" شتەکی‌ غەریبە ! "
2021-08-27
514 جار خوێندراوەتەوە


لەبارەی‌ دادگایی‌ ژمارەیەکی‌ تر لە دەستگیرکراوانی‌ پارێزگاى دهۆک، ڕاستیەکانتان بۆ باس دەکەم!

ئەو ناونیشانە، قسەی‌ کاک (د.عامر خالید) بوو، کاتێک وتەکانی‌ وەک شایەت لەبەرانبەر تۆمەتباران بۆ خوێندرایەوە، وتی‌: من نەموتەوە ئەم تۆمەتبارانە خەریکی‌ دروستکردنی‌ گروپی‌ سیاسین، ئەوە (شتەکی‌ غەریبە!).
بۆ کاک د.عامر تەنها ئەوە غەریب بوو، بەڵام بۆ ئێمە کە لە دادگا ئامادەبووین، هەموو پرۆسەکە و تۆمەتەکان غەریب بوون، بۆچی‌؟ لە خوارەوە ڕوونی‌ دەکەمەوە:

یەکەم/ تۆمەتباران کێ بوون و پیشەیان چیە؟
تۆمەتباران بریتى بوون لەم چوار گەنجەى خوارەوە کە ماوەى نزیکەى یانزە مانگە دەستگیرکراون و بۆ یەکەمجارە دادگایى دەکرێن، ئەوانیش ئەمانە بوون:

ـ مەسعود عەلی‌ حەجی‌، لە دایکبووی‌ ١٩٧٤، پیشەی‌ مامۆستا، دانیشتووی‌ دهۆک.
ـ شیروان تەها ئەمین، لە دایکبووی‌ ١٩٨٦، پیشەی‌ مامۆستا، دانیشتوی‌ دهۆک.
ـ کارکەر عەباس عەلی‌، لە دایکبووی‌ ١٩٩٢، قوتابی‌ زانکۆی‌ پۆلی‌ تەکنیک، دانیشوی‌ دهۆک.
ـ بندەوار ئەیوب، لە دایکبووی‌ ١٩٩٤، قوتابی‌ زانکۆی‌ دهۆک.

دووەم/ تۆمەتەکان چین؟
بە پێى ئەو تۆمەتانەى کە لە دۆسیەکانیان هەبوو و ئاراستەیان کرا، بریتى بوون لە کە لە چوارچێوەى ماددەى (١)ى یاسایى ژمارە (٢٣)ى ساڵى (٢٠٠٣) کۆکرابوونەوە، ئەوانیش ئەمانە بوون:

ـ گروپی‌ چاتی‌ وەتس ئەپیان هەبووەو گفتوگۆی‌ سیاسیان کردووە.
ـ دژی‌ حکومەت قسەیان کردووە.
ـ هانی‌ خەڵکیان داوە بۆ خۆپیشاندان.
ـ ئەندامی‌ حزبی‌ هاوپەیمانی‌ نیشتیمانی‌ بوون.
ـ لەگەڵ کونسوڵی‌ وڵاتانی‌ ئەمریکاو ئەڵمانیاو فەڕەنسا کۆبوونەوەیان کردووەو هاوکاریان وەرگرتووە.
ـ گروپێک هاوکاریان دەکات کە هاوکاری‌ لە د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح و موستەفا کازمی‌ وەردەگرن.
ـ گروپی‌ سیاسیان دروست کردووە بەناوی‌ بزووتنەوەی‌ ئایندە (حرکە مستقبل)!
ـ ویستوویانە کاری‌ تێکدەرانە بکەن، ئەمن و ئاسایش تێکبدەن، تەقینەوە ئەنجام بدەن، تەقە لە پارێزگاری‌ دهۆک بکەن، تەقینەوە بۆ کوڕی‌ سەرۆکی‌ حکومەت دابنێن، سیلاح و قەناس بەکاربهێنن لە چالاکییەکانیان دژی‌ حکومەت.

