کارکردن بۆ چارەسەرى کێشەو گرفتەکانی‌ کەمئەندامان و هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت و خێزانەکانیان
2021-04-29
679 جار خوێندراوەتەوە
 
ئەم ڕاپۆرتە لە کۆوبوونەوەی‌ ژمارە (١٠)ی‌ ڕۆژی‌ ٢٧ی‌ ٤ی‌ ٢٠٢١ی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان بە ئامادەبوونی‌ وەزیری‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌ بۆ ماوەی‌ (٤) سەعات گفتوگۆ کرا.
 
دەقی‌ ڕاپۆرتەکە:
 
ڕاپۆرتی‌ تایبەت بە کێشەو گرفتەکانی‌ (منداڵان و هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت و خێزانەکانیان) لە هەرێمی‌ کوردستان
 
دوا بەدوای‌ ئەوەی‌ بەڕێزان دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان بە نووسراویان، ژمارە (ک/٢٠٩٧) لە بەرواری (٢٥ی‌ ١١ی‌ ٢٠٢٠) داوایان کرد ڕاپۆرتێک سەبارەت بە (دۆخ و کەم و کوڕی‌ و چارەسەرییەکان)ی‌ کێشەو گرفتەکانی‌ (منداڵان و هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت و خێزانەکانیان) ئامادە بکەین، لە خوارەوە بە (یانزە) خاڵ، سەرجەم گرفت و کەم و کورتییەکان دەستنیشان دەکەین لەگەڵ خستنەڕووی‌ (پێشنیاری‌ گونجاو) بۆ چارەسەرکردنیان کە لە پێشنیاری‌ زۆرینەی‌ چارەسەرییەکاندا ڕەچاوی‌ دۆخی‌ دارایی‌ هەرێمی‌ کوردستان کراوە.
 
یەک/ کێشەی‌ هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان:
 
1. کێشەی‌ ئەو هاووڵاتییە خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی‌ کە هاوکارییان هەیە:
 
هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت لە دۆخێکی‌ تایبەتی‌ کۆمەڵایەتی‌ و تەندروستیدان، بەهۆی‌ پێداویستی‌ دۆخی‌ کەمئەندامیان، هێندێکیان پێویستیان بە چارەسەری‌ بەردەوام هەیە وەک منداڵانی‌ شەلەل دەماخ و تالاسیمیا، هێندێکیان بە خەرجی‌ زیاتری‌ ڕۆژانە هەیە وەک نابینایان بۆ هاوچۆ، هێندێکیان پێویستیان بە هاورێیەتی‌ و چاودێری‌ بەردەوامی‌ کەسانی‌ ترو خێزانەکانیان هەیە وەک منداڵانی‌ ئۆتیزم و هێندێک حاڵەتی‌ دەروونی‌، یاخود هێندێک هاووڵاتی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت خۆیان سەرۆک خێزانن و توانای‌ ئەنجامدانی‌ هیچ کارێکیان نییەو ناتوانن بژێوی‌ ژیانی‌ خۆیان و منداڵەکانیان دابین بکەن، بۆ نمونە: وەک کەسێک بە ڕووداوی‌ هاتوچۆ یان مین هەردوو قاچی‌ لەدەست دەدات و لەسەر کورسی‌ گەڕۆکە.
 
بۆیە خەرجی‌ و بژێوی‌ ئەم هاووڵاتیانە زۆر سەخت دەبێت و پێویستیان بەوە هەیە کە حکومەت بە شێوەی‌ تایبەتت و بە بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخی‌ ژیان و بژێویاندا بکات، هەربۆیە ئەم پێشنیارە دەخەینەڕوو:
 
وەزارەتی‌ دارایی‌، مانگانە بەبێ بەستنەوەیان بە لیستی‌ مووچەی کارمەندانەوە (چونکە ئەوەی‌ ئەمان هاوکارییە و مووچە نییە) لە کاتی‌ خۆیدا و سی‌ ڕۆژ جارێک هاوکارییەکانیان دابەش بکات، کە بڕەکەی‌ تەنها (١٥٠,٠٠٠ – سەدو پەنجا هەزار دینار)ەو بۆ هەرکەسێک و سەرجەم بڕی‌ بودجەی‌ تەرخانکراو بۆ هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان کەمترە لە(١٢ ملیار دینار) لە کۆی‌ نزیکەی‌ (٩٠٠ ملیار دینار)ی‌ تەرخانکراو بۆ سەرجەم مووچەی‌ مووچەخۆران.
 
