گفتوگۆیەکی‌ کۆن، بە هۆکارێکی‌ نوێ‌و لەسەر دەمێکی‌ نوێدا!
2020-08-15
525 جار خوێندراوەتەوە
بەهۆی‌ نزیکبوونەوەمان لە یەک‌و بەردەستبوونی‌ سۆشیەڵ میدیا بە ئاسانی‌ و نەمانی‌ هیچ فلتەرو بێژنگێک لە پەخش‌و نووسین‌و بڵاوکردنەوەى بۆچوونەکانمان، دۆخێکی‌ تایبەتى وا دروستبووە کە مامەڵەکردن لەگەڵیدا شتێکی‌ ئاسان نەبێت، لەلایەک دەریایەک لە ئازادی‌‌و دەرفەتی‌ چونیەک بۆ هەر تاکێک دەڕەخسێنێت بەبێ جیاوازی‌، کە بەهایەکى جێگە سەرنجە، لەلایەکی‌ ترەوە دەبێتە هۆی‌ ئەوەی‌ هەموو کەسێک بۆچوونء بیرو ئایدۆلۆجیای‌ هەرچی‌ بێت، کاریگەرییە خراپەکەی‌ هەرچی‌ بێ لەسەر خوێنەرو بینەر، بە ئاسانی‌ پەخش بکاتء بڵاو ببیێتەوە، بە ئاستێک هێندێکجار شتانێکی‌ زۆر لاوەکی‌‌و بێ ماناو بێ سود ئەچنە لوتکەی‌ پڕ خوینەرترین‌و زۆرترین بینراوی‌ هەفتەو مانگ‌و ساڵ، دەیان نووسەری‌ زۆر باش‌و بە تواناش، خاوەن فیکری‌ قوڵ‌و بیرکردنەوەی‌ دروست، لە نێو دەریای‌ میدیای‌ ئەلیکترۆنیدا ون ببن، ئەوە دونیا نوێیەکە، دونیای‌ مرۆڤی ژمارەیی‌.
 
دڕێژەی‌ نادەمێ، ئەمەوێت بڵێم لەم دونیا ژمارەییەدا(ئەلیکترۆنیەدا)، لە خوارەوە پوختەی‌ گفتوگۆیەکی‌ بەندە لەگەڵ گەنجێکی‌ خۆشەویست، کە پابەندی‌ خۆی‌ بە ئیسلامەوە پیشان دەدات دەخەمە ڕوو، کە دەقی‌ تێبینی‌ (کۆمێنت)ی‌ ئەوو تێبینی‌ منە لەسەر پۆستێک، زۆر سوپاس بۆ خویندنەوەو تێبینیتان.
 
تێبینى: نیشانەکانی‌ (+) بۆچوونی‌ ئەون‌و نیشانەکانی‌ (ـ) وەڵام‌و بۆچوونی‌ بەندەن.
 
+ مامۆستا تا من زۆر پێم خۆشە ئەم ڤایرۆسی کۆڕۆنایە کافرودوژمنانی ئیسلام لەناوبەرێ، ئەوانەی کە خوای گەورە الحکیم بڕیاری داوە بەکافری بمرن بەهۆی خراپەی خۆیانەوە، تۆ بۆچی پێت ناخۆشە، موڵکی خۆیەتی، بۆخۆت هەر بنووسە.
 
ـ .... گیان ئێمە نابێت ڕقمان لە کافران بێت بەهۆی‌ کوفرەکەیانەوە، بەڵکو مسوڵمان تەنها پێویستە ڕقی‌ لە زاڵم و ستەمکاران و شەڕخوازان بێت هەر کەس هەبن و بیرو باوەڕەیان هەرچی‌ بێت، چونکە کوفرو ئیمان پاداشتەکەیان لە قیامەتەو خوای‌ گەورە خۆی‌ ئیختیاری‌ بە مرۆڤ داوە باوەڕ بهێنێت یان نا و حساب و کیتابی‌ کوفرو باوەر لە قیامەت ئەکات، بەڵام زاڵمان زەرەرو زیانیان بۆ دونیامان هەیەو پێویستە دژیان بین، چونکە دونیای‌ خەڵکیان خراپ کردووە... ئەم بابەتانە وردبوونەوەو تێگەیشتنی‌ زۆریان دەوێت، ڕێزم هەیە.
 
