دۆخى خانەنشینان لە کاتى وەرگرتنى مووچە!
2021-08-02
134 جار خوێندراوەتەوە
 
پاش چل ساڵ لە خزمەتکردن، لە تەمەنی‌ سەرو ٦٣ ساڵیەوە، بەسەرماو بە گەرما، ئەبێت چەندین سەعات سەرە بگرێت بۆ ئەوەی‌ ئەو مووچەیە وەرگرێت کە حکومەتەکەی‌ لە سەدا بیست و یەکی‌ لێبڕیوە، ئیتر چۆن ناگاتە ئەو قەناعەتەی‌ کە " حکومەت جەلادی‌ خانەنشینانە".
 
مرۆڤ بە درێژایی‌ تەمەنی‌ کار دەکات بۆ ئەوەی‌ لە کاتی‌ بەساڵاچوون و کۆتایی‌ تەمەنیدا بە ئارامی‌ و دڵنیاییەوە بژی، سەدان کەس لەوانەی‌ کە حکومەت بەشێک لە مووچەکەی‌ بۆ پاشەکەوتکردن، مردن، یان ئەوانەی‌ لە سەدا بیست و یەکیان لە دەرەوەی‌ یاسا لێ دەبڕێت، ئەوانیش کۆچی‌ دوایی‌ دەکەن، ئەی‌ ئیتر حکومەت کەی‌ ئەم پاداشتەیان دەداتەوە و چۆن چۆنی‌ قەرەبوویان دەکاتەوە؟
 
بنەما زانستییەکانی‌ بەڕێوەبردن، سیستمی‌ بانکی‌ و ژمێریاری‌، تەکنەلۆجیا، لەم سەردەمەدا هێندە پێشکەوتوون کە ئەگەر هەنگاوێک لێیان بچیتە پێش دە هەنگاو بەرەو پێشەوەو شتێک لە خۆشگوزەرانی‌ ئاراستەت دەکەن، هەربۆیە نەوەک ئەم کێشەیە دەیان کێشەی‌ تری لەمجۆرەش چارەسەریان ئاسانە، بەڵام بۆ حکومەت و دەسەڵاتێک بیر لە بەرژەوەندی‌ هاووڵاتییەکانی‌ بکاتەوە.
 
بۆ کۆتاییهێنان بەو بێڕێزییەی‌ کە بە (خانەنشینان، کەس و کاری‌ سەربەرزی‌ شەهیدان، هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت) دەکرێت لە کاتی‌ وەرگرتنی‌ مووچەکانیاندا، پێشنیارێکمان ئامادە کردووە کە پلانێکی‌ ستراتیجی‌ لە خۆ دەگرێت، دەیدەینە حکومەت، هیوادارین جێبەجێ بکات و ئیتر کۆتایی‌ بەم دۆخە بهێنێت کەشایستە نییە بە شکۆی‌ مرۆڤ و کەرامەتی‌، بەتایبەت کەسانێک کە هەموو تەمەنی‌ خۆیان بەخشیوە بەخزمەتی‌ وڵاتەکەیان.
مرۆڤی‌ کورد هاوشێوەی‌ هەموو مرۆڤێکی‌ دونیا شایستەی‌ ڕێزە، ئەمە بیرکردنەوەی‌ ئێمەیە، لەو پێناوەشدا ماندوو نابین و بەردەوام دەبین.
 
تێبینی‌: ناوەڕۆکی‌ ڤیدیۆکە تەعبیر لە هەموو کوردستان دەکات بەبێ جیاوازی‌، دۆخەکە لە زاخۆ تا کەلار وەک یەکە.
عومەر گوڵپی‌
 
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
١٢ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢١

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 22
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net