2. کێشەی‌ هاوکاری‌ و مافی‌ ئەو هاووڵاتیانەی‌ تا ئێستا تۆمار نەکراون:
لە ساڵی‌ (٢٠١٢)ەوە بە پاساوی‌ جیاجیا، هەر هاووڵاتیەکی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت بە ڕووداو یان زگماک کەمئەندام بووبێت، لەلایەن وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی و وەزارەتی‌ داراییەوە تۆمار نەکراوە، بەمجۆرە بێبەش بووە لەسەرجەم ئەو مافانەی‌ هەر هاووڵاتیەکی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت هەیەتی‌ بە پێی‌ یاسای‌ ژمارە (٢٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١١)، و نەبووەتە خاوەنی‌ ناسنامەی‌ تایبەت بە خاوەن پێداویستی‌ تایبەت و سود لە هیچ خزمەتگوزارییەک وەک پێویست وەرناگرێت، هەربۆیە چارەسەرییەکان بەم چوار پێشنیارەی‌ خوارەوە دەخەینەڕوو:
 
‌أ. سەرجەم منداڵان و هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت لەلایەن فەرمانگەکانی‌ وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتیەوە تۆمار بکرێن و ناسنامەیان بۆ دروست بکرێت، بۆ ئەوەی‌ خێزانەکانیان بەو ناسنامەو تۆمارکردنە بە ئاسانی‌ سود لە خزمەتگوزارییەکان وەرگرن.
 
‌ب.  سەرجەم ئەو هاووڵاتیانە کە مەزەندە دەکرێن بە (٢٠,٠٠٠ – بیست هەزار) هاووڵاتی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت هاوکاری‌ کۆمەڵایەتیان لەلایەن (وەزارەتی‌ دارایی‌ و ئابوریی)ەوە بە پێی‌ یاساو رێنماییەکان بۆ تەرخان بکرێت، کە کۆی‌ تێچوووەکەی‌ کەمتر دەبێت لە (٢ ملیار دینار)، خۆ ئەگەر بە پاساوی‌ قەیرانی‌ دارایی‌ ئەم بڕە ناتوانرێت تەرخان بکرێت (کە بەپێی‌ یاسا مافی‌ خۆیانەو کەمترینی‌ داواکارییە)، ئەوە ئێمە پیشنیار دەکەین کە لەگەڵ سڕینەوەی‌ هەر هاووڵاتیەکی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت بەهۆی‌ (مردن) یان (هەر هۆکارێکی‌ تر) ئەوە هاووڵاتیەکی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت بخرێتە شوێنەکەی‌ لە چوارچێوەی‌ تەرخانکراوی‌ ئێستەی‌ بودجەی‌ هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان تا ئەو کاتەی‌ وەزارەتی‌ دارایی‌ بە ئەرکی‌ دابینکردنی‌ ئەو مافە داراییە هەڵدەستێت، ئەوەش بە پێی‌ رێژەی‌ کەمئەندامی‌ یان جۆری‌ کەمئەندامی‌ یان بەرواری‌ دەستنیشانکردنی‌ کەمئەندامی‌ بە پێی‌ ڕاپۆرتی‌ پزیشکی‌.
 
‌ج. لە ساڵی‌ (٢٠١٣)ەوە کە کۆتا ساڵە هەرێمی‌ کوردستان یاسای‌ بودجەی‌ هەبووە، و سەرجەم ساڵەکانی‌ تر لەسەر ئەو بنەمایە رۆیشتووە، بە بەردەوامی‌ بەهۆی‌ مردن و چاکسازییەوە ژمارەی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت کەمی‌ کردووە، هەربۆیە ئەو بودجەی‌ تەرخانکراوە بۆ کەمئەندامان بەردەوام کەمتری‌ لێ ڕاکێشراوەو بەردەوام گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی‌ گشتی‌، بەو بڕە پارانە مووچەی‌ ئەو هاووڵاتیانە دابین بکرێت کە تا ئێستا تۆمار نین.
‌د. هاوکاریی دارایی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت، ناچێتە ڕیزی‌ مووچەو بەشێکە لە بەجێهێنانی‌ ئەرکی‌ دەوڵەتدارانەی‌ حکومەتی‌ هەرێم و حکومەتی‌ فیدراڵ، بە زووترین کات لیستی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت بخرێتە سەر حکومەتی‌ فیدراڵ تا وەک هەر هاووڵاتیەک سود لە داهاتە فیدراڵییەکان وەربگرن.
 
