لەگەڵ ڕوونکردنەوەی هۆکارەکانی کۆچی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی کوردستانو دۆخی سەختی ژیانیان لە سنوری نێوان هەردوو وڵاتی بیلاڕوسو پۆڵەندا، نامەیەکم ئاراستەی بەڕێز خاتوو ماریا ئەرینا، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئەوروپا کرد.
لەو نامەیەدا بێجگە لە ئاماژەدان بە هۆکارەکانی کۆچی ژنو منداڵو گەنجی کورد، داوام لە خاتوو ماریا کرد لە ڕوانگەی ستراتیجی کاری لیژنەکەی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە ناوخۆو دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بەهانای هاووڵاتیانی کۆچبەرەوە بچن کە داوای پێدانی مافی پەنابەری دەکەن لە وڵاتانی ئەوروپاو لە ئێسەدا ژیانیان لە مەترسیدایە.
هەر لەو نامەیەدا، بە جیدی باسی ئەو مەترسیانەم کردووە کە لەکاتی مانەوەو بەردەوامی دۆخەکە ڕووبەڕووی کۆچبەران دەبێتەوە، بەتایبەت هوشداریم داوە لە مەرگەساتو دۆخی تراژیدیی لەکاتی نزمبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرماو بارینی بەفرو باران.
هەروەها داوامکرد کاربکات بۆ جیاکردنەوەی دۆسیەی ئەم کۆچبەرانە لە دۆسیە سیاسییەکانی نێوان وڵاتی بیلاڕوسو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا.
عومەر گوڵپی
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
١٢ی ١١ی ٢٠٢١