بەدواداچوون بۆ کێشەى فەرامۆشکردنى زمانى کوردى لە کوردستان
2021-09-01
195 جار خوێندراوەتەوە
 
چالاکییەکە کوردییە، لە هەولێرە، زۆرینەی‌ ڕەهای‌ ئامادەبووان کوردن، بەڵام بە زمانی‌ ئینگلیزی‌ پێشکەش دەکرێت‌و پاشان دەکرێتەوە بەکوردی‌!
 
فەرامۆشکردن و هێندێکجار بێڕێزی‌ بە زمانی‌ کوردی‌ گەیشتووەتە لوتکە، لە هەموو ئاستێک و لە هەموو بوارێکدایە، بەشێکى زۆرى سەرچاوەکەى فەرامۆشکردن و بێڕێزییەکەش‌ خۆ بە بچوک زانین‌و لاوازییەکە کە لەدەروونەوە سەرچاوەی‌ گرتووە، لای‌ کەسانێک کە بە تەواوەی‌ ڕووخاون بەرانبەر بەو داگیرکارییە ڕۆشنبیرییەی‌ کە رۆژئاوا ڕووبەڕووی‌ گەلانی‌ دونیای‌ کردووەتەوە، خراپی‌ سیستم‌و حکومڕانیش تەواوکاری‌ ئەو ڕووخانە دەروونییەیە‌.
 
لە هەرێمی‌ کوردستان یاسای‌ زمانە فەرمییەکانمان هەیە، بە پێی‌ ئەو یاسایە دەبێت هەموو چالاکییەک، نووسینێک، نووسراوێک، تابلۆیەک، ڕیکلامێک، قسەکردنێک، یاسایەک، ڕێنماییەک، بڕیارێک، پەروەردەیەک، بە زمانی‌ کوردی‌ بێت، پاشان ڕێگە دراوە بە زمانەکانی‌ تریش بێت‌.
 
زۆرجار پیشێلکارییەکان بە ئامادەبوونی‌ کەسی‌ یەکەمی‌ حکومەتن، کە خۆی‌ دەبێت پارێزەری‌ زمانی‌ کوردی‌ بێت‌و وەزارەتەکانی‌ پلان‌و بەرنامەیان هەبێت بۆ دانانی‌ سنورێک بۆ ئەم بێڕێزییە بە زمانی‌ کوردی‌‌و هاووڵاتی‌ کوردستانی‌، کە تەنها لە سنوری‌ بێڕێزیدا ناوەستێتەوە، بەڵکو دەگاتە ئاستی‌ پەراوێزخستن و فەرامۆشکردنی‌ زمانەکە لەلایەن دامەزراوە جۆراو جۆرە حکومی و ناحکومییەکانەوە لە (هەرێمى کوردستان).
 
بە نووسراوی‌ ژمارە (١٧) لە ٨ی‌ ١١ی‌ ٢٠٢٠، داوامکردووە، لە ڕێگەی‌ لیژنەی‌ ڕۆشنبیرییەوە، پەرلەمانی‌ کوردستان ئەم بابەتە گفتوگۆ بکات‌و سنورێک بۆ ئەم پیشێلکارییانە دابنێت، سەرۆکایەتى پەرلەمانیش بە نووسراوى ژمارە (ک/ ١٨٧٥) لە بەروارى (١٠ى ١١ى ٢٠٢٠) نووسراوەکەى ئاراستەى لیژنەى ڕۆشنبیریى کردووە، ئەوەی‌ بزانم لیژنەکە لیژنەی‌ لاوەکی‌ پێکهێناوە بۆ ئەم بابەتە، بەڵام نازانم کارەکانی‌ لیژنە لاوەکییەکە بە کوێ گەیشتووە.
 
ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت، چەند ساڵێکی‌ تر دەبینین پەرۆشانی‌ زمانی‌ کوردی‌‌و هەڵگرانی‌ خەمی‌ نیشتیمان، خۆپیشاندان ساز دەکەن بۆ ئەو پەراوێزخستنەی‌ کە ئێستە هەیەو ڕاگرتنی‌ ئەو پیشێلکارییانەی‌ دەرهەق بە زمانە جوانەکەمان دەکرێت لەلایەن حکومەتی‌ هەرێمی‌ کوردستانەوە!.
 
