ڕاگەیەنراوێک لەسەر نەوت و داهاتەکەی‌ لە سەرەتای‌ ساڵی‌ (٢٠٢١)ەوە
2021-06-07
140 جار خوێندراوەتەوە
 
ئەمڕۆ بۆ جاری‌ چوارەم لەم ساڵدا، بۆ بەدواداچوونی‌‌ داهاتی‌ نەوت و ڕیژەی‌ فرۆشتن‌ و گەڕانەوەی‌ داهاتەکەی،‌ پرسیارم ئاراستەی‌ وەزیری‌ سامانە سروشتییەکان کردەوە.
 
سەرجەم ئەنجامی‌ بەدواداچوون و بۆچوون و زانیارییەکان لەبارەی‌ نەوت و داهاتەکەی‌ کە پێی‌ گەیشتووم، بەمجۆرە بۆ ڕایگشتی‌ کوردستان دەخەمە ڕوو:
 
١ـ کوردستان چەند بەرمیل نەوت دەفرۆشێت؟
 
بە پێی‌ ئامارە فەرمییەکانی‌ حکومەت بۆ ساڵی‌ (2020)، کوردستان ڕۆژانە (453,396) بەرمیل نەوتی‌ فرۆشتووە، لە شەش مانگی‌ ڕابردووشدا، بەهۆی‌ بەرزبوونەوەی‌ ئاستی ‌بەرهەمهێنان لە چەند کێڵگەیەک، لە ئێستەدا ڕیژەکە بۆ زیاتر لە (470,000) بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
 
٢ـ بۆچی‌ ڕێژەی‌ فرۆشتن جێگەی‌ گومانە؟
 
لەبەرئەوەی‌ پرۆسەی‌ دەرهێنان تا فرۆشتنی‌ نەوت، لە ژێر چاودێریدا نییە، هیچ دەزگایەکی‌ فەرمی‌ لە دەرەوەی‌ چەند کەسێکی‌ کەم لە حکومەت ئەو ڕێژە لە فرۆشتنی نەوت‌ پشت ڕاست ناکاتەوە، لەمبارەیەوە بێجگە لەو داتایانەی‌ حکومەت خۆی‌ دەیانداتە کۆمپانیای‌ دیلۆیت، ئەویش ساڵی‌ جارێک! بڵاویان دەکاتەوە، هیچ سەرچاوەیەکی‌ تر بەردەست نیەو لەم ڕوەوە حکومەت ئەم سەرپێچیانەی‌ هەیە:
 
أـ زانیاریی‌ بە پەرلەمان و پەرلەمانتاران نادات لەبارەی‌ نەوت و فرۆشتن و داهاتەکەی‌.
 
ب ـ ڕێگە نادات دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ وردبینی‌ لە دۆسیەی‌ نەوتدا بکات.
 
ج ـ سەرپێچی‌ زەق لە حوکمەکانی‌ هەردوو یاسای ژماره‌(21)ی ساڵی (2007)ی‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان، و یاسای ژماره‌ (22)ی ساڵی (2007)ی‌ نه‌وت و گازی هه‌رێمی كوردستان دەکات، بەتایبەت حوکمەکانی‌ (مادەەی‌ دەیەم تا چواردەیەم)ی‌ یاسای‌ ژمارە (٢٢) کە پەیوەندیدارە بە دروستکردنی‌ ژمارەیەک کۆمپانیای‌ کوردستانی‌ گشتی‌ بۆ سەرپەرشتی‌ چالاکییەکانی‌ نەوت، ئەوانیش بریتین لە: (کۆمپانیای‌ کوردستان بۆ دۆزینەوەو وەبەرهێنانی‌ نەوت، کۆمپانیای‌ کوردستانی‌ نیشتیمانی‌ نەوت، کۆمپانیای‌ کوردستان بۆ بەبازاڕکردنی‌ نەوت، کۆمپانیای‌ کوردستان بۆ پرۆسەکانی‌ پاڵاوتن و پاشکۆکانی‌).
 
واتە پاش سێنزە ساڵ لە دەرچوونی‌ یاساکە، تا ئێستا دەسەڵات ئامادە نییە ئەو کۆمپایایانە دروست بکات، تا بە پێی‌ یاسا خەڵکی‌ هەرێمی‌ کوردستان ئاگادارو خاوەن بەرژەوەندی‌ بێت لە پرۆسەی‌ دۆزینەوەو ناردنە دەرەوەو بە بازاڕکردنی‌ نەوت و داهاتەکەی‌.
 
