نەبوونى یاساى بودجەو کاریگەریى لەسەر دۆخى دارایى و ئابورى هەرێم ... پەیام TV
2021-03-20
55 جار خوێندراوەتەوە

لە (په‌یام) وەرگیراوە:

لە میانەی‌ بەشداریکردنی‌ لە بەرنامەی‌ ژێرخان ـی کەناڵی‌ پەیام، عومەر گوڵپی‌، ئەندامی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان ڕایگەیاند، "بەهۆی‌ زیادبوونی‌ داهات لە نەوت‌ و باج ‌و گومرگەوە، داهاتی‌ کوردستان بە ڕێژەیەک زیادبووە کە دەبوو حکومەت مووچە بەبێ لێبڕین دابەش بکات".

لەبارەی‌ داهات‌و خەرجییەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستانەوە، ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردەوە کە: "بۆ مووچە و خەرجی ‌‌و خزمەتگوزاری‌، هەرێمی‌ کوردستان پێویستی‌ بە نزیکەی یەک ترلیۆن دینارە بۆ مانگێک کە بۆ ساڵەکە دەکاتە دوانزە ترلیۆن دینار، بەهۆی‌ بەرزبوونەوەی‌ نرخی‌ نەوت‌ و زیادبوونی‌ داهات لە باج ‌و ڕسوماتیشەوە لە سێ مانگی‌ سەرەتای‌ ئەمساڵەوە، داهاتی‌ کوردستان ئەو بڕەیەی‌ تێپەڕاندووە، بەم پێیە دەبوو حکومەت مووچەی‌ بەبێ لێبڕین دابەش بکردایە".

سەبارەت بە هەدەردانیش وتی‌:" هەرێمی‌ کوردستان هەرێمێکی‌ دەوڵەمەندە، بەڵام کێشەی‌ کوردستان ئەوەیە کە سیاسیە دەسەڵاتدارەکان لە هەمان کاتدا بازرگانن یان شەریکی‌ بازرگانەکانن، ئەمەش بووەتە هۆی‌ ئەوەی‌ هەردوو هێزی‌ دەسەڵات بەردەوام دەستیان لە داهاتی‌ کوردستاندا بێت ‌و هەمووی‌ نەگەڕێتەوە خەزێنەی‌ گشتی‌، دواجار هاووڵاتی‌ باجی‌ ئەم قاچاخچێتی ‌‌و کۆمپانیاکاری ‌‌و بازرگانییەی‌ سیاسیەکان دەدات".

لەبارەی‌ نەبوونی‌ یاسای‌ بودجەوە، عومەر گوڵپی‌ وتی‌: "نەناردنی‌ یاسای‌ بودجە و نەبوونی‌ یاسای‌ بودجە لەماوەی‌ حەوت ساڵی‌ ڕابردوودا بۆ شاردنەوەی‌ داهاتی‌ ڕاستەقینەی‌ کوردستان ‌و بەردەوامیدان بووە بەو ناشەفافییەتەی‌ کە بووەتە هۆی‌ بڕینی‌ مووچەی‌ مووچەخۆران ‌و خراپکردنی‌ دۆخی‌ ئابوری ‌‌و وەستانی‌ پڕۆژەکان".

سەبارەت بە فشارو ڕۆڵی‌ پەرلەمانتارانیش وتی‌: "ئێمەی‌ پەرلەمانتارانی‌ ئۆپۆزسیۆن‌ و ناڕازی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان هەموو هەوڵێکی‌ خۆمان دەدەین بۆ فشارکردن لە حکومەت‌ و ناچارکردنی‌ بە پابەندی‌ یاسا و ئاشکراکردنی‌ داهاتی‌ ڕاستەقینەی‌ وڵات، بەڵام فشارەکانمان تا ئێستا نەیانتوانیوە حکومەت ڕاگرێت لە بەردەوانی‌ ئەم دۆخە، چونکە زۆرینەی‌ پەرلەمانی‌ بووەتە بەرگریکار لەم کابینەیە".

 


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار
    میوان 9
دروستکراوە لەلایەن KodTech.Net