دەقی‌ ناوەڕۆکی‌ یاداشتەکە:
 
بە پێی‌ بەدواداچوونەکانم، بە پێچەوانەی‌ دەق و حوکمەکانی‌ یاسای‌ زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی‌ کوردستان، ژمارە(٦)ی‌ ساڵی‌(٢٠١٤)، دام و دەزگاکانی‌ حکومەت کەمتەرخەمن لە پابەندبوون بە پاراستن و کارکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ زمانی‌ کوردی‌ وەک زمانی‌ سەرەکی‌ لە هەرێمی‌ کوردستان، و بەردەوام چەندین پێشێلکاری‌ بەرانبەر زمانەکەمان ئەنجام دەدرێت، بەمجۆرە:
 
١ـ دەرکردنی‌ (پەیڕەو)و (بڕیار)و (ڕێنمایی‌) بە تەنها بە زمانی‌ عەرەبی‌ لەلایەن ئەنجومەنی‌ وەزیران و وەزارەتەکان و دەستەکانەوە، نمونەی‌ ئەم سەرپێچییەش هاوپێچ کراون کە پێشێلکردنی‌ ماددەکانی‌ (٤ و٥)ی‌ یاسای‌ زمانە فەرمییەکانە.
 
٢ـ نووسینەوەو دەرکردنی‌ زۆرێک لە دەقی‌ بڕیارەکان لە دادگاکان تەنها بە زمانی‌ عەرەبی‌، ئەمەش پێچەوانەی‌ ماددەی‌ (٦)ی‌ یاسا زمانە فەرمییەکانە.
 
٣ـ فەرامۆشکردنی‌ زمانی‌ کوردی‌ لەسەر تابلۆی‌ بازاڕو شوێنەکانی‌ کار (بچوک و گەورە)و شوێنە گەشت و گوزارییەکان، ئەم سەرپێچییەش زیاتر لە شارە گەورەکانی‌ هەولێرو سلێمانی‌ و دهۆک بەدیدەکرێت، لە هاوپێچدا ژمارەیەک وێنە هەن کە ئەم ڕاستییە ڕووندەکەنەوە، ئەمەش پێچەوانەی‌ بڕگەی‌ (یەکەم) لە ماددەی‌ (١٠)یەمی‌ یاساکەیە.
 
٤ـ هەڵەی‌ زمانەوانی‌ و چاپ لە (پەیڕەو، ڕێنمایی‌، بڕیار، نووسراو)ەوەکانی‌ وەزارەت و دام و دەزگاکانی‌ حکومەت.
 
٥ـ خراپی‌ لە قسەکردن و دەربڕین و ئاخاوتنی‌ هێندێک لە وەزیرو بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ و کاربەدەستی‌ حکومەت، بەجۆرێک کە هەریەکە لەو بەڕێزانە وەک ئەوەی‌ زمانی‌ کوردی‌ لایان زمانی‌ دووەم بێت نەوەک یەکەم.
 
٦ـ بەکارنەهێنان و فەرامۆشکردنی‌ زمانی‌ کوردی‌ لەلایەن بەشێکی‌ زۆر لە خوێندنگەو قوتابخانە و زانکۆو پەیمانگا ناحکومییەکانەوە، ئەمەش پێچەوانەی‌ ماددەی‌ (١٣)ی‌ یاساکەیە.
 
٧ـ لە کاتی‌ ڕیکلام بۆ هەلی‌ کارو پڕکردنەوەی‌ پۆستەکان، لە بری‌ گرنگیدان و پیشخستنی‌ باشتر بۆ ئەوانەی‌ زمانی‌ کوردی‌ باشتر دەزانن، بە پێچەوانەوە هەلی‌ پێشینەی‌ کار بۆ ئەوانەیە کە زمانی‌ بیانی‌ دەزانن، ئەمەش پێچەوانەی‌ ماددەی‌ (١٥)ی‌ یاسای‌ زمانە فەرمییەکانە.
 
هەربۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەم لیژنەی‌ (ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وه‌رزش و لاوان) ڕاسپێرن بۆ بەدواداچوونی‌ ئەم کێشەو سەرپێچیانەو لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی‌ چارەسەرو پابەندکردنی‌ حکومەت و دامەزراوەکانی‌ بە جێ بەجێکردنی‌ دەق و حوکمەکانی‌ یاسای‌ زمانە فەرمییەکان لە هەرێمی‌ کوردستان و پاراستنی‌ زمانی‌ کوردی‌ لە هەرێمەکەماندا.

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 285,766     ژمارەی میوان 553