داوای‌ مامۆستایانی‌ وانەبێژمان ئاراستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنی‌ وەزیران و پەرلەمان
2021-10-17
64 جار خوێندراوەتەوە
 
بە خستنەڕووی چارەسەر، کێشەو داواکاری‌ مامۆستایانی‌ وانەبێژمان ئاراستەی‌ سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران و سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد
بە ڕوونکردنەوەی کێشەکەو خستنەڕووی چارەسەرەکان، بەهەردوو یاداشتی‌ ژمارە (٩٩)و (١٠٠)، لە ١٧ی ١٠ی ٢٠٢١، داواکاری‌ مامۆستایانی‌ وانەبێژمان ئاراستەی‌ هەردوو سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران‌و دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان کرد.
 
 
لە یاداشتی‌ ژمارە (٩٩)دا، داوامانکردووە سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران بەدەم داواکاری‌ مامۆستایانی‌ وانەبێژەوە بچێت کە زیاتر لە پێنج ڕۆژە لەسەر شەقامەکان گردبوونەوەی‌ ناڕەزایی‌ ئەنجام دەدەن‌و هۆڵەکانی‌ وانە وتنەوەیان بەجێهیشتووە، ئەمەش بۆ داواکارییەکی‌ سادەی‌ یاسایی‌ کە گۆڕینی‌ شێوازی‌ کارکردنیانە بۆ شێوازێکی‌ یاسایی‌ کە دامەزراندنە بە هەمیشەیی‌ یان گرێبەست.
 
 
لە یاداشتی‌ دووەمدا بە ژمارە (١٠٠)، داواماکردووە دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان دانیشتنەکانی‌ پەرلەمان دەست پێ بکاتەوە بە ڕەچاوکردنی‌ ئەو یاداشتەی‌ کە ژمارەیەک ئەندام پەرلەمان واژۆمانکردوو و لەسەرەتای‌ مانگی‌ پێشوو ئاراستەی‌ دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمانمان کرد بەمەبەستی‌ بەڕێوەچوونی‌ دانیشتنی‌ تایبەت بە کێشەکانی مامۆستایانی‌ وانەبێژو سێ یەکەمەکەی‌ زانکۆو فەرمانبەرانی‌ گرێبەست، هیوادارین دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ بە ئەرکە یاساییەکانی‌ هەستێت‌و لە کۆتایی‌ ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەکە بەڕێوەبەرێت بە ئامادەبوونی‌ وەزیرانی‌ پەیوەندیدار بەمەبەستی‌ گفتوگۆی‌ کێشەکان‌و دۆزینەوەی‌ چارەسەری‌ گونجاو.
 
 
داواکانی‌ مامۆستایانی‌ وانەبێژ ڕه‌وان‌و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ به‌دواداچوون
 
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
١٧ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢١
.........
 
دەقی‌ ناوەڕۆکی‌ هەردوو یاداشتەکە:
 
 
ناوەڕۆکی‌ یاداشتی‌ ژمارە(٩٩) لە بەرواری‌ ١٧ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢:
 
