چەند جارێک، گوێم لە گەورە بەرپرسانی حکومەت بووە کە لە ڕێگەی لێشاوە میدیاکانیانەوە، باسی (٤٠٠) خزمەتی خۆیان دەکەن، بە خێرایی چاوێکم بەو خزمەتانەدا خشاند، چەندین زانیاریی ناڕاستو کۆنو سەیرم بینی، بەکورتی ئاماژە بە هێندێکیان دەدەم.
یەکەم/ زانیاریی ناڕاست:
ـ گەنجان ڕووبەڕووی بێکارییەکی گەورە بوونەتەوە، لە ساڵی ٢٠١١ەوە بە ناڕەواو نهێنی نەبێت، بێجگە لە ژمارەیەکی کەم پزیشک، دامەزراندنو هەلی کار ڕاگیراوە، بە خەمڵاندنی من ژمارەی ئەو گەنجانەی بێکارن نزیکە لە ٥٠٠ هەزار گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵی کە زۆرینەیان دەرچووی زانکۆن، تەنانەت بە یەکەمو دووەمو سێیەمەکانی زانکۆشەوە لە دۆخێکی سەختدان، بەڵام حکومەت بە زنجیرەی (MLSA18)، لە پۆرتاڵی خزمەتەکەی نووسیویەتی: "قەرزی بچووک بە بڕێک پارە دەدرێتە ئەو گەنجانەی کە توانای کاریان هەیە" و دەتوانن پڕۆژەیەک بەڕێوە ببەن!) ئەمەش بە یەکێک لە ٤٠٠ خزمەتەکەی ئەژمار کردووە!، هەروەها بە زنجیرەی (MLSA20)، نووسیویەتی:" پێدانی بیمەی بێکاری، کە هاوکارییەکی کاتیە دەبڕێتەوە بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگا حکومیەکان تەنها بۆ ماوەی (٦) مانگ کە بڕەکەی (١٥٠،٠٠٠) سەد و پەنجا هەزار دینارە" ئەمەش تەنها بۆ ماوەی دوو ساڵو ئەو کاتانە دەدرا کە لە بەغداوە بە گونیە پارە دەهاتە کوردستان، واتە نە لە کابینەی پێشوو نە لەم کابینەیە ئەم بیمەیە نەدراوە، کەچی یەکێکە لە خزمەتەکان!
ـ لە مانگی (٨)ی ساڵی (٢٠١٥)ەوە مووچەی سەد هەزار خێزانو هاووڵاتی هەژار بەشێوەی کاتیو بە ناڕەوا ڕاگیرا بەناوی چاکسازییەوە، بەڵام بە زنجیرەی (MLSA19)، حکومەت نووسیویەتی: "پێدانی بڕی (١٥٠،٠٠٠) دینار بە (تەلاقدراو، بێوەژن، بەساڵاچوو، گەورە کچ، مناڵی بێ دایک و باوک، قوتابی خێزاندار، نەخۆشی درێژخایەن کە ٧٥% بەسەرەوە بێت و توانای کاری نەبێت)".
ـ زیاتر لە دە ساڵە یاسای ژمارە (٢٢)ی مافو ئیمیتیازی کەمئەندامان دەرچووەو لەم ڕۆژانە هەمواریش کرایەوە، بەپێی ئەو یاسایە دەبوو حکومەت بڕێک پارە بدات بەو دایک یان باوکانەی کە منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت چاودێری دەکەنو خۆیان تەرخان کردووە بۆیو مووچەخۆری حکومەت نین، کەچی ئەو مافەیان پێ ڕەوا نەبینراوە، بەڵام بە زنجیرەی (MLSA16) ئەم هاوکارییە یەکێک لە خزمەتەکانی حکومەتو نوسراوە: "پێدانی بڕێک پارەی مانگانە بەو کەسانەی کە فەرمانبەر نینو سەرپەرشتی کەسێکی کەمئەندام دەکەن، ئەوەی یەک کەمئەندام بەخێو دەکات (١٤٠هەزار)ی پێدەدرێت ئەوەی دوو کەم ئەندام بەخێودەکات( ٢١٠ هەزار)ی پێدەدرێت".
ـ ڕێژەی تەڵاقو جیابوونەوە بەرز بووەتەوە، هەژاریو نەبوونی لەبەردەم هەزاران گەنجدا ڕێگرە بۆ ژیانی هاوسەرگیری، یان ئەو گەنجانەی لە خێزانێکی هەژارنو هاوسەرگیری دەکەن ڕووبەڕووی گرفتی زۆری دارایی دەبنەوەو حکومەتیش تەنها تەماشاکارە، کەچی بە زنجیرە(MOF23)، لای پۆرتاڵەکەی حکومەت پیشینەی هاوسەرگیریی بۆ گشت هاوڵاتیان، کە دامهزراوبن یان دانەمەزراو لەدامودەزگاکانی حکومەت خەرج دەکرێت!
ـ نەوەک هاووڵاتی ئاسایی، تەنانەت کەسو کاری شەهیدانیش هاوکاری ناکرێن لە کردنەوەی خانوو، بەشێک لە خیرخوازان ئەم کارەیان کرد، کەچی لە زنجیرەی (MOF10)، ئەم خزمەتە هەیە: "پێدانی پێشینەی دروستکردنی خانوو بۆ هاوڵاتیان لە شار و گوندەکان"!، ئەوە بێجگە لەوەی بە زنجیرەی (MOF13)، پێدانی پیشینەی گەشتوگوزار بۆ پرۆژەکانی گەشتوگوزار، بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە بیانەوێ لە کەرتی گەشت و گوزار کار بکەن یەکێکە لە خزمەتەکان!
