چاکسازى لە یەکە سەربازییەکان و یەکەى پاسەوانى و خانەنشینان ڕێژەکەى سفرە
2021-06-14
296 جار خوێندراوەتەوە
عومەر گوڵپی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، بە (رووداو)ی گوت هاتنی وەزیری دارایی لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی لێژنە پەرلەمانییەکەیە لەگەڵ چوار وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وەزیری دارایی دوایینیانە.
 
عومەر گوڵپی گوتیشی: "رێژە و ژمارەکان ئەوە دەردەخەن کە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسستی بەڕێوەدەچن و یاسای چاکسازی وەکو پێویست جێبەجێ ناکرێت، بۆ ئەو مەبەستە ئێمە پێشتر بۆ بەدواداچوونی هۆکارەکانی و کۆمەڵێک پرسی دیکە لەگەڵ وەزیرانی ناوخۆ، پێشمەرگە، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کۆبووینەوتەوە کە لەگەڵ هەموویان سەرۆکی لێژنەی چاکسازی ئامادەبووە، بەیانیش کۆتایی پێدێت".
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەدەدات لە خانەنشینی نایاسایی و پاسەوانی و هێزی پێشمەرگە هیچ هەنگاوێکی کرداری نەنراوە و چاکسازییەکان لەمبارەیەوە لە سفرەوە نزیکن، سەبارەت بە کاروباری شەهیدانیش چاکسازییەکان لەنێوان 4٪ بۆ 12 ٪ دەبێت، چاکسازییەکانی وەزارەتی ناوخۆش ئەوەیە تەنیا رێنماییەک دەرچووە و یەکەیەک دروستکراوە، هیچ پاسەوانێک رێکنەخراوەتەوە، بۆیە لەم وەزارەتەش رێژەکە لە سفرەوە نزیکە، "بۆیە بەگشتی رێژەی چاکسازییەکان و جێبەجێکردنییان زۆر زۆر کەمە".
 
بە گوتەی عومەر گوڵپی، کۆبوونەوەکانی لێژنەکەیان لەگەڵ ئەو چوار وەزیرەی حکومەت لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانە، بۆیە لەپاش تەواوبوونی کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دارایی، راپۆرتێک لەبارەی کۆبوونەوەکانییانەوە لەگەڵ وەزیرەکان دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان.
 
یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2020ی یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان-عێراق، لە 16ی کانونی دووەمی 2020 لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکراوە، لە 4ی شوباتی 2020، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر یاساکە کرد.
 

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,595     ژمارەی میوان 261