سێیەم/ هەواڵدەرو سەرچاوەی‌ زانیارییەکان کێن؟

شاهیدەکان نهێنین، سەرچاوەی‌ زانیارییەکان نهێنیەو هیچ کەس نەهاتە دادگا کە شاهید بێت و لە دژیان جەخت لە هەواڵ و زانیارییەکان بکاتەوە، ئەگەرچی‌ پارێزەران داوایان کرد ئەو هەواڵدەرانە بهێنرێنە دادگا تا پرسیاریان لەبارەی‌ زانیارییەکان لێ بکرێت، بەڵام دادگا وەڵامی‌ دانەوە کە ئەوانە نهێنین!

چوارەم/ کێ سکاڵاکارە؟

ئەنجومەنی‌ ئاسایشى هەرێمى کوردستان سکاڵاکارەو نوێنەریان لە دادگا ئامادەبوو.

پێنجەم/ شاهیدەکان کێن؟

شاهیدەکان بریتی‌ بوون لە ژمارەیەک لە دەستگیراکراوانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆک کە بریتیی‌ بوون لە (سڵێمان کەمال سلێمان/ خانەنشین، لە دایکبووی‌ ١٩٦٦، جەلال خەلیل مەجید/ لە دایکبوونی‌ ١٩٨٠ و مامۆستای‌ ئامادەیی‌، د.عامر خالید/ مامۆستای‌ زانکۆو لە دایکبووی‌ ١٩٧٠، فرسەت ئەحمەد/ لە دایکبووی‌ ١٩٧٢، ئەندازیار).

هەموو شاهیدەکان ڕەتیان کردەوە کە هیچ زانیارییەکیان هەبێت لەسەر هیچ کارێکی‌ خراپی‌ تۆمەتباران، ئاگادار نین کە گروپی‌ سیاسیان هەبێت، تەنانەت یەکتریشیان نەدەناسی‌، تەنها لەگەڵ مەسعود یەکیان ناسیوە ئەوەش بەهۆی‌ یەک دوو سەردان، هەروەها لە چوارچێوەی‌ حزبی‌ هاوپەیمانی‌ نیشتیمانیا یەکیان ناسیوە، ڕەتیان کردەوە کە ئاگاداری‌ ئەوە بووبن کە بەنیازی‌ کاری‌ تێکدەرانە بن، دژی‌ بەرژەوەندی‌ خەڵکی‌ کوردستان بن، هەرگیز شتی‌ وامان نەبیستوەو نەمانبینوەو پێکەوەش نەمانکردووە، ئەمە یەکەمجار بوو ببینم شاهیدێک ببرێتە ناو دۆسیەیەک کە هیچ زانیارییەکی‌ لەسەر کەسانی‌ شاهیدی‌ لەسەر دراوو تۆمەتەکانیان نەبێت!

لەبارەی‌ شاهیدیەکەیەوە د.عامر وتی‌: من مامۆستای‌ شیروان بووم، لەگەڵ مەسعودیش لە هاوپەیمانی‌ یەکمان ناسیوە، دوو ساڵە لە زانکۆ باس و لێکۆڵینەوە دەکەم، چۆن ڕێگە دەدەم دژی‌ خەڵکی‌ کوردستان کار بکرێت؟ چۆن رێگە دەدەم خەڵکێک گروپ دروست بکات بۆ دژایەتی‌ کوردستان، ئە شتانە بەڕاستی‌ غەریبن، من شاهیدی‌ وام نەداوەو ئاگاداری‌ ئەو شایەتییە نیم! بەتەمەنی‌ خۆم هیچ خراپەیەکم لەم کەسانە نەبینیوەو نەبیستووە، من کاندیدی‌ هاوپەیمانی‌ بووم، هەر قسەیەکم کردبێت یان ئەوان کردبێتیان بەتایبەت مەسعود لە چوارچێوەی‌ چالاکییەکی‌ مەدەنی‌ سیاسییە بووە وەک پاڵێوراوێک.

شەشەم/ تۆمەتبار مافى بەرگری لە خۆى نییە؟

بە پێى یاسا بەرکارەکان پێویستە تۆمەتبار دەرفەتى پێبدرێت کە پارێزەرى هەبێت، هەر لەسەرەتاى تۆمەتبارکردنەوە تا هەموو قۆناغەکان، تەنانەت نابێت تۆمەتبار وتەى لێ وەربگیرێت لە قۆناغى لێکۆڵینەوە بە ئامادەبوونى پارێزەرەکەى نەبێت، بەڵام ئەوەى سەیرە، هاوشێوەى تەمەتبارو سزادراوانى تریش، ئەم گروپەش، پاش یانزە مانگ زیندانیکردن و ڕاگرتن و لێکۆڵینەوە، لە هۆڵى دادگا ڕێگەیان پێدرا پارێزەریان هەبێت! ئەمە گەورەترین پیشێلکارییە بۆ هەر تۆمەتبارێک.