3. کێشەی‌ کۆکردنەوەی‌ هاوکاری‌ و پێشوازی‌ لە پشتیوانی‌ خێرخوازان:
 
لە ئێستەدا هیچ دامەزراوەو ناوەندێکی‌ فەرمی‌ نییە کار بکات بۆ کۆکردنەوەو پێشوازی‌ لەو دەستپیشخەریی‌ و هاوکارییانەی‌ لەلایەن خێرخوازانەوە دەخرێنە ڕوو بکات، هەربۆیە پیشنیار دەکەین:
 
وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌ پەیڕەوێک دەربکات بۆ کاراکردنی‌ بڕگەی‌ (سێیەم) لە ماددەی‌ (چوارەم)ی‌ یاسای‌ ماف و ئیمتیازی‌ کەمئەندام و خاوەن پێداویستی‌ تایبەت، ژمارە(٢٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١١)، کە بەهۆیەوە وەزارەتی‌  کاروکاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌ پابەند دەبێت بە دامەزراندنی‌ صندوقێک بۆ چاودێری‌ و شیاندنی‌ کەمئەندامان، دەتوانرێت لە رێگەی‌ سەرمایەداران و چاکەخوازانەوە ئەم صندوقە پارەدار بکرێت و هاوکاری‌ کەمئەندامانی‌ پێبکرێت، بەمەش ئەرکی‌ داواکردنی‌ هاوکاری‌ لەسەر شانی‌ کەس و رێکخراوی‌ تر لەم بوارەدا نامێنێت. 
 
دوو/ کێشەی‌ جیاوازی‌ نێوان ڕێژەی‌ کەمئەندامی‌:
 
بە پێی‌ رێنماییەکی‌ خۆیان، وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌، کە لە ساڵی‌ (٢٠١٦)دەریکردووە، ڕێژەی‌ جیاوازی‌ بۆ کەمئەندام بوون داناوە، بەجۆرێک بۆ ئەو هاووڵاتیانەی‌ کەمئەندامن و هیچ مووچەیەکیان نییە ڕێژەکەی‌ (٥٥% - لە سەدا پەنجاو پێج)ەو بۆ ئەو هاووڵاتیانەی‌ کە کارمەندن ڕێژەکەیان بەرزکردووەتەوە بۆ (٧٠% - لە سەدا حەفتا)، ئەمە لە کاتێکدا یاسای‌ ماف و ئیمتیازی‌ کەمئەندامان هیچ جیاوازییەکی‌ نەکردووە، بۆیە پیشنیار دەکەین:
وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌ رێنمایی‌ ژمارە (٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٦) هەڵوەشێنێتەوەو سەر لەنوێ ڕێنماییەکی‌ نوێ دەربکات بەجۆرێک کەمئەندامانی‌ ڕاستەقینە بێبەش نەکات لە مافی‌ کەمئەندامی‌.
 
سێ/ کێشەی‌ چارەسەری‌ تەندروستی‌:
 
ژمارەیەکی‌ زۆر لە منداڵان و هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت، پێویستیان بە چارەسەری‌ پزیشکی‌ هەیە، بە پێی‌ حوکمەکانی‌ ماددەی‌ (دوانزەیەم)ی‌ یاسای‌ ماف و ئیمتیازی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت، ژمارە(٢٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١١)، پێویستە حکومەت لە تێچووی‌ چارەسەرییەکان بیان بەخشێت، بەڵام ئەم بەخشینە وەک پێویست نییە و هێندێک بوارو کاتی‌ نەگرتووتەوە، هەروەها ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت پێویستیان بە کورسی‌ جوڵاوو پەلی‌ دەستکردو هێندێک ئامێری‌ تری‌ یارمەتیدەر هەیە، بۆیە پیشنیار دەکەین:
 
1. وەزارەتی‌ تەندروستی‌ هاووڵاتیانی‌ کەمئەندام لە تێچووی‌ چارەسەری‌ لە نەخۆشخانەکانی‌ کەرتی‌ گشتی‌ بەیانیان یان ڕاوێژکاری‌ ئێواران ببەخشێت، هەروەها نەخۆشخانەکانی‌ کەرتی‌ تایبەت پابەند بکرێن بە ڕێژەیەکی‌ گونجاوی‌ داشکاندن، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە وەزارەتی‌ تەندروستی‌ ڕێنماییەکی‌ تایبەت دەربکات.
 
2. بودجەی‌ تەرخانکراو بۆ دابینکردن و کڕینی‌ پێداویستی‌ یارمەتیدەر(وەک کورسی‌ جوڵاوو دارشەق و ....) وەک پێویست بۆ وەزارەتی‌ تەندروستی‌ تەرخان بکرێت یان وەزارەتی‌ تەندروستی‌ کار بۆ دابینکردنیان لە ڕێگەی‌ ڕێکخراوە خێرخوازییە جیهانییەکانەوە بکات.
 
