بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانى یەکنەخستنەوەى هێزى پێشمەرگەو ئەنجامنەدانى چاکسازى
2021-12-25
225 جار خوێندراوەتەوە
هاوپەیمانان چیان لە هێزی‌ پێشمەرگە دەوێت؟ کێشەکە چییە؟
 
پاش بەدواداچوونی‌ ورد، هەتا ئێستا یەکخستنەوەو ڕێکخستنی‌ هێزی‌ پێشمەرگە هیچ بەرەوپێشوونێکی‌ بەخۆیەوە نەبینیوەو سەرەتاییترین هەنگاوی‌ کرداری‌ بۆ نەنراوە، ئەمەش نیگەرانی‌ لای‌ هێزەکانی‌ هاوپەیمانان دروستکردووە، هەربۆیە ئەو نامەیە ئەوەی‌ لێ دەخوێنرێتەوە کە ئەوە وشیارییەکە بۆ دەسەڵات تا لەسەر ئەو دۆخەی‌ بەردەوام نەبێت.
 
بە پێی‌ یاسا بەرکارەکان، نابێت حزب چەکی‌ هەبێت، نابێت حزب ڕێکخستنی‌ لەناو هێزی‌ پێشمەرگەو هێزە چەکدارەکان هەبێت، هەروەها بە پێی‌ بڕگەی‌ یەکەم و دووەم و سێیەمی‌ ماددەی‌ (٤)ی‌ یاسای‌ چاکسازی‌، ژمارە (٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢٠) پێویستە هێزەکانی‌ پێشمەرگە یەکبخرێن، هەروەها یەک یەکەی‌ ژمێریان هەبێت و لیستی‌ ناوو ژمارەو داتاو زانیاریی‌ ژمێریاریی‌ و خەرجیان بگەڕێتەوە وەزارەتی‌ پێشمەرگەو ملەکەچی‌ وردبینی‌ و پشکیننی‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ بێت و خانەنشینانیشیان بخرێتە سەر بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ خانەنشینی‌، بەڵام هەتا ئێستا لەم بوارەدا هیچ هەنگاوێکی‌ کرداری‌ نەنراوەو وەزارەتی‌ پێشمەرگە شکستی‌ خواردووە لە جێبەجێکردنی‌ ئەم ئەرکە گەورەو گرنگەدا، بەتایبەت لە دۆسیەی‌ هێزەکانی‌ یەکەکانی‌ حەفتاو هەشتا کە بێجگە لە سەرپێچی‌ یاسایی‌ و نیشتیمانی‌ و سەربازی‌، سەدان سەرپێچی‌ دارایی‌ و ژمێریاری‌ بوونی‌ هەیە تا بە وەرگرتنی‌ ئابونەی‌ حزبی‌ دەگات!
 
مانەوەی‌ هێزی‌ پێشمەرگە لە دەرەوەی‌ سیستم و زاڵی‌ حزب بەسەر هێزی‌ پێشمەرگە، کوردستان لەبەردەم مەترسی‌ گەورەدا دەهێڵێتەوە، هەروەها دەبێتە خاڵێکی‌ لاوازی‌ هێزی‌ پێشمەرگە بەجۆرێک نەتوانرێت سەنگەری‌ بەرگری‌ لە کوردستان لە ئاست ئەگەری‌ مەترسییەکاندا بێت، مەترسییەکەش ئەوەندە گەورەیە کە ئەگەری‌ بەریەککەوتنیشیان لەناوخۆ هەیە، چونکە هێز ئاگرێکی‌ بێ ئامانە ئەگەر لە بری‌ یاساو دامەزراوە کوڕو نەوەی‌ بەرپرسان بیجوڵێنێت!
 
ئەمەی‌ سەرەوە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی‌ نهێنی‌ نامەکەی‌ سەرکونسوڵی‌ وڵاتانی‌ (ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەریتانیا، ئەمریکا)یە بۆ سەرۆکی‌ هەرێم، هەروەها مانەوەی‌ زیاتر لە (٨٠٠) ئەفسەر کە زۆرینەیان لەسەر بنەمای‌ پیشەگەریی‌ سەربازی‌ پلەیان پێ نەدراوەو لە دانان و پلەپێدانیان ڕەچاوی‌ تواناو شارەزایی‌ و ئەزموون و یاساکان نەکراوەو ئینتیمای بۆ حزبەکانی دەسەڵات تاکە پێوەر بووەو بوونەتە بار بەسەر هێزەکانی‌ پێشمەرگەوە، بەشێکن لە ڕێگری‌ پێشخستن و یەکخستنی‌ هێزی‌ پێشمەرگە یەکێکی‌ تر لە هۆکارەکانە.
 
کاتێک چوار وڵاتی‌ بیانی‌، کە هاوکارو پاڵپشتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بوون لە شەڕی‌ دژی‌ داعش، بە فەرمی‌ نامەیەک ئاراستەی‌ سەرۆکایەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان دەکەن، پێویستە دەسەڵات و سەرۆکایەتیەکانی‌ حکومەت و هەرێم زۆر بەڕوونی‌ لە پەیامەکەیان تێبگەن، ئەگەر لە ئێمەو خەڵکی‌ کوردستان تێناگەن و لە ژێر فشاری‌ دڵسۆزاندا هیچ گۆڕانکاییەک ناکەن بە ئاراستەی‌ کۆتایهێنان بە چەکی‌ حزبی‌ و دروستکردنی‌ هێزێکی‌ نیشتیمانی‌، با لە داواو فشاری‌ دۆستەکانی‌ هەرێم تێبگەن کە تا ئێستاش پشتیوانی‌ جۆراو جۆر پێشکەش بە هەرێمی‌ کوردستان دەکەن، بە پشتیوانی‌ داراییشەوە بە پارەی‌ کاش!
 
ئایا گوێیەک هەیە ببیستێت؟
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
١٩ی‌ ١٢ی‌ ٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,535     ژمارەی میوان 336