بەم بابەتە، هەروەها ئەو بێرێزییەی‌ لەلاپەڕە (٢٣٦)ی‌ کتێبی زمان وئەدەبی کوردی پۆلی( دە)دا هاتووە کە بە ئاشکرا سوکایەتی بە پێغەمبەری ئیسلام موحەمەد (دروودی خوای لەسەر) دەکات، بە نووسراوی‌ ژمارە (١٢٢) ئەمڕۆ، ١٢ی‌ ١٢ی‌ ٢٠٢١، داوامان لە دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان کرد لیژنەی‌ ئەوقاف و کاروباری‌ ئاینی‌ ڕاسپێرێت بۆ بەدواداچوونی‌ هەردوو گرفتەکە کە بوونەتە هۆی‌ بێزاری‌ زۆری‌ خەڵکی‌ کوردستان بەهۆی‌ ئەو بێڕێزییەی‌ تیایەتی‌ بەرانبەر ئاینی‌ ئیسلام.
 
من بەشبەحاڵی‌ خۆم، ئەو ئەقڵیەتەی‌ لە پشت ئەمجۆرە کارانەیە زۆر بە ترسناکی‌ ئەبینم، تەنانەت هاوشێوەی‌ بیری‌ ترسناکی‌ داعش، چونکە ئەمجۆرە کارانە ئەبێتەهۆی‌ نانەوەی‌ ئاژاوە لە نێو گەلەکەمانداو دروستکردنی‌ دووبەرەکی‌ و بەگژاکردنی‌ گروپێک لە خەڵک لە دژی‌ گروپێکی‌ تر، پاشان ئەم گەلە زۆر شتی‌ لەدەستداوە، بۆ ئەبێت ڕەوشت و بەها باڵاکان و بنەما ئاینیەکان و ژیانی‌ جوانی‌ کۆمەڵایەتیشمان لەدەست بدەین؟ ئایا ئەگەر ئەوانە لە دەست بدەین جارێکیتر بۆمان دەگەڕێنەوە؟
 
هەربۆیە بە پێویستی‌ دەزانم لەپای‌ ئەو بێڕێزییانە و ئەو دەستەی‌ ئاوا نیازی‌ خراپە بەرانبەر ئاینی‌ زۆرینەی‌ زۆری‌ خەڵکی‌ کوردستان، وەزیری‌ پەروەردە داوای‌ لێبوردن بکات، هەروەها لیژنەی‌ لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت و سزای‌ ئەو کەسانە بدات کە بەمەبەست ئەمجۆرە کارانە دەکەن و ئاشتی‌ کۆمەڵایەتی‌ ئەشێوێنن و زۆر خوێنساردانە بێڕێزی‌ بە خەڵکی‌ مسوڵمانی‌ کوردستان دەکەن، ئەنجامەکەشی‌ بۆ ئێمەو خەڵکی‌ کوردستان ئاشکرا بکات.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
١٢ی‌ ١٢ی‌ ٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 300,743     ژمارەی میوان 130