چوار/ کێشەی‌ ڕاهێنانی‌ چارەسەری‌ ڕاهێنانکاری‌:
 
ژمارەیەک لە منداڵانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت، وەک منداڵانی‌ (ئۆتیزم) و (شەلەل دەماخ)، پێویستیان بە ڕاهێنانە وەک بەشێک لە چارەسەر، لە ئێستەدا نە ژمارەی‌ ستاف و نەتوانای‌ دارایی‌ سەنتەرەکانی‌ ڕاهێنان وەک پێویست نییە، بۆیە پێشنیار دەکەین:
 
1. پشتیوانی‌ سەنتەرەکانی‌ تایبەت بە ڕاهێنانی‌ منداڵانی‌ ئۆتیزم بکرێت کە لەلایەن وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتیەوە بەڕێوە دەبرێن، بە تەرخانکردنی‌ بودجەو ستافی‌ پێویست.
2. پشتیوانی‌ سەنتەرەکانی‌ تایبەت بە ڕاهێنانی‌ منداڵانی‌ شەلەل دەماخ بکرێت کە لەلایەن وەزارەتی‌ تەندروستیەوە بەرێوە دەبرێن، بە تەرخانکردنی‌ بودجەو ستافی‌ پێویست.
3. سەنتەرەکانی‌ ڕاهێنانی‌ منداڵانی‌ ئۆتیزم و شەلەل دەماخ، بێجگە لە شارە گەورەکانی‌ هەولێرو سلێمانی‌ و دهۆک، لە قەزا گەورەکانیش بکرێتەوە، وەک هەوڵێکی‌ فریاکەوتنی‌ خێرای منداڵانی‌ ئۆتیزم، تا باشبوونی‌ دۆخی‌ دارایی‌ و کردنەوەی‌ ئەو سەنتەرانە لەهەموو شارێکی‌ کوردستان.
4. بە بڕیارێکی‌ وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌ کرێی‌ ڕاهێنانی‌ منداڵانی‌ ئۆتیزم لە سەنتەرە ناحکومییەکانی‌ ئۆتیزم سنوردار بکرێت و بۆ ئاستک داببەزێنرێت کە گونجاو بێت لەگەڵ دۆخی‌ دارایی‌ هاووڵاتیان، کە لە ئێستەدا بۆ هەر منداڵێک لە نێوان (٢٠٠ بۆ ٦٠٠ هەزار دینار) وەردەگیرێت، ئەوەش تێچوویەکی‌ زۆر زۆرە لەسەر دایک و باوکی‌ منداڵی‌ ئۆتیزم.
 
پێنج/ کێشەی‌ پەیوەندیدار بە پەروەردەو فێرکردن:
 
بە پێی‌ حوکمەکانی‌ ماددەی‌ (نۆیەم) لە یاسای‌ ژمارە (٢٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١١)، پێویستە وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی‌ پەروەردەو خوێندنی‌ باڵا، کار بکەن بۆ ڕەخساندنی‌ هەلی‌ چونیەکی‌ پەروەردەو فێرکردن و خوێندن باڵا بۆ منداڵانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت لە هەموو ڕوویەکەوە بەبێ جیاوازی‌، بەڵام وەزارەتەکانی‌ پەروەردەو خوێندنی‌ باڵا وەک پێویست بەم ئەرکە هەڵنەستاون و دامەزراوەکان بە (زانین یان نەزانین) کەمتەرخەمی‌ دەکەن لە جێبەجێکردنی‌ ئەرکەکانیاندا، هەربۆیە پێشنیار دەکەین:
 
1. وەزارەت پەروەردە بە پێی‌ ئەرکەکانی‌ لە بواری‌ ڕەخساندنی‌ هەلی‌ چونیەک بۆ پەروەردەو فێرکردنی‌ منداڵانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت، ڕێنماییەکی‌ تایبەت دەربکات و تیایدا لە ژێر سایەی‌ حوکمەکانی‌ ماددەی‌ (نۆیەم)ی‌ یاسای‌ ماف و ئیمتیازی‌ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە ڕوونی‌ ئەرکی‌ دامەزراوە پەروەردەییەکان و پابەندییان بە ڕەخساندنی‌ هەلی‌ پەروەردەو فێرکردن و دۆخی‌ پەروەردەیی‌ گونجاو دەستنیشان بکات، لەگەڵ دەستنیشانکردنی‌ پێویستییەکان و سزای‌ هەر دامەزراوەو بەرپرسێک کە کەمتەرخەم بێت لە جێبەجێکردنی‌ ئەرکەکانیداو منداڵانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت لە پەروەردەو فێرکردن بێبەش بکات.
 