+ ئەو تێگەیشتنەی تۆ ڕاست نیە، بەڵکو مسوڵمان ئەبێ ڕقی لەکوفربێ، چونکە گەورەترین زوڵمە، ان الشرك لظلم عظيم، ئەوە گەورەترین زوڵمە، پێویستە مسوڵمان ڕقی لەئەهلی کوفربێ، لەبەر کوفرەکەیان، ڕاستە مرۆڤ ئازادی خۆی تیایە هەڵی ئەبژێرێ، کوفر یان ئیمان، بەڵام بۆ ئێمەی مسوڵمان نیە کوفرو ئەهلی کوفرمان خۆش بوێ بەو بیانوەى ئەوە قەدەرێکی کەونیە، خوای گەورە خۆی کوفرو ئیمانی دروست کردووە، بەڵام ڕقی لەکوفرە و ئیمانی خۆشەوێ، ئەمە قدری شرعیە ئمەی مسوڵمان پێوەی پابەندین.
 
ـ ئەسمائی کچی ئیمامی ئەبوبەکری سدیق، خوا لێیان ڕازی بێت، دەڵێ: دایکم کە تا ئەو کاتە هاوبەش دانەربوو (مشرک بوو)، هات بۆ لام، (واتە دایکی ئەسما لە مەککەوە چووە بۆ مەدینە بۆ لای کچەکەی)، منیش پرسیارم لە پێغەمبەری خواکرد، درودی خوای لەسەر، گوتم: دایکم هاتووە بۆ لام و پێی خۆشە لێم نزیکبێتەوە، ئایا منیش پەیوەندی لەگەڵ دایکم بەردەوام بکەم؟ (واتە: ئەگەر ئەو دیاری بۆ هێنام منیش دیاری بدەمێ، ئەگەر هات بۆ لام ڕێزی بگرم)، پێغەمبەر فەرمووی: بەڵێ پەیوەندی کچ و دایکایەتی لەگەڵ دایکت بەجێبێنە،( با کافریش بێت).
 
+ منیش هیچ کێشەم نیە، ئەو فەرموودەیە ڕاستە، بەڵام ئەوە بەڵگە نیە لەسەر ئەوەی ئێمە ڕقمان لەکافران نەبێ، ئەوە خۆشەویستی خزمایەتیە، نەک خۆشەویستی لەبەر دین، من حەزەکەم هەموو خەڵکی باوەڕبێنن ببن بەسوڵمان، بەڵام کەنابن بەمسوڵمان و خراپە بڵاو ئەکەنەوە لەسەر زەوی حەزەکەم خوا لەناویان بەرێ شەڕیان لەسەر مسوڵمانان نەهێڵێت.
 
ـ زۆرێک لە مسوڵمانانی کۆچەری لەگەڵ کافرانی قوڕەیش خزمایەتی نزیکیان هەبوو، هەرکەسێک لەگەڵ خزمی خۆی، باوکی، دایکی، برای، خوشکی، مامی، ئامۆزاو خاڵۆزا، کەواتە مسوڵمانانێکی زۆر ڕقیان لە کافرانێکی زۆری قوڕەیشی نەبوو، تەنها ئەوانەیان نەبێت کە شەڕیان لەگەڵ مسوڵمانان دەکرد، ناکرێت چاوەکەم تۆ لەگەڵ کافری خزمی خۆت باش بیت و لەگەڵ بێگانە خراپ، کەواتە دەگەڕێینەوە سەرەتا، هەموو دەقە شەرعییەکان جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە مسوڵمان تەنها لەگەڵ ستەمکارو زاڵم و خراپەکاردا دژایەتی و حەز بە شکستی دەکات، لەگەڵ خەڵکی تردا (ادعوا الی سبیل ربک بالحکمة)ی هەیە، حیکمەش شەڕو شۆڕو ڕق و کینەی تیا نیە، چونکە ئەگەر کەسێک کەسێکی خۆش نەوێت نایەوێت و ناتوانێت دەستی بگرێت بۆ ئەوەی بەرەو ئاگری دۆزەخ نەڕوات، مسوڵمان هەموو مرۆڤێکی خۆش دەوێت، بۆیە بانگیان دەکات بۆ ڕێگەی هیدایەت و سەرفرازی...
 
