بەدواداچوون بۆ کێشەى نرخى بەنزین و خستنەڕووى چارەسەرى گونجاو بۆ حکومەت
2021-10-18
222 جار خوێندراوەتەوە
بۆ چارەسەری‌ بەرزبوونەوەی‌ بەردەوامی‌ نرخی‌ بەنزین‌و نەوتی‌ سپی‌ ماڵان، پیشنیارو چارەسەری‌ گونجاومان ئاراستەی‌ سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران کرد، ئەم پرسە هەستیارەو حکومەت نابێت بەس تەماشاکار بێت
 
بە نووسراوی‌ ژمارە (١٠١) لە ١٧ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢١، بە جیدی‌ کێشەی‌ بەرزبوونەوەی‌ بەردەوامی‌ نرخی‌ بەنزین‌و نەوتی‌ سپی‌ ماڵانمان خستە ڕوو، هەروەها چارەسەری‌ گونجاویشمان ئاماژە پێداو ئاراستەی‌ سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیرانمان کرد.
 
لە کۆتایی‌ هەفتەی‌ ڕابردوو، ئەنجومەنی‌ وەزیران کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بۆ چارەسەری‌ کێشەی‌ سوتەمەنی‌، بەتایبەت گرانبوونی‌ بەردەوامی‌ بەنزین‌و نەوتی‌ سپی‌ ماڵان، بڕیاریدا وەزیری‌ سامانە سروشتییەکان بنێرێتە بەغدا، لە کاتێکدا کێشەکە لێرەیە نەوەک بەغدا، چارەسەرەکەش هەر لێرەیەو بەدەست ئەنجومەنی‌ وەزیران و گۆڕینی‌ سیاسەتی‌ نەوتییەتی‌، چونکە هەرێم سیاسەتی‌ نەوتی‌ خۆی‌ هەیەو بەغدا بەرپرسیاری‌ ئەم پرسە نییە.
 
لەم هەفتەیە، نرخی‌ نەوتی‌ خاو، گەڕایەوە بۆ بەرزترین ئاستی‌ خۆی‌ کە لە (٢٠١٨) تۆماری‌ کردبوو کە (٨٥دۆلار) بوو، بەردەوام بەرەو بەرزبوونەوەش دەڕوات، ئەم بەرزبوونەوەیەش هیچ ڕەنگدانەوەیەکی‌ لە ژیانی‌ هاووڵاتیانمان نییە، لە کاتێکدا نرخی‌ بەرهەمەکانی‌ نەوت لە بەنزین‌و نەوتی‌ سپی‌ ماڵان تەنگی‌ بەهاووڵاتیان هەڵچنیوەو ڕۆژانە هاووڵاتی‌ باجی‌ ئەم گرانبوونە دەدەن، دۆخەکە بەرەو نادیاریی‌‌و بارگرانی‌ زیاتریش دەڕوات، ئەوەش بەهۆی‌ ئەوەی‌ حکومەت لە هەرێمی‌ کوردستان تەنها ڕۆڵی‌ تەماشاکار دەگێرێت‌و سیاسەتی‌ نەوتی‌ پڕ گەندەڵی‌ لە دەرەوەی‌ یاسا بەڕێوە دەبات‌و پرۆسەی‌ نەوت لە دەرهێنان تا فرۆشتن‌و گەڕانەوەی‌ نرخەکەی‌ نادیارەو لەدەرەوەی‌ یاسای‌ نەوت‌و گازە. 
 
ئێمە بێجگە لە ڕەخنەگرتن لەم سیاسەتە هەڵەیەی‌ بەڕێوەبردنی‌ نەوت‌و سامانی‌ سروشتی‌، لە ڕوانگەی‌ دڵسۆزیمان بۆ خەڵکی‌ کوردستان، پێشنیاری‌ گونجاومان ئاراستەی‌ سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران کرد، بەهیواین چیتر حکومەت تەماشاکار نەبێت‌و فریای‌ ژیانی‌ هاووڵاتیان بکەوێت کە لەوەرزی‌ زستاندا دۆخەکە خراپتر دەبێت.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
١٨ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢١

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 285,390     ژمارەی میوان 221