حكومەتی هەرێم قەرزی بیانی دەداتەوە و بێ باكە لە دانەوەی قەرزە ناوخۆییەكانی
2021-11-16
27 جار خوێندراوەتەوە

سەرهەنگ خالید، خەڵك میدیا:

كۆمپانیای داناغاز ئاشكرایكرد، سەرجەم قەرزەكانی لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووەتەوە، فەرمانبەرانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، پێویستە حكومەت دەست بە دانەوەی پاشەكەوتەكانی مووچەی فەرمانبەران بدات، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، یەكێك لە كێشە گەورەكانی هەرێمی كوردستان نادیاری داهات و خەرجییەكانە، و تاكو ئێَستاش شێوازی قەرزەكان و بری سوودەكەی و چۆنیەتی دانەوەی نادیارە.

عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، حكومەت زانیاری ناداتە پەڕلەمان و دامودەزگای چاودێری و دیوانی چاودێری دارایی، زیاتر لە ساڵێكیشە ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت ئێمە هەموو لیستی قەرزەكان دەنێرینە پەڕلەمان تاكو ئێستا نەیانتوانیوە بینێرن، ئێمەش زانیاریمان لە كۆمپانیاكان دەستدەكەوێت.

وتیشی”دەبوو حكومەت زۆر بە ڕوونی زانیارییەكانی قەرزەكانی بە هاووڵاتیان بدایە، بەڵام بەداخەوە حكومەت تەنها لە فشاری دەرەكی تێدەگات، ئەو كۆمپانیایانە كۆمپانیای بێگانەن و ئەو وڵاتانەش لە هەرێم كونسوڵیان هەیە و فشاریان هەیە، زۆر بە ئاسانی دەتوانن فشار لە حكومەتی هەرێم بكەن و پابەندییە داراییەكانیان جێبەجێ بكەن، بەڵام بەداخەوە حكومەتی هەرێم لە داوای خەڵكی هەرێم تێناگات و ناچێتە ژێرباری هیچ فشارێكی خەڵكی هەرێم بۆیە بێ باكە لە قەرزی ناوخۆ”.
ئاشكراشیكرد، لە ساڵی 2015 تاكو ئێستا حكومەت بە پاساوی نایاسایی مووچەی خەڵك نادات و دوایدەخات و پاشەكەوتی دەكات و لێیدەبڕێت، هیچ میكانیزمێكیشی دەستنیشان نەكردووە بۆ دانەوەی، تەنانەت سادەترین شێوازی دانەوەی كردنەوەی حسابێكی بانكیە بۆ هەر مووچەخۆرێك بۆ ئەوەی لانی كەم ڕسوماتی ئاو و كارەبای لەسەریەتی لەگەڵ حكومەت پاكتاوی بكات، بەڵام حكومەت ئەمەش ناكات.

سەبارەت بە قەرزەكانی داناغاز ناوبراو ڕایگەیاند، داناغاز ڕاگەیەنراوێكیان بڵاوكردووەتەوە دەڵێن ئێمە قازانجەكانمان لەڕێژەی 130% زیادی كردووە لەم 10 مانگەی ڕابردوودا، ئەویش بەهۆی ئەوەی قەرزەكانی ساڵی 2019 و 2020 لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووەتەوە.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 7
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net