+ مسوڵمان ئەبێ ڕقی لەکوفری کافربێ، ئەوە شتێ نیە ئاشکرانەبێ، ئەوە نیوەی (لا الە الا الله)یە مسوڵمان ئەبێ بە ڕەحم و میهرەبانبێ بەرامبەر خەڵکی لەدەعوەدا، بەڵام ئەبێ زۆر رڕقی لەکوفرو شیرک و بێ باوەڕی بێ، م نازانم تۆ چۆن لە دۆستایەتی و دوژمنایەتی تێگەیشتوی، ئەگەر ڕقت لە ئەی شیرک گەورەترین زوڵم نیە نابێ ڕقت لێبێ؟
 
ـ مسوڵمان پێویستە بە شوێن پێغەمبەردا هەنگاو هەڵگرێ( درودی خوای لەسەر)، ئەو پێغەمبەرەی خوا(سبحانە وتعالی) لەبارەیەوە دەفەرموێت: (وما ارسلنك الا رحمة للعالمین)، ئەی کەوابوو ئەو ڕەحمەتە چۆن بۆ هەموو جیهانیانە؟
 
+ هەر هاتنەکەی پێغەمەر (صلی‌ الله علیه وسلم )كە بۆ هەموو جیهانە بەبێ جیاوازی ڕەنگ، زمان، ڕەگەز، وڵات، گەورەترین ڕەحمەتە بۆ مرۆڤایەتی بەو شێوەیەیە، من بە شوێن پێغەمبەردا ئەڕۆم، هیچ کاتێ نەبووە پێغەمبەر کفری خۆشویستبێ، بەڵکو خوای گەورە ناردی کفری پێ لەناو بەرێ، چەندینجار هەبووە پێغەمبەر دوعای لە کافرو دوژمنانی دین کردووە، منیش دووبارەى ئەکەمەوە، باجوان لەمن تێبگەی، من پێم خۆشە کافران و دوژمنانی دینی خوا لەناوچن، ئیتر بە نەخۆشی بێ یان بوومە لەرزەبێ، بەهەر شێوەیەک کەخوای گەورە پێی خۆشە، بۆئەوەی سەروەری بۆدینی خوابێ، بەڵام ئەمە وام لێناکات مامەڵەی جوان و چاکەیان لەگەڵ نەکەم ئیسلامیان بۆ ڕوون نەکەمەوە بەجوانی و حیکمەت یان زوڵمیان لێبکەم پەنا بەخوا، وەمن دڵنیاشم کفر هەتا کۆتای دونیا هەر ئەمێنێ ئەمە تاقی کردنەوەیە، مامۆستا بیرکردنەوە کەت هەڵەیە کە نوسیوتە نابێ ئێمە ڕقمان لەکوفربێ.
 
ـ براکەم کەمێک نزیک بوویتەوە لە مەبەستی من، ناتوانم لەوە زیاتر بەردەوام بم، بەڵام بە پوختى مەبەستى خۆم دەخەمەوەڕوو: ڕقبوون لە کوفرو بیرو ئایدۆلۆجیای شێواوو ڕقبوون لە کافران بەهۆی کوفریانەوە دوو شتی زۆر جیاوازن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

پەیوەندیدار

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 296,465     ژمارەی میوان 282