2. وەزارەتی‌ پەروەردە بە (بەیانێک) دامەزراوە پەروەردەییەکانی‌ پابەند بکات بە وەرگرتنی‌ منداڵانی‌ (نابیست) لە دامەزراوە پەروەردەییەکان لە سەرو قۆناغی‌ نۆی‌ بنەڕەتییەوە (کە تا قۆناغی‌ نۆی‌ بنەڕەتی‌ ئەرکی‌ وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتیە) بە پێی‌ توانای‌ خۆیان و هاوتای‌ بڕگەو ماددەکانی‌ یاسای‌ ماف و ئیمتیازی‌ خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی‌ لە جیهاندا بۆ مافی‌ منداڵان و هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت هاتووەتە پێش.
 
3. هەر بە پێی‌ حوکمەکانی‌ ماددەی‌ (نۆیەم)ی‌ یاسای‌ ئاماژە بۆ کراو، وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا ڕێنماییەکی‌ تایبەت دەربکات بە ماف و تایبەتمەندی‌ خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان کاتێک بە توانای‌ خۆیان لە بەش و کۆلێجە جیاجیاکانی‌ زانکۆ وەردەگیرێن، و فەرامۆش نەکردنی‌ تایبەتمەندییان بەپێی‌ بوارەکانی‌ کەمئەندامی‌ و خاوەن پێداویستی‌ تایبەتبوون، لە ڕێنماییەکەدا سەرجەم وردەکاری‌ ڕەخساندنی‌ دەرفەتی‌ خوێندن و ئاسانکاری‌ ڕوونبکرێتەوە، تا زانکۆ حکومی‌ و ناحکومییەکان ئەرکی‌ خۆیان باشتر بزانن بەرانبەر فێرخوازانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت.
 
4. بە بڕیارێک لە سەرۆکایەتی‌ ئەنجومی‌ وەزیران یان وەزارەتی‌ خوێندنی‌ باڵا، سەرجەم زانکۆ ناحکومییەکان، هەروەها سیستمی‌ پارالێڵ لە زانکۆ حکومییەکان، پابەند بکرێن بە بەخشینی‌ خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان لە کرێی‌ خوێندن بە پێی‌ تواناو مەرج و تایبەتمەندی‌ و نمرەی‌ کۆلێجەکان، کە ساڵانە ژمارەیەکی‌ زۆر کەم لە گەنجان ئەو دەرفەتەیان بۆ دەڕەخسێت و دەتوانن بگەنە قۆناغی‌ زانکۆ، ئەوەش لە پێناو هاندانی‌ گەنجانی‌ کەمئەندام بۆ پشت بەخۆ بەستن و هێنانەدی‌ هیواو ئاواتەکانیان لە بەش و پسپۆڕییە جیاوازەکان و بوونە خاوەنی‌ شارەزایی‌ و بڕوانامەی‌ پێویست تا لە دروستکردنی‌ ئایندەیەکی‌ باش بۆخۆیان پشت بە خۆیان ببەستن و چاویان لەکەس نەبێت و بەشداربن لە پرۆسەی‌ بەرهەمهێنان لە وڵاتدا، ئەگەر نەتوانرا بە تواوەتی‌ ببەخشرێن، ئەوە بڕێکی‌ تایبەت داشکاندنیان بۆ بکرێت بەجۆرێک هەست بە هاوکاری‌ و پاڵپشتی‌ بکەن لە حکومەت و کۆمەڵگەوە بۆیان.
 
 
شەش/ کێشەی‌ مۆڵەتی‌ بەخێوکار:
 
لە ئێستەداو بەردەوام حکومەت مۆڵەتی‌ بەخێوکار دەبەخشێتە ئەندامێکی‌ خێزان بۆ چاودێری‌ منداڵە کەمئەندامەکەیان بە پێی‌ مەرج وتایبەتمەند  دیاریکراو بە پێی‌ ڕێنماییەک کە لە وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتیەوە دەرچووە، ئەوەش بە پێی‌ بڕگەی‌ (یەکەم) لە ماددەی‌ (هەشتەم)ی‌ یاسای‌ ماف و ئیمتیازی‌ کەمئەندامان، بەڵام ئەو منداڵانەی‌ یەکێک لە دایک یان باوک کارمەندی‌ حکومەت نین بێبەش بوون لەم مۆڵەت و چاودێرییە تایبەتە، بۆیە پیشنیار دەکەین کە:
 
ئەم مۆڵەتەش لەم قۆناغەدا بدرێتە هەر دایکێک کە خۆی‌ تەرخان دەکات بۆ چاودێری‌ منداڵەکەی‌ کە کارمەندی‌ حکومەت نییە، بە پێی‌ بڕگەی‌(دووەم) لە ماددەی‌(هەشتەم)ی‌ یاسای‌ ماف و ئیمتیازی‌ کەمئەندامان، کە بڕی‌ ئەو پارەیەی‌ دەیاندرێتێ بە پێی‌ ئەو یاسایە تەنها (١٢٧٠٠٠ – سەدو بیست و حەوت هەزار دینار)ە، کە وای‌ دەبینین سەرجەم ئەوانەی‌ مەرج و تایبەتمەندییەکانیان تێدابێت لە کوردستان نەگەنە (١٠٠٠)دایک، واتە سەرجەم تێچووی‌ جێبەجێکردنی‌ ئەم بڕگەو خزمەتگوزارییە گرنگە بە نزیکەیی‌ (١٢٧ ملیۆن دینار) دەبێت بۆ هەر مانگێک، کە بڕێکی‌ زۆر نییە بۆ ئەو خزمەتە گەورەیە کە هیچ جێگرەوەیەکی‌ نییەو فریادەڕەسە بۆ دایکانەی‌ بەم ئەرکە پێرۆزە هەڵدەستن و دەبنە چاودێری‌ کاری‌ منداڵێک کە رێژەی‌ کەمئەندامیەکەی‌ لە سەدا سەدە.
 
حەوت/کێشەی‌ شوێنی‌ نیشتەجێبون:
 
ژیان بۆ ئەو هاووڵاتیانەی‌ کە سەرۆک خێزان یان ئەندامێک لە خێزان خاوەن پێداویستی‌ تایبەتە، زۆر سەختە، بەتایبەت کاتێک هیچ شوێنێکی‌ بۆ نیشتەجێبوون نەبێت و کرێچی‌ بێت و دەرفەتی‌ چاودێری‌ تایبەتی‌ نەبێت بۆ چاوێری‌ دۆخ و ژیانی‌ کەمئەندامەکەی‌، چونکە هێندێک حاڵەتی‌ کەمئەندامی‌ پێویستی‌ بە قادرمەی‌ تایبەت، یان تەوالێت و ژووری‌ تایبەت هەیە، ئەمەش بۆ کەسێک شوێنی‌ نیشتەجێبوونی‌ نەبێت و کرێچی‌ بێت و شوێن گۆڕکێ بکات زۆر سەختە، بۆیە پێشنیار دەکەین:
 
‌أ. بەهۆی‌ دۆخی‌ تایبەتی‌ ژیانیان، و ئەو ئەرکانەی‌ دەکەوێتە سەرشانیان لە چاودێری‌ منداڵان و ئەندامانی‌ کەمئەندام لە خێزاندا، وەزارەتی‌ (ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن) بە بەیان یان بڕیارێکی‌ تایبەت مافی‌ لە پێشینە بدات بەو خێزانانەی‌ کە سەرۆکی‌ خێزان یان ئەندامێک لە خێزانەکە خاوەن پێداویستی‌ تایبەتە لە پێدانی‌ یەکەی‌ نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکاندا بەو خێزانانەی‌ کرێچین یان هیچ شوێنێکی‌ نیشتەجێبوونیان نییە لەو پڕۆژانەی‌ کە حکومەت بۆ هەژارەکانیان دروست دەکات.
 
‌ب. وەزارەتی‌ ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کۆمپانیاکانی‌ کەرتی‌ تایبەت لە بواری‌ نیشتەجێکردن پابەند بکات بە داشکاندنی‌ گونجاو بۆ ئەو خێزانانە بەمەرجێک هیچ موڵک و ماڵێکیان بە ناوەوە نەبێت.
‌ج. سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران، یان وەزارەتی‌ شارەوانی‌ و گەشت و گوزار بە بڕیارێک زەوییەک بدات بەو سەرۆک خێزان یان ئەو خێزانانەی‌ کە ئەندامێکیان خاوەن پێداویستی‌ تایبەتەو کرێچین و هیچ یەکەیەکی‌ نیشتەجێبوونیان نییە.
 
