لەبارەى ئازادبوونى م.بەدەل بەروارى و چوار هاوڕێکەى
2021-10-21
249 جار خوێندراوەتەوە
لەبارەی‌ دادگایی‌ ئەمڕۆی‌ چالاکەوانانی‌ دهۆکەوە
 
١ـ دانیشتنی‌ ئەمرۆی‌ دادگای‌ تاوانەکانی‌ دووی‌ هەولێر تایبەت بوو بە دادگایی‌ هەریەکە لە بەرێزان (د.عامر خالید/ ته‌مه‌ن 51 ساڵ‌و هه‌ڵگری‌ بڕوانامه‌ی‌ دكتۆراو مامۆستای‌ زانكۆی‌ دهۆك، سلێمان كه‌مال/ تەمەن 55 ساڵ‌و خانه‌نشینی‌ پێشمەرگە، م.جه‌مال خەلیل/ تەمەن 40 ساڵ‌و مامۆستای‌ ئامادەیی‌‌و قوتابی‌ دکتۆرا، م.سلێمان موسا/تەمەن 42 ساڵ‌و مامۆستای‌ قوتابخانە، فرسه‌ت ئەحمەد/ تەمەن 47 ساڵ‌و ئه‌ندازیار).
٢ـ دانیشتنەکە نزیکەی‌ دوو کاتژمێری‌ خایاند‌و دەستەی‌ دادگاییەکە ماددەی‌ تۆمەتبارانیان لە بڕگەی‌ (١)ی‌ ماددەی‌ یاسای‌ (٢١)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٠٣)ەوە گۆڕی‌ بۆ ماددەی‌ (٥٦)ی‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌.
 
٣ـ هەریەکە لە تۆمەتباران وەک دوا وتەی‌ خۆیان جەختیان کردەوە لە بێتاوانیان بەرانبەر بەو تۆمەتانەی‌ خراوەتە پاڵیان، د.عامر لە کۆتا قسەی‌ خۆیدا ڕووی‌ لە دادگاو دەستەی‌ دادوەران کردوو وتی‌:"«إِنِ الْحُكْمُ إِڵّا لِڵّهِ»" وەک ئاماژەیەک بۆ داواکردنی‌ دادگەریی‌ بۆیان.
 
٤ـ پارێزەران بەشێوەیەکی‌ شایستە بەرگریان لە تۆمەتباران کردو بە بەڵگەی‌ یاسایی‌ سەلماندیان کە ئەم تۆمەتبارانە کەسانی‌ پاک‌و بە خزمەتن‌و دوورن لەو تۆمەتانەی‌ ئاراستەیان دەکرێت‌و دەبوو پاداشت بکرێن لەسەر ئەو کارانەی‌ وەک خزمەت بە کۆمەڵگەکەی‌ خۆیان کردوویانە نەوەک لە قەفەزی‌ تۆمەتدا ڕابگیرێن.
 
٥ـ پاش نزیکەی‌ (٣٥) دەقیقە لە گفتوگۆى خۆیان، دەستەی‌ دادگای‌ تاوانەکانی‌ دووی‌ هەولێر بڕیاری‌ خۆی‌ بۆ تۆمەتباران خوێندەوە بە بێتاوان ناساندنی‌ د.عامر خالید، هەروەها سزادانی‌ هەریەکە لە (سلێمان کەمال، جەمال خەلیل، سلێمان موسا، فرسەت ئەحمەد) بە ساڵێک زیندانی‌ وە ئەژمارکردنی‌ ماوەی‌ زیندانیکردنیان لە مانگی‌ ٩ی‌ ساڵی‌ ٢٠٢٠ەوە، وە ئازادکردنیان بەهۆی‌ تەواوبوونی‌ ماوەکەیان.
 
٦ـ ئێمە خۆشحاڵبووین بە بڕیاری‌ دادگا بەشێوەیەکی‌ گشتی‌، چونکە هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی‌ پێمان وابوو ئەم تۆمەتبارانە بێتاوانن‌و هیچ تاوانێکیان نەکردووە دژی‌ بەرژەوەندی‌ گشتی‌ بێت‌و کەسانی‌ چاک‌و پاکی‌ کۆمەڵگەن، هەربۆیە سووربووین لەسەر ئامادەبوون لە دانیشتنەکانی‌ دادگاو چاودێری‌ پڕرۆسەکەو وەستان لەگەڵ کەس ‌وکاری‌ دەستگیرکراوان، هیوامان وایە عەدالەت بۆ هەموو دەستگیرکراوانی‌ دهۆک تەحقیق ببێت‌و هەموویان ئازاد ببن و بگەڕێنەوە ناو خانەوادەی‌ خۆیان‌، هەروەها کاک شیروان‌و هاورێکانیشی‌ کە پێشتر بە شەش ساڵ زیندانى سزا دران بە لێبوردنی‌ تایبەت لەو زیندانیە ناڕەوایە ڕزگاریان ببێت.
 
سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ ئەم پێنج هاووڵاتیە کە بوونەتە سیمبولی‌ ئازادی‌ دەگەڕێنەوە ناو ماڵ‌و منداڵی‌ خۆیان.
 
عومەر گوڵپی‌
ڕووپاک ئەحمەد
 
ئەندامانی‌ پەرلەمان لە فراکسیۆنی‌ کۆمەڵى دادگەریى کوردستان
٢١ی‌ ١٠ى ٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 286,044     ژمارەی میوان 19