حەوتەم/ بەڵگەکان چین؟

زۆر بەجوانی‌ لەگەڵ خوشک و برایان پەرلەمانتار، پارێزەران، نوێنەری‌ یۆنامی‌، گوێمان هەڵخستبوو بۆ بیستنی‌ بەڵگە لە دژیان، بۆ سەلماندنی‌ تۆمەتەکان، بەڵام ئەوەی‌ تا ئەو کاتەی‌ دادگایی‌ بەردەوام بوو گوێمان لێ بوو ئەوەیە کە:
ـ دەستبەسەر سێ مۆبایلی‌ جۆری‌ هواوی‌! دوو لاپتۆپ! هێڵیکی‌ ئینتەرنێتی‌ فاست لینک! گیراوە، ئەمانە بە کۆنووس یاداشت کراوبوون و لە دۆسیەکەدا هەبوو، هەروەها وێنەیەکی‌ یادگاری‌ کە لە سەفرەیەک بە یەکەوە ژمارەیەک لەو چالاکوان و گەنجانە گرتوویانە!

هەشتەم/ سەرەنجام:
بەهۆی‌ ماندووبوونی‌ دادگا، هەورەها تۆمەتباران کە بەپێوە وەستابوون دادگا بڕیاریدا دادگاییەکە دوا بخات

نۆیەم/ دۆخەکە لە دەرەوەی‌ دادگا:
کاتێک چالاکوانەکان برانە دەرەوە، کەس و کاریان، منداڵەکانیان، باوک و دایکە ڕیشسپییەکانیان، چاوەڕوانی‌ دیداری‌ دوای‌ یانزە مانگی‌ دابڕانی‌ کوڕەکانیان بوون، بەڵام بەهۆی‌ وەستانی‌ بەڕیزی‌ کارمەندانی‌ ئەمینەوە وەک پێویست نەیاندەبینین و لەو دیدارە بێبەشیان کردن، لە پڕ هەمووان بەدەنگێکی‌ بەرز ڕاچڵەکین: بەڵێ بۆ ئازادی‌، بەڵێ بۆ ئازدای‌، کە دەستگیراکراون هاواریان کردو هۆڵەکەیان پڕ کرد لەو دەنگە، بەدواشیدا کەس و کاریان: ئازادای‌، ئازادی‌! من بەدەستخۆم نییە، ئەو وشەیەم زۆر لا گەورەیە، زۆر پیرۆزە، زۆر دڵخۆشبووم، هەستمکرد لەگەڵ دەنگی‌ ئازادی‌ ئازادی‌ دەستگیرکراوان و کەس و کاریان، تۆمەتەکان یەک یەک وەرین، بەهای‌ پوشێکیان نەما لە پێشچاوم، وەکچۆن بە دەرکەوتنی‌ خۆر تاریکی‌ ڕووی‌ دەرکەوتنی‌ نییە.

من دڵنیام ئەم دۆخە تێدەپەڕێت و ئیرادەی‌ خەڵکی‌ کوردستان بۆ ئازادی‌ سەردەکەوێت، چونکە گەلی‌ کورد ڕووبارێک خوێنمان بۆ داوە، هیچ بەهایەکمان لە بەهای‌ ئازادی‌ گەورەتر نییە، نابێت لەگەنج و لاوی‌ وڵات زەوت بکرێت، خۆ ئەگەر بەپێی‌ زۆرینەی‌ ئەو تۆمەتانە خەڵک زیندانی‌ بکرێت، ئەوە ژمارەی‌ دەستگیکراوان لە کوردستان ملیۆن تێدەپەڕێنن، هیوادارم عەدالەت بۆ هەموو سزادراوان و دەستگیرکراوانی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ دهۆک بێتە دی‌، تا کوردستان دووربێت لە ستەم.

عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
١٢ی‌ ٧ی‌ ٢٠٢١ 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 301,370     ژمارەی میوان 67