"ڕەخنە سودی نییە، هەر قسە دەکەن، بە کردەوە چی دەکەن؟ ئەی کردەوە؟ ئەنجامەکەی چییە؟ زۆرمان بیست لەمجۆرە ڕەخنانە، هاتوهاوار سودی نییە، بەدواداچوونو خستنەڕووی گەندەڵی چ سودێکی هەیە؟ دیسان ڕوونکردنەوە! دیسان بەیاننامە!"
ئەمانەى سەرەوەو چەند بۆچوونێکی تری هاوشێوە، ڕۆژانە لە هاووڵاتیان و خەڵکانى تر دەیبیستین، کە بەشێک لە ڕەخنەکان دڵسۆزانەن و کەسانێک لەوپەڕى دڵسۆزییەوە بۆچوونى خۆیان بەمجۆرە دەردەبڕن.
ئەرێ بەڕاست ئەزیزان، ئێوە کاری ئێمە بە چی تێگەیشتوون؟ ئایا ئێوه ئهتانهوێت ئێمهش وهك پارتیو یهكێتی هێزی چهكداری حزبی دروست بكهینو ببینه بهشێك لهو دڵهڕاوكێو ئاڵۆزیی و خراپەکارییەى له كوردستان ههیه؟ یان چی؟
خۆشەویستان:
ئێمە پەرلەمانتارین، پەرلەمانتاریش کارەکانى بریتیە لە یاسادانان و چاودێرى کارەکانى حکومەت، بەتایبەت ئۆپۆزسیۆن کاری خۆی هەیە، کە بریتیە لە (چاودێری)ی کارەکانی حکومەت بە ڕێگەو وەسیلەی پەرلەمانی، گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لەدژی کاری نایاساییو سەرپێچیو گەندەڵی، پاشان بە ئاگاهێنانەوەی ڕایگشتی، و لە دەرئەنجامی ئەمانەش دروستکردنی فشار تا دەسەڵات بە ئاراستەی بەرژەوەندی گشتی هەنگاو بنێت، هیچی تر نا.
بەڕێزان:
ئێمە ئۆپۆزسیۆنین، حکومەت دیکتاتۆریبێت یان دیموکراسی، کاری ئێمە هەر ئەمەیە کە دەیکەین، نەوەک شتێکی تر، واتە بە یاسا ئێمە ناتوانین مووچەت بۆ خەرج بکەین، پڕۆژەى ئاوى خواردنەوە بکەینەوە، هەلی کار بڕەخسێنینو دامەزراندن دەست پێبکەین و کارەبا بکەینە بیست و چوار سەعات، ئێ کە توانیمان ئەوە بکەین واتە ئێمە دەسەڵاتین، نەوەک ئۆپۆزسیۆن، ئیشی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن ڕەخنەگرتنو پیشاندانی کەمو کورتیو گەندەڵیو هێندێکجار پێشنیارکردنی ڕێگە چارەیە، بەڵام دواجار مووچەو دەرماڵەو پڕۆژەو دامەزراندنو پلە بەرزرکردنەوەو چی و چی کاری حکومەتو ئهو حزبانهیه كه له دهسهڵاتن، نەوەک پەرلەمانتاری ئۆزسیۆن، ئەمە دابهشكارییهكی حهتمیه لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا، ئێمە بۆ هەموو ئەمانە تەنها دەتوانین فشار بکەین.
ئهزیزان:
پهرلهمانتاری ئۆپۆزسیۆن ئەوە کاریەتی، ئیتر ئەگەر پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)بێت لە تورکیای ئەردۆگان کە دیکتاتۆرانە لەگەڵ گهلی كوردو نهیارهكانیو بهتایبهت هەدەپەی کوردی مامەڵە دەکات یان پارتی پارێزگارانی سوید بێت كه حزبى ئۆپۆزسیۆنی حكومهتی وڵاتەکەیەتی لە وڵاتێکى وەک سوید کە وڵاتێكی پێشكهوتووه له ڕووی سیستمی سیاسیهوه، ههردووكیان ههر یهك كار دهكهن، هیچ كهسیش له كوردانی توركیا نههاتووه واز له ڕەخنە لە ئەردۆگانو پارتهكهی و هاوپهیمانهكانی لە دەسەڵات (وهك مهههپه) بهێنێتو یهخهی ههدهپهی کوردی بگرێتو بڵێت ئهم خراپهكارییو ستهمكارییهی توركیا خهتای ئێوهیه!
پاشان زۆرم پێ سەیرە هێندێک بەڕێز دەڵێن قسەکردنو ڕوونکردنەوەو ڕهخنهگرتن سودی نییەو فشار دروست ناکات، ئەی ئەگەر سودی نییە بۆچی زۆر بەناڕەحەتی زانیارییو ژمارەو داتامان دەست دەکەوێت؟ بۆ حكومهتو دەسەڵات بە ئاسانی زانیاریمان پێ نادات؟ بۆ زانیارییەکانمان لێ دەشارێتەوە؟ بۆ وەڵامی پرسیارو بهدواداچوونهكانمان بە ئاسانیو لەکاتی خۆیدا ناداتەوە؟ بۆ قەڵس دەبێت بە میدیایەکى ڕەخنەگرانەو جارى وا هەیە تا ئاستى گەمارۆدان و تەنگ پێهەڵچنین و داخستن دەڕوات لەگەڵیدا؟ بۆ یەک دنیا پارەی تەرخانکردووە بۆ پڕوپاگەندە بۆ خۆیانو دەسەڵاتو کارەکانیان؟
لە کۆتاییدا سوپاسی هەموو ئەو خۆشەویستانە دەکەم کە هانمان دەدەنو پشتیوانیمان دەکەن لە دژایەتی گەندەڵی، لە بەدواداچون، لە ڕوونکردنەوەو تێگەیاندنی ڕایگشتیو دروستکردنی فشار، لە هەر کارێک کە ڕەخنە لە دەسەڵاتو حکومەت دەگرێتو خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکات.
ڕوو ئەکەمە ئەو دۆستانەی کە بە زانین یان نەزانی پێمان دەڵێن: بەسەو قسە مەکەن، پێیان دەڵێم: ئەزیزان، ئێوە ئەگەر پشتمان ناگرن، ساردیشمان مەکەنەوە تکایە، چونکە ئەوەی ئێوە دەیڵێن باوەڕ بکەن دەسەڵات ئەوەی دەوێت، ئەویش بێدەنگی ئێمەو هەرکەسێکە چاودێریان بکاتو ڕەخنەیان لێ بگرێت.
بۆ ئەوانەشی کە بەشێکن لەو سوپایەی کە لەسۆشیەڵ میدیا بە پارەی دزراوی میللەت ڕاسپێردراون تا پەیامەکەمان ون بکەنو دژمان قسە بکەنو ساردمان بکەنەوەو کۆڵمان پێ بدەن، هیچ ناڵێم، چونکە ئەوانە پاروە نانە حەرامەکەیان لەو کارەدایە.
عومەر گوڵپی
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان