سەبارەت بە مووچەى خانەنشینان و شێوازەکەى، پێشنیارێکى گونجاومان ئاراستەى حکومەت کرد
2021-08-27
85 جار خوێندراوەتەوە
 
پێشنیاری‌ چارەسەری‌ گونجاو بۆ چۆنیەتی‌ دابەشکردنی‌ مووچەی‌ خانەنیشنینانمان ئاراستەی‌ حکومەت کرد
 
پێشەکی‌:
 
هاووڵاتیان بەشێوەیەکی‌ گشتی‌ مافی‌ ئەوەیانە هەیە بەشێوەیەکی‌ شایستە دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان بگات و لەکاتی‌ مامەڵەی‌ دامەزراوە فەرمییەکاندا بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بەتایبەت هاووڵاتیانی‌ خانەنشین، بەهۆی‌ تەمەنیان، هەروەها ساڵانێکی‌ زۆری‌ خزمەتکردنیان بە وڵات و فەرمانگەو دامەزراوەکانی‌، شایستەی‌ ئەوەن ڕێزی تایبەتیان لێ بگیرێت و مامەڵەی‌ دامەزراوەکانی‌ حکومەت گونجاوو شایستەی‌ ئەو تەمەنەو ئەو ساڵانی‌ خزمەتەیان بێت، بەڵام لەکاتی‌ وەرگرتنی‌ مووچەکانیاندا، شێوازی‌ مامەڵەی‌ تەندروست و میکانیزمی‌ گونجاو فەرامۆش کراوە و بە پێچەوانەی‌ ئەم بنەمایەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەوەش بەهۆی‌:
 
کێشەکە چییە؟
 
١ـ پێویستە هەر خانەنشینێک ڕێگەیەکی‌ دوور ببڕێت تا دەگاتە بانک  بۆ وەرگرتنی‌ مووچەکەی‌، کە زۆرجار ڕووبەڕووی‌ کیشەی‌ هاتوچۆ دەبنەوە.
٢ـ شوێنی‌ وەرگرتنی‌ مووچەکانیان لە بانک و بنکەکان شایستە نین، بەهۆی‌ گەرماو تەپ و تۆزی‌ هاوین، سەرماو بارانی‌ زستان، خراپی‌ شوێنی‌ وەستان و دانیشتن.
٣ـ بوونی‌ قەرەباڵغی‌ زۆر لە کاتی‌ دابەشکردنی‌ مووچەکاندا، بەجۆرێک کە پێویستە بۆ چەند سەعاتێک چاوەڕێ بکەن تا مووچەکانیان وەردەگرن.
٤ـ بوونی‌ نەخۆش، تەمەنی‌ زۆرو بەساڵاچوون لە ڕیزی‌ خانەنشیناندا بووەتە هۆی‌ دروستبوونی‌ دۆخێکی‌ نا ئینسانی‌ لەکاتی‌ وەرگرتنی‌ مووچەکاندا، بەجۆرێک کە چەند حاڵەتێکی‌ مردن و بورانەوە تۆمارکراوە لە سەرەی‌ وەرگرتنی‌ مووچە.
 
چارەسەر چییە؟
 
 بۆیە گرنگە حکومەت ئەم بابەتە بە هەند وەربگرێت و چارەسەرێک بۆ ئەم کێشە گەورەیە بدۆزێتەوە، وەک هەوڵێک بۆ چارەسەر، ئەم پێشنیارانەی‌ خوارەوە دەخەینەڕوو:
 
١ـ مووچەی‌ خانەنشینان بکرێت بە کارتێکی‌ ئەلیکترۆنی‌ و بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی‌ کەرتی‌ تایبەت ئامێر یان بنکەی‌ دابەشکردنی‌ مووچە لە نزیکترین شوێنی‌ نیشتەجێبوون دابنرێت بەجۆرێک لە هەر شارێک یان شارۆچکەیەک ژمارەیان گونجاوبێت لەگەڵ ژمارەی‌ خانەشینان تا قەرەباڵغی‌ دروست نەبێت، تا ئەو کاتەی‌ توانای‌ بانکی‌ حکومەت گونجاوبێت.
 
٢ـ یان، مووچەی‌ خانەشینان لەهەر مانگێکدا ڕۆژێکی‌ دیاریکراوی‌ نەبێت و لە ڕۆژی‌ یەکەمی‌ هەر مانگێکەوە دەست پێبکات بۆ کۆتایی‌ هەر مانگێک، واتە دەرگای‌ بانکەکان بۆ خانەنشینان کراوەبێت بۆ وەرگرتنی‌ مووچەکانیان بەدرێژایی‌ مانگ بۆ وەرگرتنی‌ مووچەی‌ هەر مانگێک تا قەرەباڵغی‌ دروست نەبێت.
 
بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەم ئەم یاداشتەمان ئاراستەی‌ بەڕێزان لە (سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەەزیران) بکەن بەمەبەستی‌ چارەسەرکردنی‌ ئەم کێشەیە.
 
ئەم خاڵانەی‌ سەرەوە، ناوەڕۆکی‌ پێشنیارێکمانە کە بەنووسراومان، ژمارە (٨٢) لە ٢٨ی‌ ٧ی‌ ٢٠٢١، ئاراستەی‌ بەرێزان لە (دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان)مان کردووە بۆ ئەوەی‌ ئاراستەی‌ بەرێزان لە (سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران) بکرێت بۆ کار لەسەر کردن‌و کۆتایهێنان بەو بێڕێزییەی‌ بە باوک‌و دایک‌و باپیرەو داپیرەکانمان ئەکرێت لەکاتی‌ وەرگرتنی‌ مووچە.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
٢ی‌ ٨ی‌ ٢٠٢١
 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 13
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net