هەشت/ کێشەی‌ هەلی‌ کار:
 
بابەتی‌ کارو هەلی‌ کار بابەتێکی‌ زۆر گرنگ و هەستیارە بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت و بایەخی‌ تایبەتی‌ هەیەو خواستی‌ زۆرینەی‌ زۆری‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەتەکە کە حکومەت ئاسانکارییان بۆ بکات لە دۆزینەوەی‌ هەلی‌ کار، بۆ ئەوەی‌ ئەوان خۆیان پشت بەخۆیان ببەستن وبۆ ژیان و ئایندەیان و تاکێکی‌ بەرهەمهێن بن بە پێی‌ توانای‌ خۆیان، بۆ ئەو مەبەستە پێشنیار دەکەین:
 
1. لە ڕێگەی‌ دەرکردنی‌ (بەیان)ێکەوە، سەرۆکایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران، سەرجەم وەزارەت ولایەنەکانی‌ نەبەستراو بە وەزارەت پابەند بکات بە تەرخانکردنی‌ پلەی‌ وەزیفی‌ بە ڕێژەی‌ لە(٥% - سەدا پێج)ی‌ هەر دەرفەتێکی‌ دامەزراندن لە کەرتی‌ گشتی‌، وەک لە خاڵی‌ (سێیەم) لە ماددەی‌ (دەیەم)ی‌ یاسای‌ ئاماژەبۆکراوی‌ سەرەوەدا هاتووە.
 
2.  لە ڕێگەی‌ فەرمانگەکانی‌ کارەوە، وەزارەتی‌ کاروکاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌، هانی‌ کەرتی‌ تایبەت بدات بە دامەزراندنی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت لە رێگەی‌ بەرنامەی‌ جۆراو جۆرەوە.
 
3. وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌ لە کاتی‌ کردنەوەی‌ خول و ڕاهێنانی‌ تایبەت بە فێرکردنی‌ پیشە ڕەچاوی‌ هاندان و بانگهێشتی‌ گەنجانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت بکات تا بەبوون و شارەزایی‌ لە پیشەیەک لە بازاڕدا بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن. 
 
نۆ/ کێشەی‌ ڕۆشنبیری‌ و هوشیاری‌ گشتی‌ هاووڵاتیان:
 
بەشێک لە کێشەی‌ هاووڵاتیان و خێزانەکانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت بریتیە لە تێنەگەیشتنی‌ هاووڵاتیان و کۆمەڵگە لە مافەکان و تایبەتمەندی‌ منداڵ و گەنج و تاکی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت، بۆیە پێشنیار دەکەین:
 
1. وەزارەتی‌ ڕۆشنبیریی‌ و لاوان لەم بوارەدا ڕۆڵی‌ کارایانەی‌ خۆیان ببینێت و لە ڕێگەو شێوازی‌ جۆراو جۆرەوە بە هاوکاری‌ کەناڵەکانی‌ ڕاگەیاندن هەوڵبدات بۆ گۆڕینی‌ تێگەیشتنی‌ کۆمەڵگەی‌ بەرانبەر تاکی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت و مافەکانیان و ئەرکەکانیان بەرانبەری‌، بۆ هێنانەدی‌ هەمان ئامانجیش هانی‌ هونەرمەندان و کاری‌ هونەری‌ و فەرمانگەکانی‌ پەیوەندیدار بدات لەم بوارەدا ڕۆڵیان هەبێت.
 
2. وەرزشی‌ تایبەت بە خاوەن پێداویستی‌ تایبەت یەکێکیتر لە و بوارانەیە کە مافی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەتەو پێشنیار دەکەین وەزارەتی‌ ڕۆشنبیریی‌ و وەرزش و لاوان لە ڕێگەی‌ بەرنامەی‌ جۆراو جۆری‌ خۆی‌ یان هەموارکردنی‌ رێنماییەکانی‌، یانە وەرزشییەکان پابەند بکات بە کردنەوەی‌ بەشی‌ تایبەت بە وەرزشی‌ گەنجانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت بۆ ئەوەی‌ گەنجانی‌ شارو شارۆچکەکان بێبەش نەبن لەو مافە بە پێی‌ توانا جەستەیی‌ و ژیریی و دەرونییەکانیان. 
 