٣ـ داهاتی‌ بەدەستهاتووی‌ نەوت چەندە؟
 
لە سەرەتای‌ ساڵی‌ (2021)ەوە، نرخی‌ نەوت بەڕێژەیەکی‌ بەرچاو بەرزبوویەوە، بەردەوامیش  نرخەکەی‌ لە بەرزبوونەوەدایە، عێراق لە سێ مانگی‌ یەکەمی‌ ئەمساڵدا بە (53، 60 ، 63) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی‌ فرۆشتووە، لە مانگی‌ (٥) نرخەکە گەیشتووەتە (65) دۆلارو لە سەرەتای‌ مانگی‌ (٦)یشدا بە (68  تا 70) دۆلار دەیفرۆشێت، بە پێی‌ بەراوردی‌ فرۆشتنی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ کوردستان و عێراق کە جیاوازییەکەیان نزیکەی‌ (٧ تا ٨) دۆلارە، ئەوە هەرێمی‌ کوردستان لە پێنج مانگی‌ سەرەتای‌ ساڵی‌ (2021)ەوە نەوتی‌ بەمجۆرە فرۆشتووە (47، 53،  56، 58، 60) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لەمانگی‌ (٦)یشدا بە (61) دۆلارو زیاتر.
 
کەواتە کۆی‌ پارەی‌ فرۆشتنی‌ نەوت (بەتێچووی‌ بەرهەمهێنان و گواستنەوەوە) لە پێنج مانگی‌ سەرەتای‌ ئەمساڵدا بەمجۆرە بووە:
لە مانگی‌ یەک (662,700,000) دۆلار، لە مانگی‌ دوو (747,300,000) دۆلار، لە مانگی‌ سێ (789,600,000)، لە مانگی‌ چوار (817,800,000)، لە مانگی‌ پێنج (846,000,000) دۆلار.
 
پاڵپشت بە داتاکانی‌ پیشتری‌ دیلۆیت، بڕی‌ سافی‌ داهاتی‌ هەرێم لە فرۆشتنی‌ نەوت لە پێنج مانگی‌ سەرەتای‌ ساڵی‌ (2021)دا پاش دەرکردنی‌ خەرجییەکانی‌ بەرهەمهێنان و حەقدەستی‌ کۆمپانیاکان و کرێی‌ بۆری‌، بەمجۆرە بووە:
 
ـ لە مانگی‌ یەک(351,231,000) دۆلار کە بە دینار دەکاتە: (509,284,950,000).
ـ لە مانگی‌ دوو (396,069,000) دۆلار، کە بەدینار دەکاتە: (574,300,050,000).
ـ لە مانگی‌ سێ (418,488,000) دۆلار، کە بەدینار دەکاتە: (606,807,600,000).
ـ لە مانگی‌ چوار (433,434,000) دۆلار، کە بەدینار دەکاتە: (628,479,300,000).
ـ لە مانگی‌ پێنج (448,380,000) دۆلار، کە بەدینار دەکاتە: (650,151,000,000).
 
٤ـ ئایا داهاتی‌ نەوت جێگەی‌ متمانەیە؟
 
بە پێی‌ حوکمەکانی‌ هەردوو ماددەی‌ (پانزەیەم و شانزەیەم)ی‌ یاسای‌ ژمارە (٢٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٠٧) دەبوو حکومەت (صندوقی‌ کوردستان بۆ داهاتە نەوتییەکان) دابمەزرێنێ، بۆ ئەوەی‌ لە پرۆسەیەکی‌ شەفاف و ڕووندا، بە پێی‌ یاساو بنەمای‌ کاری‌ دەوڵەتداری‌ داهاتی‌ فرۆشتنی‌ نەوتی‌ کوردستان لە کێڵگەکانی‌ ئیستەو داهاتوو لە خۆ بگرێت و صندوقەکە ملکەچ بێت بۆ دامەزراوەکانی‌ چاودێری‌، هەروەها هەر هاووڵاتیەک بزانێت داهاتەکەی‌ مانگانە چەندەیە، بەڵام پاش سێنزە ساڵ یریار بەدەستانی‌ دەسەڵات ئامادە نین ئەم کارە بکەن و داهاتی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ کوردستانیان لە بری‌ گیرفانی‌ دامەزراوە، لە گیرفانی‌ چەند کەسێکدا کۆ کردووەتەوە، نادیاریی‌ داهاتی‌ نەوتیش دەتوانرێت گومانی‌ هەموو خراپەکارییەکی‌ لێ بکرێت، لە بەکارهێنانی‌ بۆ بەرژەوەندی‌ کۆمپانیاو حزب و بەرپرسەکانی‌ تا خستنەخزمەتی‌ کۆمپانیاو وڵاتی‌ بیانی‌ و بێگانە.
 
ئەنجام:
 
١ـ داهاتی‌ نەوت داهاتێکی‌ گەورەیە بۆ هەرێمی‌ کوردستان، و مانگانە زیاترە لە (٦٥٠) ملیار دینار، لە کاتی‌ پیاچوونەوە بە گرێبەستەکان و خستنەسەر سکەی‌ یاسایی‌ و دامەزراوەیی‌، داهاتەکەی‌ زۆر زیاتر دەبێت.
 
