ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئەو هاووڵاتیانەی‌ سزای‌ نەبەستنى پێوەری‌ ئاویان بۆ هاتووەتەوە
2021-09-04
249 جار خوێندراوەتەوە
سزای‌ نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو، پاڵپشتە بە ڕێنمایی‌ ژمارە (١)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٨)، کە ئەویش پشتی‌ بە ماددەیەکی‌ یاسایی‌ بەستووە کە بریتیە لە بڕگەی‌ (سێیەم)ی‌ ماددەی‌ (حەوتەم)ی‌ یاسای‌ ژمارە (١٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٠)ی‌ تایبەت بە هەیکەلی‌ وەزارەتی‌ شارەوانی‌، کە یاسایەکی‌ گشتیەو بەهیچ جۆرێک ناچێتە بواری‌ بابەتی‌ سەرپیچییەکان، لە بەرانبەردا پەرلەمانی‌ کوردستان بە ژمارە (٤)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢١)، یاسای‌ پاراستنی‌ پڕۆژەو تۆڕەکانی‌ ئاوو ئاوەڕۆ لە هەرێمی‌ کوردستانی‌ دەکردووە کە یاسایەکی‌ تایبەتمەندە بە سەرپێچییەکان و هەموو کەلێنەکانی‌ ئەو بوارەی‌ پڕکردووتەوە، هەروەها لەکاتی‌ گفتوگۆی‌ یاساکەدا، ژمارەیەکى زۆر لە ئەندامانى پەرلەمان هاوڕابوون لەسەر لابردنی‌ ماددەی‌ پەیوەست بە پێوەری‌ ئاوو سزایەکانى، هەربۆیە پێوەرى ئاوو سزایەکانى نەبوویە بەشێکە لە یاساکە، ئەوەش بەهۆی‌ خراپی‌ پرۆسەکەو کەم‌و کورتییەکانی‌‌و نەگونجانی‌ لەگەڵ دۆخی‌ خراپی‌ ئاوی‌ خواردنەوەی‌ هاووڵاتیان لە ژمارەیەک شارو شارۆچکە.
 
هەربۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەم سزای‌ نەبەستنی‌ پێوەری‌ ئاو نەدەن، چونکە سزاکە پاڵپشت نیە بە یاسا، بێجگە لەو تێبینی‌‌و کەم‌و کورتیانەى لە پرۆسەکەدا هەیە، تا ئەو کاتەی‌ حکومەت یاسای‌ ژمارە (٤)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٢١) جێبەجێ دەکات کە یاسایەکە تازە دەرچووەو پێویستە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕێنمایی‌ نوێی‌ بۆ دەربکەن بۆ جێبەجێکردنى، هەروەها لە کاتى دەرکردنى ڕێنماییشدا پێویستە ڕەچاوی‌ تێبینی‌‌و کەم‌و کورتیەکانی‌ پێوەرەکە و سکاڵاى هاووڵاتیان بکرێت، هەروەها ڕەچاوى دۆخی‌ خراپی‌ ئاوی‌ خواردنەوەی‌ ژمارەیەک شارو شارۆچکە بکرێت.
 
لێرەوە داوا لە سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران‌و وەزارەتی‌ شارەوانی‌‌و گەشت‌و گوزار دەکەم کارکردن بە ڕێنماییەکە ڕاگرن‌و سزای‌ هیچ هاووڵاتیان نەدەن و لە برى ئەوە فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێرن بە وەڵامدانەوەى کێشەو گرفتەکانى هاووڵاتیان لە دابینکرنى ئاوى خواردنەوەو چاککردنى گرفتە یاسایى و تەکنیکیەکانى پێوەرەکە.
 
پاش ژمارەیەکى زۆرى داواى هاووڵاتیان ئەم ڕوونکردنەوەیەم بە پێویست زانى، هەروەها دڵنیایان دەکەمەوە کە ڕێکارى پەرلەمانى و یاسایى بۆ ناوەڕۆکى ئەم ڕوونکردنەوەیە دەگرینەبەر.
 
لەگەڵ ڕێزدا
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
٤ی‌ ٩ی‌ ٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 293,999     ژمارەی میوان 196