گفتوگۆ لەگەڵ ڕادیۆى ڕووداو لەسەر ئاستى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازى و کێشەکانى بودجەو دۆخى دارایى لە هەرێمى کوردستان ١٨ى ٥ى ٢٠٢١
پاش ساڵێک لە دەرچوونی یاسای چاکسازی، بۆ جێبەجێکردنی، هێشتا هێشتا قوناغی دەرکردنی بڕیارو ڕێنمایی تێنەپەڕاندووە!
لە (رووداو) وەرگیراوە:
ئەندامێکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە کە قەبارەی بودجەی 2021ـی هەرێمی کوردستان نزیکەی 13 تریلیۆن دینارە و ئەو بڕە بەشی ئەوە دەکات کە مووچەی مووچەخۆران بەبێ لێبڕین بدرێت.
عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "پێموایە قەبارەی بودجەی هەرێمی کوردستان نزیکەی 13 تریلیۆن دینار بێت کە 10 تریلیۆن و نیوی بۆ مووچەیە بە تەواوەتی بەبێ لێبڕین. ئێستا داهاتی هەرێمی کورستان لە ئاست ئەو 13 تریلیۆن دینارەدایە، بۆیە حکومەت زۆر بە ئاسانی دەتوانێت خەرجییەکانی خۆی رێکبخات کە مووچە وەک خۆی دابەش بکات؛ نرخی نەوت زۆر باشە و داهات لە گومرگەکانیش زیادی کردووە. گرنگیی یاسای بودجە ئەوەیە کە مووچەی مووچەخۆران بەبێ لێبڕین جێگیر کرابێت."
رۆژی دووشەممە 2021-05-17 رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جیا سەردانی لیژنەی دارایی پەرلەمانیا کرد و لەبارەی جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی راپۆرتی دووەمی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی چەندین پرسیار دەدەنەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "میوانداریکردنی وەزیرانی ناوخۆ و پێشمەرگە لەبارەی رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە. ئێمە راپۆرتی دووەممان درەنگ پێگەیشت کە بڕیار بوو سێ مانگ جارێک بێت، بەڵام ئەمەیان شەش مانگی پێچوو. خوێندمانەوە و بینیمان کە پرۆسەی جێبەجێکردنی یاساکە زۆر سستە؛ لە هەندێک وەزارەتدا هەنگاوێکی ئەوتۆ نەچووەتە پێش و تا ئێستا لە قۆناخی دەرکردنی رێنمایی و بڕیار و دروستکردنی لیژنە دەرنەچووە."
عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان و خەڵكی هەرێمی کوردستانیش چاوڕێی ئەوە دەکەن کە یاساکە بە زوویی ببێتە هۆی ئەوەی بە لای کەمەوە رێژەیەک لە دادگەری لە مووچە و پلەکاندا دروست ببێت. ئەو کەسانەی بە ناڕەوا مووچە وەردەگرن یان زیاد لە مووچەیەک وەردەگرن و، ئەوانەیشی بە ناڕەوا لە حکومەت سوودمەند بوون، کۆتاییان پێبهێنرێت و ئەم داهاتە بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێندرێتەوە و کەسانی شایستە سوودی لێ وەربگرن.
بڕیار بوو پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان مانگی تشرینی یەکەمی 2020 لەلایەن حکومەتەوە نێردرێتە پەرلەمانی کوردستان.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "هەروەها پرۆژەیاسای بودجەیش زۆر دوا کەوتووە، هەر بڕیارێکی کارگێڕی پەیوەستە بە کاتێکی دیاریکراوەوە، ئەگەر لە کاتی خۆیدا جێبەجێ نەکرێت، ئەوا لە بایەخی ئەو بڕیار و پرۆسە کارگێڕییە کەم دەبێتەوە. پرۆژەیاساکە بۆ ساڵی 2021ـە و ئەوە ئێستا لە ناوەڕاستی مانگی ئایار تێپەڕیوین و هێشتا پرۆژەیاساکە نەهاتووەتە پەرلەمان. ئەگەر بەو جۆرە بێت، پرۆژەیاساکە تا مانگی هەشت دوا دەکەوێت."
