بەدواداچوون بۆ ئەو بەنزینەى تەنها لە هەولێر دەفرۆشرێت
2021-09-01
428 جار خوێندراوەتەوە
"هاووڵاتیان ڕۆژانە باجی‌ گرانی‌ بەنزین‌ دەدەن"
 
بەدواداچوون
 
بە پێی‌ یاسای‌ ژمارە (٣)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٣)، پێویستە حکومەت ڕێگە لە قۆرخکاریی‌ بازاڕ بگرێت‌و خۆی‌ هەستێت بە ڕێکخستنی‌ کێبڕکێ‌ لە نێوان بازرگان‌و کۆمپانیاکاندا بۆ بەدیهێنانى بەرژەوەندى گشتى، کەچی‌ وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەکان خۆی‌ بەشداری‌ قۆرخکارییە!
 
بەژمارە (١٢٣) لە (١ی‌ ٨ی‌ ٢٠٢١)، دواداچوونمان کردووە بۆ ئەو بەنزینەی‌ تەنها لە هەولێر دەفرۆشرێت بە ژمارەیەکی‌ دیاریکراو لە بەنزینخانە‌و ئەوانیش بە (٦٦٠ دینار) دەیفرۆشنەوە بە شۆفیران، ئەمە لەکاتێکدا ئەم بەرهەمە هی‌ خەڵکی‌ کوردستانەو دەبوو بە یاسا مامەڵەی‌ لەگەڵ بکرێت‌و تەنها نەدرێتە کۆمپانیای‌ کار بۆ پاڵاوتن، هەروەها تەنها لە هەولێریش دابەش نەکرێت‌و بدرێتە شارەکانی‌ تریش.
 
ئایا خەڵکی‌ زاخۆو ئامێدی‌‌و سلێمانی‌‌و گەرمیان‌و ڕاپەڕین‌و هەڵەبجە، پشکیان لەو (نەوت)ەو لە بەرهەمەکەی‌ نییە؟ بۆ دەبێت شۆفێرێک لە هەڵەبجە یان کەلار بەنزینی‌ نۆرماڵ بە (٧٧٥ دینار) بکڕێت‌ لە کاتێکدا بەنزینی‌ حکومەت بە (٦٦٠ دینار) بفرۆشرێت؟ کە جیاوازییەکەیان بۆ هەر لیترێک (١١٥ دینارە)و بۆ هاووڵاتیان ڕۆژانە بارگرانیەکی‌ گەورەیە.
 
ڕۆژانە نزیکەی‌ یەک ملیۆن‌و شەش سەد هەزار شۆفێر، دەست دەکەن بە گیرفانیانداو باجی‌ گرانی‌ نرخی‌ بەنزین‌و سوتەمەنی‌ دەدەن، ئەمە بۆ هەموو هاووڵاتیەک سەختە، بەتایبەت شۆفیرانی‌ تەکسی‌ و هێڵەکانى گواستنەوە، چونکە ژیانیان لەسەر کارەکەیانەو بەهۆی‌ گرانی‌ بەنزینیشەوە تێچووی‌ کارەکەیان زیاد دەبێت.
 
ئێمە دەمانەوێت حکومەت لە دۆخی‌ گرانی‌ بەنزین تەماشاکار نەبێت و تەنها هاووڵاتى باجەکەى بدات، کوردستان نەوتی‌ هەیە، پاڵاوگەی هەیە، دەتوانێت بە ئۆکتانی‌ جیاواز بەنزین بە نرخی‌ زۆر گونجاوتر بەرهەم بهێنێت‌و لە بازاڕى ناخۆ ساغی‌ بکاتەوە، وەکچۆن بۆ بەغدا بەنزین بەرهەم دەهێنرێت، ئەمە لە ڕووی‌ ئابورییەوە بۆ وڵات و حکومەتیش باشەو بۆ هاووڵاتیانیش، پاشان نەوت‌و بەرهەمەکانی‌ سامانێکی‌ نیشتیمانین‌و پێویستە بە شێوەیەکی‌ زۆر دادگەرانە بەسەر هەموو هاووڵاتیان‌و شارو شارۆچکەکاندا دابەش بکرێن و مامەڵەیەکی‌ یەکسانیش لەگەڵ کۆمپانیاو بەنزنینخانەو بازرگانان بکرێت.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
٤ی‌ ٨ی‌ ٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 286,037     ژمارەی میوان 12