٢ـ بێجگە لە دەستەیەکی‌ بچوک لە حکومەت کە پێکهاتوون لە (سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران، جێگری‌ سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران، وەزیری‌ سامانە سروشتیەکان، وەزیری‌ دارایی‌، وەزیری‌ پلاندانان) هیچ کەسێکی‌ تر ئاگاداری‌ پرۆسەی‌ دەرهێنان تا فرۆشتنی‌ نەوت نییە!
 
٣ـ ڕێگە نادرێت دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ هیچ وردبینیەک لە پرۆسەی‌ نەوتدا بکات، تەنانەت زانیاریی‌ سەرەتاییش نادرێت بە دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ لەسەر پرۆسەی‌ نەوت.
 
٤ـ شێوازی‌ گەڕانەوەی‌ پارەی‌ نەوت ناشەفافەو نازانرێت ئەم پرۆسەیە چۆن چۆنی‌ ئەنجام دەدرێت، چ بانک و کۆمپانیایەک قازانج لەم پرۆسەیە دەکات و بۆ بەرژەوەندی‌ کێ پرۆسەی‌ گۆڕینەوەی‌ دۆلار ئەنجام دەدرێت کە بڕێکی‌ ئێجگار گەورەیە لە مانگێکدا.
 
٥ـ تەنها ئەو پارەیەی‌ لە زیادەی‌ نرخی‌ بانکی‌ ناوەندی‌ کە (١٤٥٠) دینارە بۆ دۆلارێک زیاد دەبێت لە مانگێکدا زیاترە لە (٢٢) ملیار دینار، دیار نییە ئەم (٢٢) ملیار دینارە دەچێتە گیرفانی‌ کێ و لە بەرژەوەندی‌ کێ ئەم گۆڕینەوەیە دەکرێت!
 
٦ـ حکومەت زانیاریی‌ بە پەرلەمان و پەرلەمانتاران نادات و بەردەوامە لە سەرپێچی و کارە نایاساییەکانی‌ کە پیشێلکارییەکی‌ زەقی‌ یاسا بەرکارەکانە.
 
ئێمە ئەرکمانە، بێجگە لە ڕێکارە پەرلەمانییەکان، ناو بەناو خەڵکی‌ کوردستان و ڕایگشتی‌ ئاگاداربکەینەوە لە داهات لە هەموو بوارەکان، بەتایبەت داهاتی‌ نەوت، چونکە پێمانوایە نەوت موڵکی‌ هیچ حزبێک نییەو موڵکی‌ خەڵکی‌ کوردستانە، و دەبێت داهاتەکەی‌ بگەڕێتەوە خەزێنەی‌ گشتی‌ و دەستی‌ حزب و کۆمپانیاکانی‌ لە پرۆسەی‌ نەوت دەربهێنرێت و کۆتایی‌ بەم تاڵانکارییە بهێنرێت.
 
داهاتی‌ نەوت لە ئێستەدا نزیکەی‌ لە سەدا شەستی‌ کۆی‌ گشتی‌ داهاتی‌ ڕاستەقینەی‌ هەرێمی‌ کوردستان پێکدەهێنێت، کە داهاتی‌ ڕاستەقینە بە نزیکەیی‌ بریتییە لە یەک ترلیۆن و سەد ملیار دیناری‌ مانگانە.
 
ئەگەر بە شێوەیەکی‌ یاساییانە مامەڵە لەگەڵ نەوت و داهاتەکەی‌، گومرگ و داهاتەکەی‌، باج و ڕسومات و داهاتەکەی‌ بکرێت، هیچ کیشەیەکی‌ دارایی‌ لە کوردستاندا بوونی‌ نابێت، بەڵام تا ئێستاش حزبەکانی‌ دەسەڵات ئامادە نین کۆی‌ ئەم داهاتانە بۆ خەزێنەی‌ گشتی‌ بگەرێننەوە، ئەوان بەبێ گوێدانە بەرژەوەندی‌ خەڵکی‌ کوردستان و خوێنی‌ شەهیدان و خەڵکی‌ ماندووی‌ کوردستان و گەنجانی‌ بێ کار، بۆ دەوڵەمەندکردنی‌ خۆیان و کۆمپانیاو حزبەکانیان بەکاریدەهێنن، بەرپرسیارێتیش لە ئەستۆی‌ زۆرینەی‌ پەرلەمانییە کە بێدەنگی‌ لەم دۆخە خراپەی‌ ژیانی‌ خەڵک هەڵبژاردووە و بووەتە دارشەقی‌ دەسەڵات و حکومەتێکی‌ لەمجۆرە.
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان
٧ی‌ ٦ی‌ ٢٠٢١

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 8
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net