بۆ ڕادیۆ وڵات لە بەلجیکا: هێزو لایەنە کوردییەکانى پارچەکان، ئەگەر هاوکارى یەک نەبن، نابێت دژ بن
2021-06-16
477 جار خوێندراوەتەوە
عومەر گوڵپی‌ بۆ ڕادیۆ وڵات لە بەلجیکا: " دەسەڵات لە هەرێمی‌ کوردستان کەمتەرخەمە لە فشارکردنى زیاتر بۆ کۆتایهێنان بە لەشکرکێشی‌ سوپای‌ تورکیاو شەڕ لەناو خاکی‌ هەرێم"
 
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆ وڵات کە ڕادیۆیەکە لە وڵاتی‌ بەلجیکاوە پەخش دەکات، عومەر گوڵپی‌، ئەندانی‌ فراکسیۆنی‌ کۆمەڵی‌ دادگەری‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان ڕایگەیاند:" بەکارهێنانی‌ زمانی‌ شەڕ خزمەت بە بەرژەوەندی‌ کەس ناکات، بەهۆی‌ پێگەی‌ دەستوری‌ هەرێم‌و بەدەستبوونی‌ پۆستی‌ سەرۆک کۆمارو وەزیری‌ دەرەوەی‌ عێراق، هەرێمی‌ کوردستان دەتوانێت بە ڕێگەی‌ دیبلۆماسی‌ فشار بکات بۆ وەستاندنی‌ لەشکرکێشی‌ سوپای‌ تورکیاو کردنە دەرەوەی‌ بارەگا سەربازی‌‌و هەواڵگرییەکانی‌ لە ناو خاکی‌ هەرێمی‌ کوردستان".
 
لە بەرنامەکەدا، عومەر گوڵپی‌، بۆچوونی‌ کۆمەڵی‌ دادگەری‌ لەسەر ڕووداوەکان خستەڕوو وتی‌:" بە بڕوای‌ ئێمە شەڕ ماڵوێرانی‌ زیاتر بۆ هەمو و لایەک بەدوای‌ خۆیدا دەهێنێت‌و لە قازانجی‌ هیچ گەلێکدا نییە، و پێویستە لایەنەکان پەنا بۆ ڕێگەچارەی‌ دیبلۆماسی‌ بەرن بۆ چارەسەری‌ کێشەکان، بەتایبەت لە شەست ساڵی‌ ڕابردوودا دەرکەوت کە کێشەی‌ کورد بە شەڕو کوشتن‌و ئینکاریکردنی‌ مافەکان، چارەسەر نابن‌و گەلی‌ کوردو خەڵکی‌ وڵاتانی‌ ئینکاریکاری‌ مافەکانی‌ کورد زیانی‌ زیاتر دەکەن".
 
سەبارەت قوربانیدانی‌ گەلی‌ کورد، ئەو ئەندام پەرلەمانە وتی‌: " چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان کوژرانی‌ ڕۆڵەیەکی‌ کورد لە هەولێر یان ئامەد؟ خوێنی‌ گەنجێکی‌ کورد لە قامیشلی‌ لەگەڵ خوێنی‌ منداڵێکی‌ سلێمانی‌ هیچ جیاوازی‌ نییە، یەک نەتەوەین، ئەگەر لەم قۆناغەدا بەهۆی‌ دابەشبوونی‌ سیاسەتی‌ هەڵەی‌ ناوخۆو دوژمنایەتی‌ ناحەزان، نەتوانین هاوکاری‌ یەک بکەین، ئەوە نابێت گەلەکەمان دژی‌ یەک بێت‌و تواناکانمان دژی‌ یەکتر بەکاربهێنین".
 
سەبارەت بە هەوڵەکان لە پەرلەمانی‌ کوردستان‌و لایەنەکانەوە، ئەو ئەندام پەرلەمانەی‌ کۆمەڵ وتی‌:" ئێمە پشتگیری‌ هەر هەوڵێک ئەکەین کۆتایی‌ بە شەڕو ئاڵۆزییەکان بهێنێت، واژۆی‌ ئەو یاداشتەمان کردووە بۆ دانیشتنێکی‌ پەرلەمان لەمبارەیەوە، هەروەها پێمانوایە هەموو لایەنەکان پێویستە کار بکەین بۆ ئەوەی‌ هەرێمی‌ کوردستان لەوە زیاتر لاواز نەبێت، بەتایبەت پێویستە سوپایەکی‌ نیشتیمانیمان هەبێت کە بە تەنها لە ژێر ڕکێفی‌ یاساو دامەزراوەدا بێت‌و کۆتایی‌ بە هێزی‌ چەکداری‌ حزبی‌ بهێنرێت، هەروەها پێویستە دامەزراوەکان دروست بکەین‌و داهاتی‌ ئەم وڵاتە بگەڕێتەوە خەزێنەی‌ گشتی‌‌و ڕەچاوی‌ بنەما چاکەکانی‌ بەرێوەبردن بکەین‌و مافی‌ مرۆڤ بپارێزین، بەوەش هەرێمی‌ کوردستان بەهێزتر دەبێت‌و نە بە ناچاری‌ نە لەهیچ دۆخێکدا ناچێتە چوار چێوەی‌ ئەجێندای‌ وڵاتانی‌ تر، هەروەها گرنگە هەموو لایەنەکانی‌ شۆڕشگێڕی‌ پارچەکانی‌ تر ڕەچاوی‌ تایبەتمەندی‌ ئەمنی‌ هەرێمی‌ کوردستان بکەن‌و کارێک نەکەن سەرئێشە ڕوو لە هەرێمی‌ کوردستان‌و خەڵکەکەی‌ بکات".

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 299,846     ژمارەی میوان 34