دە/ کێشەی‌ ژینگەی‌ شیاو:
 
وێڕای‌ دەرچوونی‌ یاسای‌ ماف و ئیمتیازی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت و بوونی‌ ماددەی‌ تایبەت بە ڕەخساندنی‌ ژینگەی‌ گونجاوو دەستنیشانکردنی‌ سزا بۆ هەر بڕۆژەیەک کە پابەندنی‌ تایبەتمەندی‌ و ستانداردی‌ تایبەتمەندییەکانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت نابێت، بەڵام تا ئێستاش پڕۆژەو شوێنە گشتییەکان و شەقام و شۆشتەو شوێنەکانی‌ پەڕینەوەو بیناو پارک و شوێنی‌ جۆرارو جۆری‌ گشتی‌ وەک ئەوەی‌ پێویستە بابەندی‌ تایبەتمەندییەکانی‌ کەمئەندامان نین و لەم ڕووەوە هەردوو کەرتی‌ گشتی‌ و کەرتی‌ تایبەت کەمتەرخەمن، هەربۆیە پێشنیار دەکەین:
 
لە ڕوانگەی‌ ئەرکەکانیان تایبەت بە هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت، پاڵپشت بە ماددەی‌ (دوانزەیەم) لە یاسای‌ ئاماژە بۆ کراوی‌ سەرەوە، هەردوو وەزارەتی‌ (شارەوانی‌ و گەشتو گوزار) و (ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن)ڕێنماییی‌ تایبەت بۆ چۆنیەتی‌ جێبەجێکردنی‌ بڕگەو ماددەی‌ تایبەت بە (مافی‌ شیاندن و ژینگەی‌ شیاو) دەربکەن و چیتر ڕێگە بەکەمتەرخەمی‌ هیچ پڕۆژەیەکی‌ کەرتی‌ گشتی‌ و کەرتی‌ تایبەت نەدەن لە بواری‌ تایبەتمەندی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت.
 
یانزە/ کێشەی‌ هەمواری‌ یاسا:
 
یاسای‌ ماف و ئیمتیازی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت، ژمارە (٢٢) کە لە ساڵی‌ (٢٠١١)دەرچووە، وێڕای‌ ئەوەی‌ بڕگەو ماددەی‌ باشی‌ تێدایە، بەڵام بەهۆی‌ ئەو پێشکەوتنەی‌ لە بواری‌ تێگەیشتن لە مافەکانی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت هاتووە پێش و ئەو گەشەسەندنە بەرچاوەی‌ لە مافەکان هاتووتە دی‌، پێویستی‌ بە هەموارکردنەوە هەیە، بۆیە پێشنیار دەکەین:
 
لیژنەی‌ (کاررو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌ و داکۆکی‌ لە مافی‌ مرۆڤ) لە پەرلەمانی‌ کوردستان ڕابسپێردرێت بە هاوکاری‌ وەزارەتی‌ کاروکاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌ و کەسانی‌ شارەزاو ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان، پڕۆژەی‌ پێشنیازێک ئامادە بکەن بۆ هەموارکردنی‌ یاسای‌ ژمارە (٢٢)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١١)ی‌ تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتی‌ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی‌ تایبەت.
ـ کۆتایی‌ ـ
 
 
عومەر گوڵپی‌
ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان
٢٧ی‌ ٤ی‌ ٢٠٢١
 
تێبینى:
بۆ گفتوگۆى هەموو کێشە و گرفتەکانى منداڵان و هاووڵاتیانى خاوەن پێداویستیى تایبەت، لە بەروارى (18-11-2020)، بە واژۆى (34) ئەندام پەرلەمان، داوامان کردبوو پەرلەمان بە ئامادەبوونى وەزیرانى (دارایى، تەندروستى، کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى) دانیشتنێکى تایبەت رێکبخات، لە بەروارى (25-11-2020) سەرۆکایەتى پەرلەمان داواى لێکردین راپۆرتێک بۆ گفتوگۆى ئەو دانیشتنە تایبەتە ئامادە بکەین، لە بەروارى (30-11-2020) لە دووتوێى (10 لاپەڕە)و بە (یانزە خاڵ) راپۆرتەکەمان ئاراستەى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان کردەوە، لە کۆبوونەوەى ژمارە (٦)ى ڕۆژى ٧ى ٤ى ٢٠٢١ى پەرلەمان ئەم داوایەمان بە بیر دەستەى سەرۆکایەتى هێنایەوە، بە خۆشحاڵیەوە بەرنامەى کۆبوونەوەى ژمارە (١٠)ى رۆژى ٢٧ى ٤ى ٢٠٢١ تەرخانکرا بۆ ئەم ڕاپۆرتەو گفتوگۆى کێشەکانى هاووڵاتیانى خاوەن پێداویستى تایبەت، پاش چوار سەعات لە گفتوگۆ، لە ئەنجامدا لیژنەى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى ڕاسپێردرا بۆ کارکردن لەگەڵ حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ جێ بەجێکردنى ئەنجامەکانى کۆبوونەوەکە و بەدواداچوونى پێویست. 
 
بۆ بینینى ئەم ڕاپۆرتە بە ڤیدیۆ (لێرە) کلیک بکە.
 

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 285,149     ژمارەی میوان 38