ـ ئەو بەرهەمانەی کە بە ڕەنجو شانی خۆیان بەرهەمی دەهێنن، وەک پێویست ساغ نابێتەوە، کەچی بە زنجیرەی (MOF12) هێشتا حکومەت "پێشینە بۆ پڕۆژە کشتوکاڵیەکانی جوتیاران، بۆ جۆتیاران و گروپە کشتوکاڵیەکان" خەرج دەکات!
ـ حکومەت نەوەک نەوتی سپی بە ماڵان نادات، تەنانەن ئەو نەوتەشی دەیفرۆشێت لە دۆخێکی ناشەفافو نادیاردا، بەشێکی زۆری داهاتەکەی دیار نامێنێت، کەچی بە زنجیرەی(MNR14)، دابەشکردنی بڕی (٢١٦) لیتر نەوتی سپی بۆ هەر ماڵێک یەکێکە لە خزمەتەکان.
دووەم/ هێندێک زانیاریی ڕاست و دروست، بەڵام!
ـ بە زنجیرەکانی (MED04)، (MED02)، (ED02)، (MED01)، ئەم خزمەتانە هەن: وەرگرتنی مۆڵەتی كردنەوەی پەیمانگای ناحكومی، وەرگرتنی مۆڵەتی کردنەوەی قوتابخانەی بنەڕەتی ناحکومی (ئەهلی)، وەرگرتنی مۆڵەتی کردنەوەی قوتابخانەی ئامادەیی ناحکومی (ئەهلی)، وەرگرتنی مۆڵەتی کردنەوەی باخچەی منداڵانی ناحکومی (ئەهلی)، لەم خزمەتانەدا هیچ کەس ناتوانێت ڕەخنە لە حکومەت بگرێت، خوا هەڵناگرێت درێغیان نەکردووە لە کردنەوەی قوتابخانەو خوێندنگەی ئەهلی، تەنانەت تەنگیان بە قوتابخانە حکومییەکانیش هەڵچنیوە!
ـ بە زنجیرەی (MHESR08) ئەم خزمەتە هەیە: کردنەوەی زانکۆ یان پەیمانگای تایبەت (یاخود کردنەوەی بەشێکی نوێ) لە هەرێمی کوردستان، لەمەشدا حکومەت هیچ درێغی نەکردووە، و ماوەیەکی تر هەر ئەندامێکی مەکتەب سیاسی دەسەڵات، ئەبێتە خاوەنی زانکۆی تایبەت بەخۆی، نەک هەر ئەوەندە،
ـ بە زنجیرەی (MOH25) پێدانی مۆڵهتی کارکردن به نهخۆشخانهو سهنتهری تایبهتەکان له رێگای کهرتی تایبهت هەیە، خوا هەڵناگرێت کوردستانو شارەکانیان پڕ کردووە لەو نەخۆشخانە تایبەتانەی کە زۆرینەیان بە دەستی دوو هی بەرپرسانی حزبەکانیانن کۆمپانیاو زنجیرە کۆمپانیاکانیانن و نەخۆشی هەژار مەگەر هەر لە دوورەوە سەیریان بکات!
سێیەم/ شتی سەیرو سەمەرە هەیە لە نێو خزمەتەکاندا، بۆ نمونە:
ـ بە زنجیرەی (MLSA03)، ئەم خزمەتە هەیە: پێدان و تازەکردنەوەی مۆڵەتی پیشەوەران، واتە ئەو هاووڵاتیانەی بە ئارەقی ناوچاوی خۆیان خەریکی فیتەری و کارێکی پیشەیین، حکومەت کارەکەیانی بە یەکێک لە (خزمەت)ەکانی خۆی ئەژمار کردووە بۆ هاووڵاتیان!
ـ تەنانەت کاری خێرخوازانو چاکەکاران بە یەکێک لە خزمەتەکان ئەژمار کراوە، بە زنجیرەی (MERA01)، حکومەت ئەم خزمەتەی هەیە: "خەڵکانی خێرخواز هەڵدەستن بە دروستکردنی مزگەوت لەسەر ئەستۆی خۆیان بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف"!.
حکومەتی باشو خزمەتگوزار، ئەتوانێت لە ڕێگەی تەکنەلۆجیا، بەتایبەت کە ئەوترێت تەکنەلۆجیای زیرەک، زانیاریی بە شێوەی خێراو نوێو ئاسان، بدات بە هاووڵاتیان وەم بەشێک لە بەڕێوەبردنی باشو ئاسانکاریی بۆ کاری ڕۆژانەی هاووڵاتیان، کەچی لەڕێگەی تەکنەلۆجیاشەوە حکومەتی دوو حزبی دەسەڵات دۆخی بەمجۆرەی سەرەوەیە کە بەشێکیمان خستەڕوو، ئەویش خستنەڕووی زانیاریی ناڕاستو کۆن بۆ هاووڵاتیان.
عومەر گوڵپی
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
١٨ی ٧ی ٢٠٢١