بە نووسراوی ژمارە (٩٨) لە رۆژی ١٢ی ٩ی ٢٠٢١، بەدواداچوونمان کرد بۆ بابەتی کاری نایاسایی لە بواری ژمێریاری یەکە سەربازییەکانو کاری نایاسایی لەو مووچەو ئیمتیازاتانەی بۆ ئەم بوارە مانگانە خەرج دەکرێت.
پاش نۆ کابینە، نەوەک دەسەڵاتو حکومەت نەیتوانیوە بچوکترین یەکەی سەربازی بێلایەن لە دەرەوەی دەسەڵاتی پارتیو یەکێتی لە چوارچێوەی یاساو دامەزراوەی نیشیمانیدا دروست بکات، بەڵکو تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو خاڵە بچوکەی چاکسازی کە لە یاسای چاکسازی لە مووچەو ئیمتیازاتەکاندا هاتووە جێبەجێ بکات کە بریتیە لە یەکخستنی ژمێریاری یەکە سەربازییەکان بەتایبەت هەردوو یەکەی حەفتاو هەشتا لە ژمێریاری سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینی سەربازی بەتایبەت لە یەکەکانی حەفتاو هەشتا بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی.
لە کوردستان، بە هەزاران کەس لە دەرەوەی یاساو وردبینی دیوانی چاودیری داراییو وەزارەتی پێشمەرگەو بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی مووچە وەردەگرن، و هیچ کەسو دامەزراوەیەک نازانێت ئەو پارەیە چۆن خەرج دەکرێتو چەندی دەچێتە گیرفانی کەسانی شایستەو حەقیقیو چەندی ناوی وەهمیو بندیوارە؟ ئەمە بێجگە لە وەرگرتنی ئابونەی حزبی مانگانە بە بڕی سێ هەزار دینار لە هەر یەکێکیان کە کەس نازانێت دەچێتە گیرفانی کێو چی لێ دەکەن؟
عومەر گوڵپی
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان
١٢ی ٩ی ٢٠٢١