ڕووداوەکانى هاتوچۆ، دەسەڵات و حکومەت دادەچڵەکێنن؟
2021-09-22
40 جار خوێندراوەتەوە
 
هەر ڕۆژێک ڕووداوێکی‌ دڵتەزێن، ئەم ئێوارەیە هەواڵى گیان لەدەستدانی‌ حەوت کەس لە ڕووداوێکى هاتوچۆ لە بەردەڕەش، پێى وتین چ مەترسییەکى گەورە ڕۆژانە لەسەر ڕێگامانە!
 
گومانی‌ تێدا نییە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی‌ ڕووداوەکان خێرایی‌و سەرکێشی‌ شۆفێرە، بەڵام نابێت ئەوە لە بیر بکەین کە خراپی‌ ڕێگەوبانەکان، نەبوونی‌ ئاماژەو هێڵکاری‌ پێویست، کێشەی‌ توندوتۆڵی‌ ئۆتۆمبیل‌و ڕێگەدان بە هاتنەژوورەوەی‌ هەزاران ئۆتۆمبیل لە دەرەوەی‌ ستانداردەکانی‌ سەلامەتی‌‌و مەرجەکانی‌ توندوتۆڵی‌، کاریگەریی‌ گەورەیان هەیە لەسەر ژمارەو جۆری‌ ڕووداوەکان، تەنانەت بابەتی‌ خێرایی‌‌و سەرکێشی‌ شۆفیریش هەر لە بەپرسیارێتی‌ حکومەت‌و وەزارەتی‌ پەیوندیدارە کە پلان‌و بەرنامەو سیاسەتی‌ گونجاوی‌ هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی‌.
 
بە ژمارە (٢٠) لە ١٢ی‌ ١٠ی‌ ٢٠٢٠، بەدواداچوونم بۆ ئەم بابەتە کرد کە پەیوەندی‌ بە ژیانی‌ هەموو تاکێکەوە هەیە، پرسیارم کردبوو کردبوو وەزارەتی‌ ناوخۆ پلانی‌ چییە بۆ ئەم کێشە گەورەیە؟ وەزارەتی‌ ناوخۆ بە ژمارە (٢١٥٦) لە بەرواری‌ (٢٤ی‌ ١ی‌ ٢٠٢١) وەڵامیان دامەوە کە ئەوان لە پلانیاندا هەیە لە دەرفەتێکی‌ گونجاودا کۆنفرانسێکی‌ تایبەت ساز بکەن بۆ هەڵسەنگاندنى ڕەوشى هاتوچۆو ڕووداوەکان و دەستنیشانکردنی‌ زانستیانەی‌ هۆکارەکان،‌و دۆزینەوەو پاشان پێشنیارکردنی‌ چارەسەری‌ گونجاو، بەڵام وا نزیکەی‌ ساڵێکی‌ تەواو تێدەپەڕێت، وەزارەتی‌ ناوخۆ هیچ هەنگاوێکیان بۆ ئەو کۆنفرانسە نەهاویشت! و کارو هەڵسەنگاندن‌و پلانەکەیان دیارنییە!
 
لە ڕاستیدا ئەمەى لە کوردستان ڕوودەدات زیاترە لە ڕووداوى هاتوچۆ، بەڵکو نیمچە قەتڵ و عامێکە، ئاخر ئەکرێت مردنى حەوت کەس لە یەک ڕووداوى هاتوچۆ لەیەک خێزان، تەنها هەواڵى میدیاکان بێت و تەواو؟
 
دواجار، ئەوە ئەرکی‌ حکومەتە، لەسەر ڕووداوەکان بوەستێت، تەنها تەماشاکار نەبێت، بێباک نەبێت لە ژیانی‌ هەزاران هاووڵاتی‌ کە دەبنە قوربانی‌، یان کەمئەندام‌و بریندار دەبن بەجۆرێک کە تا کۆتایی‌ تەمەنیان باجی‌ ئەم گرفت‌و کێشەیە ئەدەن.
 
حکومەت پارەو سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیان لەبەردەستە، یاسایان لەبەردەستە، خۆ ئەگەر یاساکان وەک پێویست نین‌و پێویستیان بە هەموار هەیە ئەبێت پێشنیاری‌ هەموار بنێرنە پەرلەمان، ئەگەرنا ئەوان چی‌ دەکەن لە ئەنجومەنی‌ وەزیران؟
 
بەردەوام دەبین...
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
٢٢ی‌ ٩ی‌ ٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 7
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net