 
زیاتر لە پێنج ڕۆژە، مامۆستایانی‌ وانەبێژ، لە شارو شارۆچکەکان لەسەر شەقامەکان گردبوونەوەی‌ ناڕەزایی‌ ئەنجام دەدەن و هۆڵەکانی‌ وانەوتنەوەیان بەجێهێشتووە، ئەوەش لە پێناو داوایەکی‌ ڕەواو سادە، ئەویش ئەوەیە کە شێوازی‌ کارکردنیان لە وانەبێژییەوە بگۆڕێت بۆ شێوازێکی‌ یاسایی‌ کە دامەزراندنە بە شێوەیەی‌ (هەمیشەیی‌) یان (گرێبەست) کە هەر ئەم دوو شێوازە بە یاساو ڕێنمایی‌ ڕێکخراون.
کاکردنی‌ زیاتر لە(٢٣,٠٠٠) مامۆستا بەشێوەی‌ وانەبێژیی‌، بووەتە هۆی‌ پڕکردنەوەی‌ کەلێنێکی‌ گەورەی‌ قوتابخانەکانی‌ سەر بە پەروەردە بەتایبەت لە شارۆچکەکان و گوندەکان و شوێنە دوورە دەستەکان، لە پێناو ڕاگرتنی‌ دەوامیشدا ئەو مامۆستایانە زەحمەتێکی‌ زۆر دەکێشن و خەرجییەکی‌ زۆر دەکەن، لە بەرانبەردا حکومەت پابەندی‌ مافەکانیان نییە، پاداشتیان وەک ماندووبوونیان نیە، هەروەها خاوەنی‌ هیچ دەستەبەرییەکی‌ یاسایی‌ نین، هەروەها خاوەنی‌ ئەو مافانە نین کە لە یاسا بەرکارەکاندا بۆ ڕاژەی‌ هەمیشەیی‌ و گرێبەست هەن، لە هەمانکاتدا ئەو بڕە پارە کەمەی‌ مانگانە پێیان دەدرێت دوا دەکەوێت، ئەمە بێجگە لەوەی‌ دایک هەیە بەهۆی‌ فشاری‌ بێکاری‌ و هەژاری‌ و نەبوونی‌ هیچ هەلێکی‌ کار، ئەمڕۆ منداڵی‌ بووە، سبەینێ منداڵە یەک ڕۆژەکەی‌ بەجێهێشتووەو گەڕاوەتەوە بۆ سەر وانەبێژی‌، ئەمەش پێشێلکارییەکی‌ گەورەی‌ بەرانبەر ئەو منداڵە تێدایە بەهۆی‌ نەبوونی‌ هیچ سیستم و ڕێنماییەک کە کارو مافەکانی‌ وانەبێژان دەستەبەر بکات.
 
 
بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەم ئەم یاداشتەمان ئاراستەی‌ (سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران) بکەن بەمەبەستی‌ بەدەمەوەچوونی‌ کێشەی‌ مامۆستایانی‌ وانەبێژو خستنەڕووی‌ پلان و بەرنامەی‌ حکومەت بۆیان و چارەسەرکردنی‌ کێشەکانیان بە پێی‌ یاسا بەرکارەکان بەجۆرێک دەستەبەری‌ مافەکانی مامۆستایانی‌ وانەبێژ بکات و ببێتە هۆی‌ بەردەوامی‌ خوێندن لەو ژمارە زۆرەی‌ قوتابخانەو دروست نەبوونی‌ کەلێن بە وەڵامدانەوەی‌ ناڕەزایەتی‌ مامۆستایان.
 
 
ناوەڕرۆکی‌ یاداستی‌ ژمارە (١٠٠) لە ١٧ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢١:
 
 
هاوپێچ داواکاری‌ نوێنەری‌ مامۆستایانی‌ وانەبێژە بۆ ئەنجامدانی‌ کۆبوونەوەی‌ تایبەتی‌ پەرلەمان تایبەت بە گفتوگۆی‌ کێشەو داواکارییەکانیان بە ئامادەبوونی‌ وەزیرانی‌ پەیوەندیدار.
 
 
جێی‌ ئاماژەیە، پاڵپشت بە بڕگەی‌ یەکەم لە ماددەی‌ (٦٦)ی‌ پەیڕەوی‌ ناوخۆ، بە واژۆی‌ ژمارەی‌ یاسایی‌ ئەندامانی‌ پەرلەمان، لە سەرەتای‌ مانگی‌ پێشوو، یاداشتێکمان پێشکەش بەدەستە بەرێزەکەتان کرد بەمەبەستی‌ گفتوگۆی‌ کێشەی‌ مامۆستایانی‌ وانەبێژو سێ یەکەمەکەی‌ زانکۆو فەرمانبەرانی‌ گرێبەست لە نزیکترین کۆبوونەوەی‌ پەرلەماندا بە ئامادەبوونی‌ وەزیرانی‌ پەیوەندیدار.
 
 
بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین لە ڕوانگەی‌ ئەرکە یاساییەکانتان لە دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌، بفەرموون بە دانانی‌ ئەو داوایە لە نزیکترین دانیشتنی‌ پەرلەماندا بەمەبەستی‌ دۆزینەوەی‌ چارەسەر بۆ کێشەکان و وەڵامدانەوەی‌ داوای‌ گەنجان و چین و تویژەکان.
 
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
١٧ى ١٠ى ٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 8
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net