بە گوتەی عومەر گوڵپی هۆکاری نەناردنی پرۆژەیاساکە بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەوەیە کە کێشەی گەورە لە پرسی هێزەکانی 70 و 80دایە کە تاوەکو ئێستا ژمێریاری و خانەنشینییەکانیان یەک ناخەن، داتاکانیان بە وەزارەتەکانی دارایی و پێشمەرگە نادەن. "بۆیە دەمانەوێت بزانین گرفتەکە لای وەزیر و وەزارەتەکانە یان لای هێزە سیاسییەکانە. یەکێک لە گرفتە گەورەکان ئەوەیە کە حکومەت خاوەنی سیستم نییە، بە تایبەتی لە بواری گەڕانەوەی داهاتدا. ئەو داهاتانەی حکومەت هەنی، لە نەوت، گومرگ و باج وەکو پێویست ناگەڕێنەوە خەزێنەی گشتی."
رۆژی 2021-05-11 ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان واژۆی لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان کرد و پرۆژەیاساکە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
عومەر گوڵپی گوتی، "قاچاخچێتی، گەندەڵی و خراپیی سیستم بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو داهاتە راستەقینانەی هەن تاوەکو ئێستا لە داتای وەزارەتی داراییدا دەرنەکەون کە ئەمەیش یەکێکە لە کێشە گەورەکانی دواکەوتنی یاساکە. ئەگەر ساڵەکە تێبپەڕێت، یاساکە بایەخێکی ئەوتۆی نامێنێت، تەنیا دەبێتە بناخەیەک بۆ ساڵی داهاتوو. دەبێت حکومەت لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ بودجەی ساڵی 2022 بکات."
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە کرد کە لە پرۆژەیاسای بودجەدا بۆ داهات بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە نەوت بەستراوە کە نزیکەی 600 ملیار دینار داهاتیەتی، دوای ئەویش گومرگە کە پێموایە داهاتی مانگانەکەی نزیکەی 300 ملیار دینارە، بەڵام ئەو قاچاخچێتییە گەورەیەی لە سنوورەکاندا هەیە بووەتە هۆی ئەوەی مانگانە 160 تا 200 ملیار دینار بۆ حکومەت بگەڕێتەوە. دوای ئەویش باج و رسوماتە کە لە چەند ساڵی رابردوودا هەندێک رێوشوێن گیراوەتەبەر کە داهاتی باج زیاد بووە.
پرۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەکانی دیکە، لە خولی پێشووی پەرلەمان پەسندکرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی خەڵک لە مووچە و خانەنشینی پلەباڵاکان و کەمی مووچەی خانەنشینی فەرمانبەران پرۆژەکە گەڕێندرایەوە بۆ حکومەت.
عومەر گوڵپی رایگەیاند، "یاساکە سادەیە و زۆر ئاڵۆز نییە؛ ئەو چاکسازییە گەورەیەیش نییە کە ئێمە چاوەڕێی دەکەین. بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بکەوێتە سەر پێی خۆی و لە بواری فەرمانڕەواییدا سیستمێکی بەهێزمان هەبێت، پێویستمان بە چاکسازییەکی گەورەی ریشەییە. بەڵام ئەوەی کە کێشەیە کە تەنانەت ئەم کابینەیەی حکومەت لە ئاستی ئەم قۆناخەی چاکسازیدا لاوازیی خۆی پیشان داوە کە چاکسازییەکی گەورە نییە و زۆر بچووکە و تەنیا لە بواری دەرماڵە و مووچەدایە. ئێمە دەمانەوێت لەم رووەوە بەرچاوڕوون بین، بزانین گرفتەکە لە کوێدایە، لای وەزارەتەکانە یان لای هێزەکانی دەسەڵات و پێکهێنەری حکومەتە."
یاسای چاكسازی لە 19 ماددە پێكهاتووە، لە 2020-01-16 لە پەرلەمان دەرچووە، رۆژی 2020/02/03 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر کرا.
لە سەرەتای مانگی تەممووزی ساڵی رابردوو یاساكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. لە 2020/07/01 یەکەمین راپۆرتی چاکسازی درایە پەرلەمانی کوردستان و حکومەت بڕیاری داوە هەرسێ مانگ جارێك راپۆرتێك لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێكردنی یاساكە بداتە پەرلەمانی كوردستان و دیوانی چاودێریی دارایی.
دەقى تەواوى دیدارە ڕادیۆییەکە: