بابەتی مۆڵەتپێدانو مۆڵەت پێنەدانی وێستگەکانی سوتەمەنی (بەنزینخانەکان) یەکێک لەو بوارانەن کە هەڵگری گەندەڵی و کەم و کورتی و لە هەمانکاتدا مەترسین.
لەمبارەیەوە دۆسیەیەکی بەداوادچوونم دەستپێکردووەو بەردەوامم تیایدا، بەتایبەت مۆڵەتپێدانی ژمارەیەک بەنزینخانە لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونو ژیانى هاووڵاتیان و لەوەش زیاتر نزیک لە شوێنێک کە ژمارەیەکی زۆر منداڵی تێدا کۆببنەوە وەک قوتابخانەکان!
لەو بوارەدا بوونی ئەم دوو خوێندنگەیە لەشاری سلێمانی، کە لەم ڤیدیۆیەدا باسیان دەکەم، ڕاستەوخۆ بە تەنیشت بەنزینخانەیەکەوە بەشێکن لە بەدواداچوونێکی بەرفراوان، کە هێشتا نەگەیشتوومەتە کۆتاییو دەمەوێت دڵنیاببمەوە لەوەی هەموو ڕێکارێکی سەلامەتی گیراونەتەبەرو هیچ گرفتێک لە مۆڵەتێکی لەمجۆرەدا نییە.
لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو لە وەزارەتی ناوخۆو سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوونم کردووە، بەڵام وەڵامەکان دڵنیاییان پێ نەداوم، هەربۆیە جارێکیتر بەدواداچوونم کردووەتەوە، بەردەوامیش دەبین تا دڵنیا بینەوە لە سەلامەتی منداڵانو هاووڵاتیانمانو جێبەجێکردنی ستانداردەکانی سەلامەتی، ئەگەر بە پێچەوانەوە گەیشتین بە هەر ئەنجامێک کەگەندەندەڵی و بەرتیلو بەرتیلکاری و حزبایەتیو قۆرخکاریی لەهەر حاڵەتێک سەلماند، ڕێکاریی تری یاسایی بۆ لێپێچینەوە لە کەس و لایەنى گەندەڵکارو کەمتەرخەم دەگرینەبەر، هەر ئەمەش ئەرکی پەرلەمانتارە.
عومەر گوڵپی
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
١٠ی ٦ی ٢٠٢١